بۆچی به‌رشه‌لۆنه‌ نازناوه‌کانی نه‌برده‌وه‌؟

- 26-05-2017 - 4811 جار خوێندراوەتەوە

هه‌وراز کاوه‌

 

هه‌موو یانه‌یه‌ک بۆ پاراستنی شورای یاریکردنی، پێویستی به‌ گرێبه‌ستی گه‌وره‌ و یاریزانی هونه‌ری مه‌زنه‌. له‌ دوو ساڵی پێشوودا ئیداره‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ ته‌نیا (180) ملیۆن یۆرۆیان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ته‌رخانکردبوو، هه‌روه‌ها چه‌ندین یاریزانی چه‌شنی (ئۆمتیتی، ئاردا تۆران، ئه‌لێکس ڤیدال، لۆکادین، ئه‌ندرییه‌ گۆمێز، دینس سوارێز، کاسیرس، سیلیسین)...هتد هێنا، به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه‌ نه‌بوونه‌ یاریده‌ده‌ر و جێگره‌وه‌ی یاریزانه‌ باش و ڕۆیشتووه‌کان، هه‌روه‌ها له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایدا (ئه‌کادیمیای لاماسیا) هیچ یاریزانێکی نموونه‌ی (سێرجی بۆسکێتس)ـی له‌دوای ساڵی (2008) نه‌ به‌خشییه‌وه‌ به‌ تیپه‌که‌. وه‌رزه‌کانی پێشوو تیپی بلوگرانه‌ سوودی زۆریان له‌ تۆپه‌ وه‌ستاو و جێگیر و سووچییه‌کان ده‌بینی، به‌ڵام له‌ وه‌رزی ئه‌مساڵ به‌ڕوونی پاشه‌کشه‌ به‌و لایه‌نه‌ هونه‌رییه‌ی تیپه‌که‌وه‌ دیاره‌، یاخود که‌متر یاریزانه‌کانی ئێستا ده‌توانن ئه‌و پرۆسه‌یه‌ له‌ سوودی تیپه‌که‌ کۆتایی پێبهێنن.

نزیکه‌ی سێ‌ وه‌رز (لویس ئینریکی) ڕاهێنه‌ر به‌ پلانی (3ـ3ـ4 و4ـ4ـ3) یاریی ده‌کات، هه‌روه‌ها یاریزانی سه‌ره‌کی خاوه‌ن جه‌سته‌ی پته‌وی نه‌بوو بتوانێت به‌بێ‌ ماندوبوون و له‌ ده‌ستدانی ته‌رکیز پلانه‌که‌ چێ‌ بکات. ئینریکی پێش چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک به‌ر له‌ کۆتایی خولی ئیسپانی، ڕایگه‌یاند یانه‌که‌ جێده‌هێڵت، به‌وه‌ش بارودۆخی ژووری جل گۆڕینی یاریزانان کێشه‌ی تێکه‌وتبوو، که‌ دواتر کاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر کۆی تیپه‌که‌ دانا. به‌رگری یانه‌ که‌ته‌لۆنییه‌که‌ له‌م وه‌رزه‌دا شه‌رمنانه‌بوو، به‌ تایبه‌تی (ماسیۆ) زۆرترین هه‌ڵه‌ی ده‌کرد و هیچ کاتیش یارمه‌تی ناوه‌ڕاستی یاریگای تیپه‌که‌ی نه‌ده‌دا، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایکرد تیپی بلوگۆانه‌ گۆڵی زیاتریان لێبکرێت. ئیداره‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ مامه‌ڵه‌یه‌کی خراپیان دوای ڕۆیشتنی (دانی ئه‌ڵڤس) کرد، کاتێک ویستیان به‌ یاریزان (سێرجی ڕۆبێرتۆ) جێگای پڕ بکه‌نه‌وه‌، که‌چی ئه‌و یاریزانه‌ هه‌م لایه‌نی به‌رگری و هه‌م لایه‌نی هێرشبردنی خراپبوو، به‌ تایبه‌تی کاتێک سه‌رده‌که‌وت بۆ نیوه‌ یاریگای تیپی دژ، به‌ ئه‌سته‌م ده‌یتوانی بگاته‌وه‌ جێگای سه‌ره‌کی یاریکردنی، یاخود که‌متر توانای هه‌بوو (90) خوله‌ک به‌بێ‌ دابڕان یاریی بکات، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌وانه‌ ڕۆڵی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌کانی به‌رشه‌لۆنه‌ هه‌بوو.

تیر شتیگن پاش ئه‌وه‌ی جێگره‌وه‌ی نه‌بوو، یاخود بووه‌ گۆڵپارێزی سه‌ره‌کی، ئه‌ویش له‌ هه‌ندێک یاریدا هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی ئه‌نجامده‌دا، جگه‌ له‌وه‌ کۆی تیپه‌که‌ له‌گه‌ڵ زۆرێک له‌ یانه‌ مامناوه‌نده‌کان ئه‌نجامیان له‌سه‌ر یاریگای نووکامپ خراپ بوو. له‌وانه‌ له‌گه‌ڵ تیپه‌کانی (مه‌له‌گه‌، بیتس، لاکه‌رۆنا، ئه‌لاڤێس) که‌چی به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ تیپه‌ گه‌وره‌کان له‌ده‌ره‌وه‌ی کامپ نوو نموونه‌ی یانه‌کانی (ڕیاڵ مه‌درید، ئه‌تله‌تیکۆ مه‌درید، ئیشبیلیا) ئه‌نجامه‌کانیان باش بوو. ئه‌گه‌ر به‌ وردی ته‌ماشای ناوه‌ڕاستی مه‌یدانی تیپه‌که‌مان کردبێت، به‌ڕوونی ئه‌م وه‌رزه‌ خراپ و لاوازبوون، به‌ به‌رده‌وامی (ئینێستا) پێکانی هه‌بوو (بۆسکێتس، ڕاکیتچ) ئاستیان به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رچاو دابه‌زیبوو، هیچ یارییه‌ک نه‌بوو شتێکی گه‌وره‌تر له‌وه‌ی چاوه‌ڕوانده‌کرا پێشکه‌ش بکه‌ن، هه‌روه‌ها (نیمار) له‌ هێڵی پێشه‌وه‌ به‌که‌می شووتی ئاڕاسته‌ده‌کرد و توندوتیژبوو له‌گه‌ڵ یانه‌کان، به‌ تایبه‌تی یاریی یانه‌ی مه‌له‌گه‌، که‌ به‌ کارتی سوریش کرایه‌ده‌ره‌وه‌، که‌چی له‌  کۆتاییدا تیپه‌که‌ی به‌ جیاوازی سێ‌ خاڵ نازناوی لالیگای له‌ کیسدا و بۆ وه‌رزی نوێ‌ تیپێکیان هه‌یه‌ پڕه‌ له‌ کێشه‌!

 


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە


Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP