تۆپی پێ لەنێو ملیارێك و 300 ملیۆن چینی-دا

- 20-06-2017 - 5089 جار خوێندراوەتەوە

هاوكار قادر
لەنێو مقۆمقۆی چڕی و زۆری ژمارەی دانیشتوان لەنێوان چین و هیندستاندا، گۆشەیەكی سەرنجڕاكێش هەیە، گۆشەیەك كە ناكرێت خوێندنەوەی بۆ نەكرێت، ئەویش تۆپی پێ-یە لەنێو زیاتر لە ملیارێك و 300 ملیۆن كەسدا بەتایبەتی لە چین.

چین و چینییەكان لە رووی بازرگانییەوە، لە رووی تەقلید و لە رووی بەرهەمهێنانی هەموو شتێكەوە پێشەنگن، بەهێزن، باڵادەست و لێزانن، بەڵام لە تۆپی پێدا كە هیچی لە كەرتەكانی تری وەك (بازرگانی و پارە پەیداكردن و ناوبانگ دەركردن) كەمتر نییە، تەواو ونە، ونبوونێك كە لەنێو حەشاماتەكەیدا نادۆزرێتەوە.

چین لە نێو هەڵبژاردەكانی تۆپی پێی ئاسیادا، ئاستی باش نییە، یانەكانیشی لەنێو ركابەرەكانی كیشوەری زەرد دا ناتوانن خۆیان بسەلمێنن، ئەگەرچی لە رێی بۆندە ئاگرینەكانیانەوە دەیانەوێت لەمەودوا ناویان بدرەوشێتەوە، بەڵام كێشەكە لە تۆپی پێی نیشتمانیدایە، نەك هاوردەكردنی یاریزانان، كە هەم پارەیەكی زۆریان دەوێت، هەم مانەوەكانیشیان مەبەستدار و كاتییە، كەواتە چینییەكان بۆ وا خراپن لە تۆپی پێدا؟

ئەو پرسیارەیە وای لە خودی "شی جین بینگ" سەرۆكی چین بكات تەدەخول بكات و نەخشەڕێگاكە دابنێت.

ئەو سەرۆكە دركی بەوەكردووە، كە گشتاندنی هاوڵاتییەكانی بۆ بازرگانیكردن و بڵاوبوونەوەیان بە سەرتاسەری جیهاندا تەنها بۆ كار و كاسبی بەس نییە، بەڵكو دەبێت وەبەرهێنان لەو بزنسە گرنگەشدا بكەن، كە لە سەرجەم گۆشەكانەوە هەموومانی بەخۆیەوە مەست و حەیران كردووە.

خودی سەرۆكی كۆماری چینی میللی سەرپەرشتی شۆڕشی پەرەپێدانی تۆپی پێ دەكات و لە ناوەندەكانی خوێندنی سەرەتاییەوە ئەسپەكەی تاوداوە، قەفزەیەكی گەورەشیان كردووە بۆ بوژانەوەی یانەكانیان بە ئەنجامدانی گرێبەستی ئەتۆم ئاسا لەگەڵ یاریزانان و راهێنەرانی بیانی، وا ئێستاش رێكخستنی مۆندیال بووەتە خولیایان و بۆ ئەو مەبەستەش بینگ-ی سەرۆك بە تێروتەسەلی ئەو بابەتەی لەگەڵ جیانی ئینفانتینۆ سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی جیهان "فیفا" تاووتوێكرد، كاتێك لە هەفتەی رابردوودا سەردانی پەكینی كردبوو.

ئەسڵی بابەتەكە ئەوەیە، بۆچی چینییەكان لە ملیارێك و 300 ملیۆن هاوڵاتی نەیانتوانیوە تیمێكی 23 یاریزانی بۆ هەڵبژاردەكەیان دروستبكەن؟ بۆچی لە پاڵاوتنی گەیشتن بە مۆندیال هەر لە دواوەن و ئەمساڵیش بۆ گەیشتن بە مۆندیالەكەی روسیا لە گروپی دووەمی ئاسیادا بە 6 خاڵەوە لە پلەی شەشەم و كۆتاییدان؟


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە


Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP