ئەی سی میلان دەگەڕێتەوە بۆ بردنەوەی نازناوەكان

- 29-07-2017 - 2987 جار خوێندراوەتەوە

سەركار حاجی 


یانەی ئەی سی میلان مێژوویەكی پرشنگدار و پڕ دەستكەوتی هەیە و یەكێكە لەیانە گەورەو زلهێزەكانی ئیتاڵیا و ئەوروپاو تەنانەت جیهانیش، پێشبینیش دەكرێت چیرۆكی سڕبوونی ئەو یانەیە روو لەئاوا بوون بێت و، سەردەمێكی نوێ، بەڵام زێڕین لەرێگا بێت . 

ئاشكرایە لای هەموو وەرزش دۆستان و هەوادارانی تۆپی پێ كەوا یانە ئەی سی میلان یەكێكە لە یانە گەورەكانی ئەوروپا و خاوەنی هەوادارێكی زۆرە لە ئیتاڵیاو لە جیهاندا، ئەو یانەیەی بەردەوام هەموو یانە گەورەكانی ئەوروپا لە كاتی رووبەرووبوونەوەكان لەگەڵ ئەو یانەیە زۆر بە بەوریایی مامەڵەیان لەگەڵ ئەو یانەیەدا دەكرد.

 وەك دەزانین یانەی ئەی سی میلان لە هەموو بارودۆخێكدا لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا باشترین ئاستی پێشكەش كردوە، بەڵام بە داخەوە لە چەند ساڵی رابردوو بینیمان یانە گەورەكەی خولی سێریا ئەی ، یانەكەی گۆلێت و ڤان باستن و ماڵدینی و نێستاو كۆستاكۆرتا و كاكا و  چەندان ئەستێرەی گەورەی تۆپی پێ بە بارودۆخێكی ناخۆشدا گوزەری كرد .

سەرەڕای گۆرینی چەندین راهێنەر، بەڵام ئەنجامە خراپەكان لە خولی تۆپی پێی ئیتاڵیا بەردەوامی هەبوو، بەو هۆكارەش یانەكە لەچامپیۆنس لیگ دابڕاو ئەوەشبووە هۆی  بێبەش بوونی ئەو یانەیە لە بەهێزترین خول لەسەر ئاستی یانەكانی جیهان ، ئەوەش بە كارەسات بۆ یانەكە ئهەژمار دەكرێت.

بێبەش بوونی میلان لە چامپیۆنس لیگ هاوشێوەی بێبەش بوونی هەڵبژاردە گەورەكانی جیهانە لە مۆندیالدا،  بێگومان بەشداری نەكردنی ئەو زلهێزانەی تۆپی پێ-ش لەو پاڵەوانێتیانەدا واتای دروستبوونی كەلێنە لە تام و  چێژی راستە قینەی ئەو پاڵەوانێتییانەدا.

 پاش ئەوەی بەهۆی فشاری  هاندەرانی میلان سێلڤیۆ بێرلسكۆنی سەرۆكی رۆسۆنێری دەستبەرداری پۆستەكەی بوو ، خاوەندارە چینییەكان هاتنە پێشەوەو بۆ دەرباز كردنی ئەو یانەیە  لەو دۆخە نەخوازراوەدا ، بە تەواوی پشكەكانی یانەكەیان كڕی و هەیكەلی ئیداری یانەكەیان بە یەكجاری گۆڕی.

چینییەكان دەیان ملیۆن دۆلاریان بۆ یانەكە خەرجكردو ، لە ئێستادا یانەكە ژمارەی پێوانەیی شكاندووە لە كڕینی یاریزانان لەكاتی گواستنەوەی هاوینەدا ، بەڵام خواستی چینییەكان تا ئێستا بەدی نەهاتووەو ئەوان دەیانەوێت میلان بكەنەوە بەگەورە و سەرداری یانەكانی ئەوروپا ، هەربۆیە خاوەندارە چینییەكان رایانگەیاند پارەی زیاتریان هەیە بۆ ئەوەی لە گواستنەوەی هاوینەدا بۆند لەگەڵ یاریزانی تردا واژووبكەن.

 یانەكە تا ئێستا 11 یاریزانی پەلكێشی ریزەكانی كردووە گرنگترین بۆندیش گواستنەوەی بۆنۆچی، بەرگریكارە پۆلاینەكەی یانەی یۆفانتۆسی پاڵەوانی جام و خولی ئیتاڵیایە ، كە وەرزی رابردوو هۆكارێك بوو بۆ سەركەوتنی یانەكەی بۆ یاریی كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا.

 گواستنەوەی چەند یاریزانێكی نوێ بۆ یانەكە واتای بەبەردا كردنی خوێنی نوێیە بە پێكهاتەكەدا ، لەهەمان كاتدا ئیدارەی یانەكەش بەردەوام لەكارەكانیان و پێشبینیش دەكرێت گرێبەستی قورس و چاوەڕوان نەكراو پێش 31ی ئاب و داخستنی دەرگای هاوینەی گواستنەوەی یاریزانان واژوو بكرێت.

پێشبینی دەكرێت سەركەوتنەكەی میلان لەیاریی رۆشتنی پاڵاوتنی گەیشتن بەخولی ئەوروپی بەرامبەر یانەی یونیڤەرسیتاتیا کرایۆڤای رۆمانی ببێتە دەسپێكی مێژوویەكی نوێ و زێڕین بۆ رۆسۆنێری و گەڕانەوەی ئەو یانەیە بێت بۆ سەر سەكۆی وەرگرتنی نازناوەكان .

لەكۆتاییدا دەڵێین گەورەكان نەخۆش دەكەون، بەڵام نامرن، میلانیش چەند ساڵێك بەقەیراندا گوزەریكرد ، بەڵام ئێستا دەسپێكی هەنگاوە گەورەكەیە و بەدوور نازانرێت دوای تەنیا چەند وەرزێكی تر میلان ببێتەوە بەگەورەو سەردار وپادشای یانەكانی ئەوروپا.

 

 


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە


Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP