شەڕ و شووتی و شرۆڤە

- 30-08-2017 - 2182 جار خوێندراوەتەوە

زاگرۆس نانەكەلی
گەر چەند سەدەیەك پێش ئێستا بوونم لە ژیان هەبوایە،منیش قسەیەكی نەستەق و بە سوود و لەوانەیە راستیشم بۆ مێژو و ئێستای كوردستانم بنووسیبوایە ئەویش (یەكێك لە نیشانەكانی نزیك بوونەوەی رۆژی دوایی زۆربوونی شرۆڤەكاری وەرزشییە!).

شەڕ ناخۆش و ماڵ وێرانییە،شووتی بەو گەرمایە فێنك و شیرین و خۆشە، شڕۆڤەی وەرزشیش زانستێكی ئەكادیمی سەردەمیانەیە و زۆرانن ئەوانەی پەی بەو زانستە نابەن، چونكە هزر و لۆجیكە و شووتی خواردن نیە بە ئارەزووی خۆت بكەویە سەری و ئەمەی خواردت و دنكەكەش بەدەم بهاوێژی بۆ خۆشی!،شەڕیش لە فەلسەفەی وەرزش و میدیایی وەرزشی نییە.

من شەڕناكەم و شووتی خۆریش نیم ئەما شڕۆڤەكاریش نیم، فەقەت دەمەوێت دیاردەی زۆربوونی شڕۆڤەكارانی وەرزشی بخەمە روو،من زۆر دڵخۆشم ئێستا لەشكرێك میدیاكاری وەرزشیمان هەیە لە كوردستان،بەڵام دەبێت  حەز و زانست لێك جیابكەینەوە، بە نموونە من حەزم لە شڕۆڤەكاری وەرزشییە، بەڵام  وەكو زانست نایزانم، بۆیە میدیا بەگشتی بە تایبەتی میدیای وەرزشی بیندراو  بیستراو زۆر زوو دەچێتە نێو هەموو ماڵێك وشوێنێك، بۆیە دەبێت بزانین چۆن و مەبەست و سەرەتا و ئامانج و بنەما و مێژووی شڕۆڤەكاری وەرزشی بزانین و پاشان تایبەتمەندی لە وەرزشێك وەربگرین و ئینجا خزمەتی لە وەرزش و لە میدیای وەرزش زیاتربێت لە ( پانزەساڵ)  بێت و باكگراوندێك و شارەزاییەكی باشی لە وەرزشەكە و ئاخاوتن هەبێت، دەكرێت بڵێین دیدو بۆچوونمان بۆ ئەم یارییە دەكرێت قسەی لەسەر بكەین،پاشان بە خول و وۆرك شۆپ و بەردەوامی چەند ساڵێك دەبیت بە شڕۆڤەكاری وەرزشی.

بۆ نموونە...لە سوپەر كلاسیكۆ و لە یاریگای كامپ نو،پێش یارییەكە و دوای یاریەكەش شرۆڤەكارانی وەرزشی هەموو باس باسی رۆیشتنی نیمار بوو، كێ دەیباتەوە و چ یاریزانێك دێت و دەڕوات ئەمە رووداوی چاوەڕوان نەكراوە یان چاوەڕوان كراوە،بەڵام ئەوەی مەبەستم بوو لە سەرەتا تا ئێرە باسی بكەم ئەوە بوو، تاكە شرۆڤەكارێك باسی لەدەرەوەی یارییەكە نەكرد، باسی ئەو چەكانەی نەكرد پێش یارییەكە بەكارهاتبوو،باسی ئەوەیان نەكرد چەكی راگەیاندن قورسترین پلان بوو بەكارهات و پێش یارییەكە ئەنجامەكە خۆی دابوو بەدەستەوە، باسی لەو شەڕە راگەیاندنەی نەكرد وەكو  لەشكرێكی داگیركار لەرێگای میدیاكان ومیدیاكارانی وەرزشی تیپی میوان بۆ تیپی خانەخێ،بەر لەدەست پێكردنی یارییەكە لەرووی دەروونی وپاڵەپەستۆ تیپی خاوەن ماڵ یارییەكەی دۆڕاندبوو،بۆیە ئەم جۆرە شەڕانە گرنگە وشووتی خواردن نیە!،ئەمە شەڕی میدیای وەرزشییە كە بەداخەوە ئێمەی میدیاكارانی وەرزشی لە كوردستان تەنها یارییەكەمان خوێندەوە و  دركی پێ ناكەین ونایزانین!.چونكە باسمان كرد كە شڕۆڤە زانستێكی سەردەمە زۆرن ئەوانەی پەی پێ نابەن،دەكرا باس لە پێش یارییەكە و هۆكارەكانی بكرێت،كەچی تەنها  شرۆڤەیەكی زۆر كلاسیكانە (  ئەوە بەهێزە وئەم یاریزانە ڕۆی و ئەمە هات،لە خولەكی بیست وچوار لە عامودیاندا،بەرگری لاوازە و یارییەكەداخراوە و ....هتد)،ئەوەی باسم كرد شەڕ شەڕی دەزگاكانی میدیای وەرزشی جیهانی بوو،شڕۆڤەكارانیش ئەم شەڕەیان هەَڵگیرساند بۆ مەرامێك،شووتی خواردنیش بێ ئاگان لەم بارودۆخە، هۆكارەكەش ئێمە ئامێرەی یەك ژێ دەژەنین وەكو ڕەبابەی عارەبان.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە


Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP