گرفته‌ هونه‌رییه‌کانی به‌رشه‌لۆنه‌ چین؟

- 27-07-2017 - 8253 جار خوێندراوەتەوە

هه‌وراز کاوه‌

ئێستا یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ زیاتر له‌ هه‌موو یانه‌ گه‌وره‌کانی ئه‌وروپا، له‌ڕووی پێکهاته‌ی بنه‌ڕه‌تییه‌وه‌ بارودۆخی خراپتره‌، چونکه‌ له‌ چه‌ندین شوێنی گرنگی یاریگادا که‌موکوڕی زۆری هه‌یه‌، هه‌روه‌ها به‌شی زۆری لاوازی وه‌رزی پێشووی یانه‌که‌ش، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و بنکه‌ سه‌ره‌کییانه‌، که‌ یاریزانی پێویست یاریی تێدا نه‌کرد، هه‌روه‌ها ئیداره‌ی یانه‌که‌ش هه‌ر یاریزانێکی سه‌ره‌کی فرۆشتووه‌، نه‌یتوانیوه‌ جێگره‌وه‌ی باشی بۆبێنیت. له‌ وه‌رزی ئه‌مساڵ دوای هاتنی ڤالڤێردی ڕاهێنه‌ر، جێگای دانی ئه‌لڤێسی به‌ڕازیلیان پڕکرده‌وه‌، که‌ پێشتر ئه‌و یاریزانه‌ هه‌م به‌رگریکار و دروستکاری گۆڵی یانه‌که‌بوو، که‌ به‌ درێژایی ماوه‌ی یاریکردنی له‌ تیپه‌که‌دا توانی به‌ ته‌نیا (41) گۆڵ بۆ میسی دروست بکات، به‌ڵام بۆ وه‌رزی ئه‌مساڵ ئیداره‌ی تیپه‌که‌ له‌به‌ر لاوازی سێرجۆ ڕۆبێرتۆ، یاریزانی یانه‌ی به‌نفیکا، نیڵسۆن سیمیدۆی گواسته‌وه‌، که‌ هێشتا زووه‌ قسه‌ له‌سه‌ر ئاستی ئه‌و یاریزانه‌ بکرێت.

ئێستا یانه‌ی بلوگرانه‌ زیاتر له‌ هه‌موو کات پێویستی به‌ چوار به‌رگریکاری سه‌ره‌کی هه‌یه‌، که‌ بۆ هه‌موو یارییه‌ گرنگه‌کان ئاماده‌بن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ڕۆیشتنی ماسیۆ و لاوازی ئه‌و یاریزانه‌ و هه‌ڵکشانی ته‌مه‌نی ماسکرانۆ، ئێستا که‌س نییه‌ بتوانێت به‌شێوه‌ی سه‌ره‌کی له‌ ته‌نیشت پیکی وه‌کو یاریزانی دووه‌می به‌رده‌می گۆڵپارێز بمێنێته‌وه‌، یاخود توانای هه‌بێت له‌ کاتێکدا به‌رگری و ڕوماڵی تۆپه‌کان بۆ پێشه‌وه‌ بکات، یاخود  توانا داربێت به‌وه‌ی چوارینه‌ی پشته‌وه‌ وه‌کو یه‌ک ده‌سته‌ جووڵه‌ پێ‌ بکات. دیاره‌ له‌کاتی نه‌بوونی ئه‌و جێگره‌وه‌یه‌دا، ڤالڤێردی ڕاهێنه‌ر ناچار ده‌بێت به‌ هه‌مان ده‌م و چاوه‌کانی وه‌رزی پێشوو یاریی بکات.

وه‌رزی پێشوو گرفته‌کانی یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ زۆربه‌یان له‌ ناوه‌ندی یاریگادابوو، به‌ تایبه‌تی هه‌ردوو یاریی پاریسان جێرمان و یۆڤانتۆسی ئیتاڵی، هه‌موو ده‌زانین ساڵانی پێشوو بردنه‌وه‌ی نازناوه‌کانی یانه‌ی ناوبراو، هه‌مووی هێزی ناوه‌ڕاستی مه‌دیدانی تیپه‌که‌بوو، بۆیه‌ گرنگه‌ یه‌کێک له‌ کاره‌کانی ڕاهێنه‌ری نوێ‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بێت بۆ به‌هێزکردنی ئه‌وێ‌، چونکه‌ له‌ ئێستادا هه‌ردوو یاریزان ئینێستا و سێرجۆ بۆسکێتس لاواز و نا په‌سه‌ندن، هه‌روه‌ها هه‌ردوو یاریزان گومێز و دینس سوارێزیش هیچ ڕووناکییه‌کی ئه‌تۆیان نییه‌ بۆ پڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆ شاییه‌. بۆیه‌ یانه‌ی بلوگرانه‌ له‌م کاته‌دا پێویستی به‌ چه‌ند یاریزانێکی دروستکاره‌، تا بتوانن جیاوازی له‌ یاریگادا دروست بکه‌ن، یاخود به‌دیهێنه‌ری هێرش و پاڵپشتی هێرشبه‌ران بن، که‌ ئه‌مه‌ له‌م کاته‌دا به‌ هیچ جۆرێک له‌ تیپه‌که‌دا به‌دی ناکرێت.

وه‌رزی ڕابردوو تیپه‌که‌ی که‌ته‌لۆنیا له‌ڕووی گۆڵکردنه‌وه‌ کێشه‌ی نه‌بوو، به‌ڵام نوخته‌ی لاوازی یاریزانه‌کانی پێشه‌وه‌ نه‌بوونی هێرشکاری چواره‌مه‌، ئه‌وه‌ وایکردووه‌ چاو له‌ هه‌موو که‌م و کوڕییه‌کانی سوارێز و نیمار بپۆشن. ڕاسته‌ سوارێز (37) گۆڵی تۆمارکرد، هه‌روه‌ها (20) گۆڵی دروستکرد، به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ردا (31) ده‌رفه‌تی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی گۆڵ نه‌کرد، به‌ڵکو یاریی دوای یاریی ئه‌مه‌ی دووباره‌ ده‌کرده‌وه‌، به‌ڵام کاتێک یاریزانێکی جێنشینی هه‌بێت، زیاتر خۆی ماندوو ده‌کات، یان  پشت ئه‌ستوور نابێت به‌وه‌ی ته‌نیا ده‌بێت یاریزانی سه‌ره‌کی بێت، هه‌رچه‌نده‌ وه‌رزی پێشوو ستارێکی نموونه‌ی باکۆ ئه‌لکاسیر، جێگره‌وه‌ی هێرشبه‌ران بوو، به‌ڵام به‌هۆی لاوازی ئاستی ئه‌و یاریزانه‌، له‌کۆی (28) یاریی ته‌نیا هه‌شت گۆڵی تۆمارکرد، بۆیه‌ ئیداره‌ی به‌رشه‌ ده‌بێت جێگره‌وه‌کانی (MNS) به‌ گرنگ بزانن، تا بتوانن له‌ گۆمی شه‌ڵه‌قاوی ئه‌وروپادا مه‌له‌ بکه‌ن.

چی دیکه‌ میسی توانای نه‌ماوه‌ به‌ ته‌نیا له‌ ڕاستی یاریگادا، وه‌کو یاریزانی لا هه‌موو قورسایی یانه‌که‌ی بخاته‌ سه‌ر شانی، ئه‌و ئێستا ته‌مه‌نی (30) ساڵه‌ زیاتره‌ پێویستی به‌وه‌یه‌ بچێته‌وه‌ نێو بۆکسی گۆڵکردن، نه‌ک به‌ ته‌نیا دوو ئه‌رک جێبه‌جێ‌ بکات، هه‌روه‌ها له‌م کاته‌دا پلانی ڤالڤێردی پێویستی به‌ یاریزانێکی لا ته‌نیشتی ڕاسته‌ی خاوه‌ن جه‌سته‌ی به‌هێزه‌ ، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ژیری و لێهاتووی هه‌ردوو بنکه‌ی به‌رده‌می به‌رگری تیپه‌که‌ و هێرشی یانه‌که‌ پێکه‌وه‌ ببه‌ستێته‌وه‌، چونکه‌ چی دیکه‌ (کێجه‌که‌) توانای ئه‌وه‌ی نه‌ماوه‌، نموونه‌ی وه‌رزه‌کانی پێشوو به‌بێ‌ ماندوبوون (60) یاریی ئه‌نجام بدات، بۆیه‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر شانۆی بردنه‌وه‌ی نازناوه‌کان بمێننه‌وه‌، پێویستیان به‌ هێنانی چه‌ندین ئه‌ستێره‌ی به‌هه‌ره‌مه‌ند هه‌یه‌، تا چی دیکه‌ جومگه‌ هه‌ستیاره‌کانی یانه‌که‌ لاواز و نه‌خۆش نه‌بێت.

 


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە


Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP