سوودەکانی گەڕانەوەی گاریس بێڵ

- 19-02-2017 - 6900 جار خوێندراوەتەوە

هەوراز کاوە

یانەى ڕیاڵ مەدرید، زۆرترین تۆپیان لایە بەڵام کەمترین گۆڵ دەکەن، یان زۆر کات ئەنجامى بردنەوەى یاریى یانەکە دوا دەکەوێت، کە ئەوەش یاریزانەکانى هێرشبەر بێزار دەکات ناچاربن لە دەرەوەى ناوچەى سزا یاریى بکەن، دیارە گرفتى بنەڕەتى لە گەیشتنى تۆپەکاندا نیە، بەڵکو کەمتر یاریکردنى زەمینى و تۆپى بەینیە، کە درەنگ دەگات بە هێرشبەران، کەچى لەکاتى گەیشتى تۆپەکاندا یاریزانەکانى ڕیاڵ ژمارەى پێوانەییان تۆمارکردووە، زۆرترین دەرفەتە ئاسانەکان گۆڵ پێ ناکەن، بە تایبەتى هەردوو یاریزان (مۆرتا و فاسکوێز).

 

لە ڕاستیدا ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەو ئەستێرانە بەبێ تەرکیزى زۆر و دیقەت تۆپەکە ڕەوانە دەکەن، یان هەمیشە پەلە لە پرۆسەى جێبەجێکردنەکەدا دەکەن، کە کەس هێندەى (فاسکوێز) بەشێوەى هەڕەمەکى تۆپەکان ئاڕاستە گۆڵ ناکات، یاخود زۆرجار بەهۆى هێشتنەوەى تۆپ لە قاچەکانیدا، بۆ ماوەى چەند چرکەیەک پرۆسەى لێدان و گەیاندنەکە دەخنکێنێت، هاوڕێکانى دەخاتە بۆسەى قەرەباڵغى بەرگرى دژەوە.

 

بە بۆچوونى من گەڕانەوەى (گاریس بێڵ) زۆرێک لە گرفتە تەکنیکییەکانى یانەکە چارەسەر دەکات، کە کاریگەرى گەورەى لەسەر هەژمار و دەست بەسەرداگرتنى یاریگادا دەبێت، چونکە ئەو توانای جەستەیی جێگیر و باشە، ئەوە وادەکات لە ناوەڕاستی یاریگادا یارمەتی (ئیسکۆ و مۆدریج و کۆڤاسیچ)و بەرگری بدات، بە وەرگرتنی تۆپەکانە و گەیاندنی بە گۆڵی تیپی دژ، ئەوەش دەبێتە هۆى پشوودانى یاریزانەکان لە یاریگادا، تا کەمتر ماندووبن و لایەنی دەرونیان تێک نەچێت، هەروەها هێرشی هەڵگەڕاوەی ڕیاڵ چالاکتر دەکات، بەوەی دەتوانێت لە ماوەیەکی کەمدا بێتە ناوەڕاستی یاریگا و ئەو پرۆسەیە جێبەجێ‌ بکات، بە تایبەتی گەیاندنی خێرا و هەڵدانی تۆپەکان بۆ پشتی بەرگری بەرامبەر، یان لاربوونەوەی خۆی بۆ ناوچەی بۆکسەکە.

 

ناشبێت ئەوە لەیاد بکەین، یاریکردنی (گاریس بێل) زۆربەی کات لە سەر هیڵی یاریگایە، واتە هێزی زیاتر بە بەرگری تیپەکەی دەبەخشێت، چونکە ئیتر پێویست ناکات تاک بەرگری یاریی یانەکەی زۆر بچنە نیوە یاریگای دژ، تەنیا بە نۆبە نەبێت، لە کاتێدا ئەو لەباتی ئەوان پرۆسەی ڕۆماڵی تۆپەکان ئەدا دەکات، هەروەها پێم وایە دەتوانێت چارەسەرى دەستخستنى تۆپە ئاسانەکان بۆ گۆڵى دژ فەراهەم بکات، کاتێک (بنزیما و ڕۆناڵدۆ) لە یاریى ناپۆلى گرفتى سەرەکیان ئەوەبوو.

 


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە


Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP