ڕۆناڵدۆ لە ڕیاڵ بڕوات چی ڕوودەدات؟

- 19-06-2017 - 14042 جار خوێندراوەتەوە

هەوراز كاوە
بێگومان ڕۆیشتنی ڕۆناڵدۆ گورزێكی مێژووی كەمەندشكێن لە یانەی مێرەنگی دەدات، چونكە لە هەشت ساڵی تەمەنی ئەو تیپەدا كەس هێندەی ڕۆناڵدۆ خزمەتی یانەی شاهانەی لەڕووی ماددی و چنینەوەی نازناو و خەڵاتە تایبەتییەكان نەكردووە. لەوەتەی چووەتە خولی ئیسپانی (285) گۆڵی تۆماركردووە، هەروەها لە خولی یانە پاڵەوانەكان خاوەنی (90) گۆڵە، لە جامی شای ئیسپانیا (22) گۆڵ، لە جامی جیهانی یانەكان چوار گۆڵ، بەكورتی ڕۆناڵدۆ 56% گۆڵی تیپەكەی تۆماركردووە.

لەوكاتەی یانەی بەرشەلۆنە لە لوتكەی بردنەوە و هەڕەمی یاریی تۆپی پێدابوو، پێرێزی سەرۆكی یانەی ڕیاڵ هیچ یاریزانێكی نەبوو ببێتە ڕابەرێكی ڕووحی و پاڵپشتی یاریزانەكان بێت، تا لەكاتی هەر داڕووخان و لە دەستدانی هەر یارییەك بتوانێت پشتگیری ستافی یانەكە بكات لەسەر پێی خۆیان ڕاوەستنەوە، كەچی دوای هاتنی (ڕامۆس و مارسیلۆ)و بە تایبەتی ڕۆناڵدۆ، لایەنی مەعنەوی تیپەكە گەیشتە ترۆپكی لوتكە، لە هەمووی گرنگتر یارییەكانی كلاسیكۆ و  دێربی شاری مەدریدبوو، كە ڕۆناڵدۆ پاش هەموو یارییەكان دەیوت: (ئێمە ئەو تیپەین چۆكدانادەین و خۆمان بە دەستەوە نادەین) ئەوەش وایكردبوو هیچ یاریزانێكی یانەی مێرەنگی دوای شكستەكان بە شێواوی دەرنەكەون، یاخود ڕۆناڵدۆ لەكاتی یارییەكاندا ئەوەی دەیانویست پێشكەشی دەكردن، نموونەی یاریی كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپای ئەمساڵ.

ڕۆناڵدۆ (72) گۆڵی بە لێدانی سزا بۆ تیپەكەی كردووە، هەروەها (57) گۆڵی بەسەر و (29) گۆڵ بە لێدانی فاوڵی ڕاستەوخۆبوو، كە هەموو ئەوانە دەكاتە (158) گۆڵ، كە زۆربەی بە شێوەی تەكنیكی، یان لایەنی هونەری تاكە كەسی تۆماركردووە، كە كەم یاریزانی یانەكە هەیە بتوانێت هەموو ئەوانە پێكەوە بۆ تیپە بكات، كە ئەوە خەسڵەتی چەند یاریزانێكە، بەڵام هەمووی لەودا كۆبۆتەوە، بەڵام لەكاتی ڕۆیشتنی لە یانەكەدا، كەس هێندەی زێدان زەرەرمەند نابێت، كە هیچ ستارێكی نییە لایەنی هونەری تیپەكەی پێ‌ جێبەجێ‌ بكات، یاخود بتوانێت سوود لە هەموو تۆپە زەمینی و هەواییەكان بینێت. ڕۆناڵدۆ باشترین یاریزانی ڕیاڵە بەزووی لەگەڵ هەموو یارییە قورسەكانی یانەكەی، یا پلانی ڕاهێنەران گونجابێت، بۆ نموونە:

ئەو تا ئێستا لە سێ‌ شوێنی هێڵی هێرشبەری جیاوازی یانەكەدا یاریكردووە، جاربووە لای ڕاستی یاریگا و بە پێچەوانەیشەوە دەبینرا. ئەمساڵیش لە سەری نوكی هێرشبەراندابوو، هەروەها توانای هەیە بە هەرسێ‌ شێوازی (4،4،2)و (4،2،3،1)و (4،،3،3) یاریی بكات، ڕۆناڵدۆ (327) یاریی لای چەپی یاریگا ئەنجامداوە، (327) گۆڵیشی تۆماركردووە، لەگەڵ دروستكردنی (108) گۆڵدا، لاچەپی یاریگا (61) گۆڵی كردووە، لەگەڵ دروستكردنی (19) گۆڵ، هەروەها وەكو هێرشبەری نووك (93) یاریی ئەنجامداوە، (65) گۆڵ و (24) گۆڵی دروستكردووە. كەس لە مادێرا بەهێزتر و خاوەن جەستەی پتەوتر نیە، ئەو لە ماوەی هەشت ساڵی یاریكردنیدا، گورجترین یاریزانی تیپەكەی بووە، كە بە كەمترین شێوە گۆڕان بەسەر لایەنی جەستەیدا هاتبێت، یان كەمجاربووە لە یارییەكاندا لاواز و ماندو دەركەوتبێت. كریستیانۆ لە گێمی یەكەمی یارییەكاندا (168) گۆڵی كردووە، كەچی بەهۆی تیژڕەوی و  بەهێزی لایەنی جەستەی، هەمیشە لە گێمی دووەمدا گۆڵی زیاتری كردووە، كە ڕێژەكەی (214) گۆڵە.

بە كورتی: كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ ماوەی هەشت ساڵە بە تەنیا هەموو ئەمانەی بۆ تیپەكەی ئەنجامداوە، واتە ئەو بە تەنیا تیپێكە، ئایە لەگەڵ ڕۆیشتنی لە یانەكەدا، واز لە گەورەی میسی بێنن، دەبێت ڕیاڵ چی بەسەردا بێت، یاخود كەس هەیە لە تیپەكەدا جورئەتی ئەوە بكات، بڵێت با بڕوات جێگای پڕدەكەینەوە؟

بە بۆچوونی من:
" بێگومان كەس ناتوانێت لەسەر كاغەزیش ئەوە بكات ، هەروەها ئەو تیپە دەبێت لە  هیچەوە دەست پێ بكاتەوە، چونكە كەس هێزی ئەوەی نییە، ئەوەی ڕۆناڵدۆ كردویەتی بیكاتەوە، بۆیە تاكە بەدیل تەنیا ڕۆناڵدۆ خۆیەتی بۆ یانەكەی، تا درێژە بە سەخترین كاروانی یاریكردنی بدات، لە مەزنترین یانەی جیهاندا.

 


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە


Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP