ئێرە كوردستانە

- 14-05-2017 - 3704 جار خوێندراوەتەوە

بێوەی ئەحمەد

 

لە یاریزانان دەدرێت، یاریزان دەمرێت، پەراسوی داوەر دەشكێندرێت، سوكایەتی بە میدیاكار دەكرێت، ریپۆرتەر بێهۆش دەكرێت، راهێنەر دەكوژرێت، هاندەر بریندار دەکرێت، هەڕەشە لەئەندامانی یانەكان دەكرێت، هەموو ئەوانەو زۆری تریش بوون و دەبن دەزانن لەكوێ ؟ 
 
شوێنی ئەو روداوانە نە كابوڵی ئەفغانستانە و نە كەراچی پاكستانە نەسنورە مەترسیدارەكانی هندۆراس و كۆڵۆمبیایەو نە سیۆداد خوارێزی مەكسیك و نەكیپ تاونی ئەفریقیای باشوورە، بەڵكو باشووری كوردستان یاخود هەرێمی كوردستانی عیراقە.

دەزانن بۆ؟ هەڵە لەسیستمی بەڕێوەبردن، نەبوونی هۆشیاری وەرزشی، نەگشتاندنی یاسا بەسەر هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵەگا، دیاردەی چەكداری و پشتگیری بەشێك لەبەرپرسان لەكەسانی لادەر لە یاسا، بوونی كەسانێك لەناو كایەی وەرزشدا كە چەندین ساڵە بوونەتە بار بەسەر ئەو كایەی ژیانەوەو جگە لەداگیركردنی پۆستەكان و وەرگرتنی مووچەكانیان كارێكی نوێیان بۆ وەرزش پێ نییە و لەسایەی كارەكانی ئەوان وەرزشی كوردستان لەدۆخی چەقبەستندایە.

 لەگەڵ ئەوانەشدا ئەو قەیرانە داراییەی كە بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە كاریگەری زۆری لەسەر گشت كایەكانی ژیان دروستكردووە، بەجۆرێك دەروونی هاونیشتمانیان نائارامە و لەنێو بەشێكی زۆری تاكەكانی كۆمەڵگاشدا هەڵچوونی بەردەوام  و خەمباری بەدیدەكەێت، بێگومان ئەوەش كاردانەوەی جیاجیای لێدەكەوێتەوەو رووداوی نەخوازراویشی بەدوادادێت.

ئەو رووداوەی كە لەیاریگای چیا روویداو بەهۆیەوە راهێنەرێك بووە قوربانی پێویستە بەرپرسانی وەرزشی و ئەمنی بەئاگا بهێنێتەوە، تاوەكو وەرزش كە نامەی ئاشتی و برایەتیە لەجیهاندا، لەكوردستاندا نەبێتە مەیدانی تۆڵە و رشتنی خوێنی لاوەكانمان.

ئەو رووداوەو چەند رووداوێكی تر كە پێشتر لەیاریگا جیاجیا و هۆڵەكانی شارو شارۆچكەكانی كوردستاندا روویداوە دەبوو دەستلەكاركێشانەوەی چەندین بەڕێوەبەر و وەزیری بەدوادا بهاتەیە، دەبوو بەدواداچوونی تەواو بكرایەو رێگریی لەدووبارە بوونەوەی ئەو رووداوە قێزەونانە بكرایە، بەڵام ئێستاش درەنگ نییەو پێویستە لایەنی پەیوەندیدار چارەسەری خێراو بەپەلە بدۆزنەوە.

بەڕای ئێمە یەكەمین هەنگاو كە پێویستە جێبەجێبكرێت دروستكردنی هێزێكە بەناوی هێزی پاراستنی یاریگاكان، ئەوەش لەزۆرینەی وڵاتانی جیهاندا هەیە و بەشێوەیەكی زانستی وانە دەدرێن كە بتوانن بەشێوەیەكی سەردەمیانە و دوور لەتوندوتیژی مامەڵە لەگەڵ رووداوە نەخوازراوەكانی یاریگاكاندا بكەن.

دواتر پێویستە چیتر رێگە نەدرێت هیچ یارییەك كە یەكێتی و لقە وەرزشیەكان سەرپەرشتی دەكەن بەبێ ئامادەبوونی هێزی پاراستنی یاریگا بەڕێوەبچێت، تاوەكو گیانی هاندەر و یاریزان و وەرزشكاران لەمەترسی پارێزراو بێت.

پێویستیشە میدیا رۆڵی كاریگەر لەهۆشیاركردنەوەی هاندەر و هەواداری وەرزشیدا بگێڕێت و تاوەكو شەڕو ئاژاوە، كێشەو گرفتی ناو یاریگاكان هێدی هێدی كۆتایی پێبهێنرێت.

لەكۆتاییشدا دەڵێین نزیكەی سێ ساڵە بەشێكی زۆری لیژنە و یەكێتیە وەرزشیەكان لەخەوێكی قوڵدان و سیمای كاربەدەستەكانیش لەبیر و هزردا نەماوە و قەیرانی دارایی ونیكردوون، گەر بوونیشتان بەمجۆرەی ئێستا و رشتنی خوێنی لاوەكان و سوكایەتی بە وەرزشكار و میدیاكارە تكایە پشووەكەتان درێژ بكەنەوەو سێ ساڵی تریش خەوێكی قوڵ بكەن.

 


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە


Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP