پێشڤەچوونی وەرزش لەسەربەخۆییدایە

- 19-07-2017 - 3121 جار خوێندراوەتەوە

ئاراس رواندزی

 


سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان بۆ وەرزشکارانی کورد خاڵی وەرچەرخان و گەیشتنە بە وێستگەی خەونەکان، سەرکەوتنە بەسەر شەمەندەفەری ھیواکان و تێپەڕاندن و بڕینی قۆناغێکی سادەیە بۆ ئاسۆیەکی پڕشنگدار، بۆیە بە دیدی من یاریزان و راھێنەرو میدیاکاری وەرزشی لە ھەموو توێژێکی کۆمەڵگە زیاتر تامەزرۆو تینووی ئازادی و سەربەخۆیین، چونکە دەزانن ھەستی پاڵەوانبوون و بردنەوە لەژێر ناوی کوردستان چەند چێژ بەخشە.

 

دیارە ئەستەمە من بتوانم لە دوو دێرداو لەژێر نوکی پێنووسدا وەسف و پێناسی سەربەخۆیی بکەم، لەبەر ئەوەی سەربەخۆیی و ئازادی ھەستێکە رەنگە کەم مرۆڤ بتوانێ گوزارشتی لێ بکات، وەلێ تۆ بێنە بەرچاوت چ ھەستێکی خۆش و ئەفسوناوییە کاتێک لەتەک ئاڵای وڵاتانی جیھان ئاڵا رەنگاو رەنگەکەی کوردستان دەشەکێتەوە، چ خۆشیەکی بێ ئەندازەیە کاتێک یاریزانانی ھەڵبژاردەکەت لەبەر چاوی ھەموو جیھان سرودی ئەی رەقیب دەڵێنەوە، ئااای چەند تامەزرۆم ھەڵبژاردەکەم لە پاڵاوتن و کۆتاییەکانی مۆندیال ببینم، بۆنا، نیشتیمانەکەم پڕە لە بەھرەمەندو وەرزشکاری بەتوانا کە ھەمیشە لە یارییە جۆراوجۆرەکان شانازیان بۆ عێراقێک چنگ خستووە کە کەمترین ھەست و ئینتیمایان بۆی ھەبووە، ئەی پێشبرکێکار درێسی کوردستان بپۆشێت و ئاڵاکەی بخاتە سەر سنگی، دڵنیام ئەوسا ئاست و ئەنجامەکان زۆر جیاوازترو باشتر دەبن. 


ئاشکرایە دامەزراندنی وڵاتێکی سەربەخۆو خاوەن سەروەری کۆمەڵێک سوودی گرنگ و پڕ بایەخی ھەیە کە راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر پێشڤەچوونی وەرزش و ژێرخانەکەی دەبێت، بوونی وەزارەتێکی تایبەت بە وەرزش کە خاوەن بوودجەیەکی تایبەت بێ، یەکێک لە خاڵە ئەرێنیانەکان دەبێت، بەمەرجێ کەسێکی ئەکادیمی و شارەزا بەڕێوەی ببات و نەخشە رێگایەکی زانستی بۆ دابنێت، بە دڵنیاییەوە ئەوسا وەرزش تەکانێکی باش دەدات، بەدەر لەوە بەشداریکردنت لە خول و پاڵەوانەتیەکانی دەرەوە، ناچار بە کۆمەڵە پابەندییەکت دەکات کە بۆ ئێمە دەبنە فاکتەری پێشڤەچوون، بۆ نمونە یاریگاکانت دەبێ بە پێی پێوەرو ستانداردی جیھانی بن، خولەکانت بە ھەمان شێوە دەچێتە ژێر باری مەرج و یاساکانی یەکێتی تۆپی پێی ئاسیاو پێویستە پیشەگەری پەیڕەو بکرێت، ھەروەھا ئەوکات وەرزشیش سنووری حەز دەبەزێنێت و ھەنگاو بەرەو ئامانج و گەیشتن بە ئاواتەکان دەنێت، بۆ رکابەریکردن و گەیشتن بە ریزی گەورەکانیش من گەشبینم، چونکە لە ناوەوەو دەرەوەی وڵات لاوی بە تواناو بەھرەدارمان زۆرن کە ئێستا بەشێکیان بوونەتە فاکتەری سەرکەوتن بۆ وڵاتانی ئەوروپا. 


بە پێی پێوەرەکان و بۆچوونی شارەزایانیش بەدەستھێنانی سەربەخۆیی دەبێتە فاکتەرێکی گرنگ و کارای پێشڤەچوونی وەرزش، بۆیە پێویستە وەرزشکاران بە ھەموو شێوەیەک پشتیوانی ھێنانەدی ئەو ئامانجە بکەن و ببنە دەنگێکی کارا بۆ گەیشتن بەو مافە نەتەوەییەو ئەو خەونە وەرزشیە لەمێژینەیە، دەنگی بەڵێ-ش لە ٢٥ ی ئەیلول ھەنگاوی پێش کۆتاییە بۆ تۆمارکردنی مێژوو و ناساندن و ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە پاڵەوانەتیە نێودەوڵەتییەکان.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە


Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP