جامی كیشوەرەكان یان پاروویەكی تری فیفا؟

- 18-06-2017 - 3901 جار خوێندراوەتەوە

هۆگر حەمەساڵح

 

"هەموو شتێك لەپێناو قازانجی زیاتردا" یەكێكە لە پرەنسیپە سەرەكییەكانی كاركردنی فیفا. پرەنسیپێكی شاراوەش نییە، بەڵكو هەمووكات سەرۆكەكانی ئەو رێكخراوە بە ئاشكرا داویانە بەگوێماندا، تەنانەت وەك دەستكەوتیش لێیان روانیوە.

سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی بیست، سەرەتای تۆخبونەوەی ئەم خەسڵەتەی فیفا بوو. دروست لەوكاتەدا كە بلۆكی خۆرهەڵات كەوت و نیولیبڕاڵیزمیش خۆی كرد بە هەموو كونجەكانی دنیادا.

هەر لەوكاتەوە بوو، كە سیستمی زۆربەی پاڵەوانێتییەكانی وەرزش بەگشتی و تۆپی پێ بەتایبەتی گۆڕانیان بەسەردا هات، گۆڕانێك بە ئاڕاستەی "قازانج لەپێش هەموو شتێكەوەیە".

لەدوای ئەو مێژووەوە بزنس هوروژمی بۆ تۆپی پێ هێنا، هەموو شتەكان بوون بە پارەی رووت. هەر لەخۆوە نەبوو كە گۆڕینی سیستمەكانی پریمەرلیگ و چامپیۆنس لیگ و خولەكانی دیكەی ئەوروپا كەوتنە یەك كاتەوە (هەر لە ساڵی 1992 دا بوو، كە ئینگلتەرا سیستمێكی نوێی بۆ خولی وڵاتەكەی دانا، یەكێتیی تۆپی پێی ئەوروپاش سیستمی نوێی بۆ چامپیۆنس لیگ دیاریكرد و ناوەكەیشی گۆڕی).

هەر لەو ساڵەشدا بوو عەرەبستانی سعودی یەكەم نوسخەی جامی مەلیك فەهد-ی بەڕێوەبرد، كە ئێستا ناوەكەی گۆڕدراوە بۆ "جامی كیشوەرەكان" و فیفا سەرپەرشتی دەكات، وا ئێستاش نوسخەیەكی نوێی پاڵەوانێتییەكە لە روسیا دەستی پێكردووە.

فیفا هەموو كات لەهەلێك دەگەڕێت بۆ كۆكردنەوەی پارەی زیاتر، بۆیە پرۆژەكەی سعودییەكەی وەرگرت و خستیە سەر رێڕەوێكی بازرگانی. لەهەمانكاتدا ئەجێندای پاڵەوانێتییەكانی خۆی پێ رێكخستەوە، دۆخەكەی وا لێكرد كە هیچ "هاوین"ێكی لەدەست نەچێت.

هەموو ئەو پاڵەوانێتییانەی فیفا سەرپەرشتییان دەكات ئامرازێكن بۆ كۆكردنەوەی پارەی زیاتر. ئەم پرۆسەی قازانجكردنە سەرەتا و كۆتایی نییە: هەر لە رێككەوتنی ژێربەژێرەوە بۆ دیاریكردنی وڵاتی میواندار، تاكو دەگاتە دروستكردنی یاریگا و ژێرخانی وەرزشیی بێسوود، بلیتی یاریگا و بازاڕی رەش، یاریكردن بە ئەنجامی یارییەكان و قۆرخكردنی مافی پەخش.

لەكاتێكدا كە دەڵێین "رۆژمێری فیفا پڕە لە پاڵەوانێتی"، وەك ئەوەیە كە بڵێین "رۆژمێری فیفا پڕە لە پارە".

 


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە


Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP