کۆتایی چامپیۆنس لیگ.... یۆڤانتۆس تیپە تۆکمەکەى ئەوروپا

- 1-06-2017 - 7484 جار خوێندراوەتەوە

 

بەهمەن غەریب

 

لەوتارى رابردودا باسى بەهێزىء کامڵى یانەى ریاڵ مەدریدمان کرد بۆ یاریی کۆتایی چامپیۆنس لیگ، لەم وتارەشدا درێژە بەباسەکە دەدەین تیشک دەخەینە سەر لایەنى شانۆگەرییەکەى کاردیڤ کە یۆڤانتۆسى ئیتاڵیەء روبەڕوى ریاڵ مەدرید دەبێتەوە.

یانەى یۆڤانتۆس ئەگەر بارەکەى لە ریاڵ مەدرید باشتر نەبێت خراپتر نیە، چونکە ئەو یانەیەش هاوشێوەى یانەکەى یەکەمى شارى مەدرید بەخۆشترین کاتەکانیدا گوزەر دەکاتء ئەوەى لەئیتاڵیا لە تۆپى پێدا هەیە لەم وەرزەدا بۆتە خاوەنى ، بەوەی بۆ سێیەم جاری یەکلەدوای یەک نازناوى جامء خولى ئیتاڵیاى بردوەتەوە، کەواتە لەروى دەرونیەوە ریاڵء یوڤى لەیەک دۆخدان.

لەروى تواناى مرۆییە جارێکیتر یوڤى هیچى لەریاڵ مەدرید کەمتر نیە، چونکە ماوەیەکى زۆر بوو یوڤى دەیویست بەخێرایی جێگەى پۆگباء تیڤێزء پێرلۆ پڕبکاتەوە، ئەوەش رویداء ئێستا دیبالاء هیگواینء خزێرەء پیانیچ ئەو بۆشاییانەى پڕکردۆتەوەء گەورەترین هەڕەشەن بۆ سەر تیپەکانى بەرامبەریان.

گەورەترین خاڵى بەهێزى یۆڤانتۆس لەم وەرزەدا ئەوەیە کە گۆڵى لەسەر تۆمارناکرێت یان بەڕێژەیەکى کەم تۆڕى گۆڵەکەى دەهەژێندرێت، لەقۆناغى چارەکى کۆتاییدا بینیمان ئەو یانە ئیتاڵیە لەبەرامبەر یەکێک لەگەورەترین یانەکانى جیهانء باشترین هێڵى هێرشبردن کە بەرشەلۆنەء مێسىء نێیمارء سوارێز بوون بە دوو یاریی یەک گۆڵیشى لەسەر تۆمار نەکرا، بۆیە دەبێت رۆناڵدۆء هاوڕێکانى نەک حسابێک سەد حساب بۆ بوفۆنء هاوڕێکانى بکەن.

پاولۆ دیبالا، هەرچەندە ئەو یاریزانە هێشتا لەسەرەتاى تەمەنیدایە، بەڵام بونى لەیاریگادا دڵنیایی دەداتە هاوڕێکانیء وەک گەورەء سەرکردەیەک یاریی دەکات، باشترین سیفەتى ئەو یاریزانە ئەرژەنتینیە ژیرییەکەیەتى لەیاریگادا، چونکە ئەو یاریزانە لەکاتى هێرشە هەڵگەڕاوەکانى تیپەکەیدا بەباشترین شێوە مامەڵە دەکاتء بە دیزاینێکى جوان هێرشەکان بۆ سەر تیپى بەرامبەر دروست دەکات.

ئەگەر یۆڤانتۆس وەک تیپێکى تۆکمەء خاوەن بەرگرییەکى پۆڵاین دەرکەوتبێت، ئەوا بەدڵنییایەوە ماسیمیلیانۆ ئەلێگریی راهێنەر وەک باشترین ئەندازیار لەپشیتەوە وەستاوەء دەزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ تیپە بەهێزء ئاست مامناوەندەکانیشدا بکات، ئەو راهێنەر ئیتاڵیە وەک چۆن رۆناڵدۆء زیدان خاڵى یەکلاکەرەوە دەبن بۆ ریاڵ، ئەویش بۆ یۆڤانتۆس فریادرەس دەبێت بەوەى توانایەکى سەرسوڕهێنەرى هەیە لە خوێندنەوەى تیپى بەرامبەرداء لەماوەى چەند خولەکێکدا چەند شێوازێکى یاریکردن تاقى دەکاتەوە، ئەوەش دەبێتە کێشە بۆ زیدان کە نەتوانێت بەباشى بیر بکاتەوە.

ئەوەى پێویستە لەکۆتاییدا ئاماژەى پێبکەین ئەوەیە، بەراورد بەیارییەکانى رابردووى یۆڤانتۆس لەم پاڵەوانێتیەدا، هێزى ئەو تیپە لە دوو یاریی رۆشتن و گەڕانەوەدایە، بەوەى ئەستەم بوو لەیاریگاى خۆیدا بدۆڕێتء گۆڵى زۆریشى تۆمار دەکرد (وەک ئەوەى لەبەرشەلۆنە رویدا)، ئەم یارییەش یاریی کۆتاییەش بوارى قەرەبوکردنەوە تیایدا تارادەیەک قورسە (بینیمان دوو وەرز لەمەوبەر یوڤى ئەو کاتە لەپێکهاتەى ئێستا بەهێزتر بوو، بەرشەلۆنە 3-1 لێی بردەوە)، بۆیە دەکرێت بڵێین تەنها خاڵى لاوازى یانەى یۆڤانتۆس لەم روبەڕوبونەوەیەدا تەنها یاریگا بێلایەنەکەیەء دوور لەتۆرینۆ یاری دەکات.

 


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە


Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP