بۆچی فیفا سزاكەی‌ میسی لابرد؟

- 7-05-2017 - 8166 جار خوێندراوەتەوە

هەوراز كاوە

 

لە یاریی هەڵبژاردەكەی بەرامبەر بە هەڵبژاردەی شیللی لە میانەی یارییەكانی پاڵاوتنی كیشوەری ئەمریكای باشوور، بۆ گەیشتن بە جامی جیهانی ساڵی (2018) بەهۆی توڕەبوون و قسەوتن بە ناوبژیوانی چوارەمی یارییەكە، یەكێتی تۆپی پێی جیهانی بۆ ماوەی چوار یاریی (لیۆ میسی) ڕاگرت، هەرچەندە لەوكاتەدا وترا هیچ بەڵگەیەكی دروست لەسەر سزادانەكە نیە.

جگە لە بەڵگەیەكی ڤیدیۆی كە قسەكانی (میسی)  تێدا نابیسرێت، تەنانەت لەسەر هەڵسوكەوتەكەی (لیۆ) ناوبژیوانی یارییەكە كارتی زەردیشی پێنەدا، بەڵام دواتر (فیفا) ڕایانگەیاند ئەو كارەی ئەرجەنتینییەكە پێچەوانەی دابونەریتییە وەرزشییەكانە، هەروەها بڕیاریاندا ناوبراو دەبێت (10) هەزار فڕانكی سویسریش وەكو سزا بدات بە یەكێتییەكەیان. 

كەچی دوای مانگێك  لیژنەی‌ پیاداچونەوەی‌ سەر بە (فیفا) لەژێر گوشاری یەكێتی تۆپی پێی ئەرجەنتینی سزاكەی‌ سەر (لیۆنێل میسی) كاپتنی هەڵبژاردەكە لابرد. لیژنەكە بڵاویكردۆتەوە كە بەڵگەیەكی ئەوتۆ نییە لەسەر ئەوەی‌ (میسی) قسەی ناشرین و خراپی بە ناوبژیوانەكە وتبێت، بۆیە بڕیاریانداوە سزاكەی لابەرن، ئەوەش بۆتە جێگەی‌ سەرنجی راگەیاندكارانی جیهان، كە بەجۆرێك گومان لە شەفافێتی كارەكانی (فیفا) دەكەن، چونكە ئەگەر بەڵگەی‌ پێویست نییە لەسەر قسەكانی (میسی) چۆن و بە چ یاسایەك چوار یاریی راگیرا؟

بەهۆی سزا قورسەكەیەوە (میسی) بەرامبەر بە هەڵبژاردەی (پۆلیڤیا) یاریی نەكرد، بەوەش هەڵبژاردەكەی‌ دووچاری شكستهات و دابەزی بۆ پلەی پێنجەمی پاڵاوتنەكانی ئەمریكای باشوور، هەروەها لابردنی سزاكە وای لە هەندێك لە راگەیاندكار كردووە، كە داوا لە (میسی) بكەن داوای قەرەبوو داریی لە یەكێتییەكە بكات. دواجار لیژنەكەی (فیفا) بەیاننامەیەكی لەسەر سزادانەكەی‌ (میسی) بڵاوكردەوە بەمجۆرە:

" دوای گوێگرتن لە پارێزەرانی (لیۆ) لیژنەی‌ پیاداچوونەوە بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی‌ سزای لیژنەی‌ تەمبێكردنی یەكێتییەكەیان، كە رۆژی 28/3/2017، درا بە پشتبەستن بە مادەی‌ (77)ـئەی، كە (میسی) تۆمەتبار كراوە بە شكاندنی یاسای ژمارە (57)ـی (فیفا)، كە تایبەتە بە قسەوتن بە ناوبژوانان، لیژنەی پیاداچوونەوە پێی وایە (میسی) شایەنی سەرزەنشتكردنە، نەك ئەو سزا قورسە، بەڵام ئەو بەڵگانەی‌ لەبەردەستدابوون هیچ شتێك دووپات ناكاتەوە و ناكرێت مادەی‌ (77)ـئەی جێبەجێ‌ بكرێت، بۆیە سزای ئەو یاریزانە لادەبرێت".

بەڵام  سزاكەی‌ (میسی) لەكاتی دەرچوونیدا هەرایەكی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەتی ئەو ناوبژیوانەكە دەڵێت (میسی) قسەی پێ نەوتووە و رەتیكردەوە یاریزانەكە هیچ  شتێكی ناشرینی پێ وتبێت، لە بەرامبەردا  زۆرێك لە راگەیاندنەكان ئەوكاتە ڕایانگەیاند ئەو سزایە تۆڵە كردنەوەیە لەو یاریزانە بەهۆی ئەوەی‌ ئامادەی‌ ئاهەنگی ساڵانەی‌ (فیفا) نەبوو، لابردنی سزاكەیش زیاتر گومان لەسەر یەكێتی تۆپی پێی جیهانی دروست دەكات، لەكاتێكدا ڕاپۆرتی ناوبژیوانی دوای یارییەكە هیچ سكاڵایەكی دژی (لیۆ میسی) تێدا نەبوو، بەڵام قسەكە ئەوەیە كێچەكە لەسەر چی سزادرا؟


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە


Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP