کێ؟ بریکارى یاریزانانە لەکوردستاندا!!!

- 20-12-2016 - 2160 جار خوێندراوەتەوە

ساجد کمال


لەئێستادا لەجیهانى تۆپى پێ دا لەئەوروپاو تەواوى جیهاندا یارى تۆپى پێ چەندین قۆناغى بڕیووە، تائەوەى گەیشتووەتە بەو ئاستەى کەتەواوى سەرزەوى بەکایەکى ئێجگار گرنگ لێ دەروانن.


وە سەرجەم کارەکانى ئەم کایەیەش بەسستم و بەرنامەو پلان بۆ دانانەوە جێ بەجێ دەکرێت.
هەمووشمان دورو نزیک ئاگادارین کەسەرجەم کارو سەوداو مامەڵەکانى یانەکان و پرۆژە وەرزشیەکان بەسستم کراون و لەرێگەى دەوڵەت، یا کۆمپانیاى تایبەت، یا راوێژکارى یاسایی، یا دادگاى وەرزشی، یا بریکارى جێ بەجێکارەوە رۆژانەو مانگانەو ساڵانە کارەکانیان رای دەکەن.


مەبەستى نوسینى بابەتەکە لەوەدایە لەگواستنەوەى یاریزانانى تۆپى پێ لە جیهاندا بەتایبەت لەئەوروپادا لەیانەکەیەوە بۆ یانەیەکى دیکە ساڵانە لەدوو وەرزى جیادا دەبێت کەپێ دەوترێت (گواستنەوەى هاوینە،گواستنەوەى زستانە) لەو ماوەیەدا دواى تەواو بوونى گرێبەستەکەیان، یا هەڵوەشاندنەوەى بۆندەکەیان یاریزان سەربەستە روو لەچ خولێک یا یانەیەک دەکات، لەم چوون و هاتنەدا چەندین رێکارى یاسایی بەڕێوەدەچێت و پەیوەندیەکى تەواو یاسایی لەنێوان (یانەى نوێ و یانەى پێشوو، دادگاى وەرزشى، یەکێتى تۆپى پێى ئەو وڵاتە، یان جیهان (فیفا) لەمانەدا تەواوى وردەکارییەکانى گواستنەوەکەى تێدا ئەنجام دەدرێت و وەهەموو لایەنە پەیوەندى دارەکان پەیوەست بە گواستنەوەکە ئاگادارن و هەریەکەیان رێکارى یاسایی خۆى جێ بەجێ دەکات، هەموو ئەمانە لەرێگەى کەسێک یاخود کۆمپانیایەک دەکرێت کەپێ دەوترێت (بریکارى جێ بەجێکار).


بەڵام لەکوردستاندا تائەم ساتە هیچ شتێک لەم جۆرە کارانە بەدی ناکرێت، ئەگەر بشکرێت لەقۆناغى سەرەتایی دایە.
بۆیە دەپرسین کێ بریکاری یاریزانانە لەکوردستاندا؟ لایەنى پەیوەندى دارى گواستنەوەى یاریزانان لەکوردستاندا کێن؟ شتێک هەیە لەکوردستاندا بەناوى دادگاى وەرزشى؟ یەکێتى تۆپى پێى کوردستان بۆچى گواستنەوەى یاریزانان بەسستم ناکات لەڕێگەى بریکاری جێ بەجێکارەوە تا مافى یانەکان و یاریزانان نەفەوتێت لەئەگەرى بوونى هەر هەڵەو کەم و کورتیەک، بۆچى دادگایەکى وەرزشى دانامەزرێت؟ بۆچى لیژنەیەکى وەرزشى نی یە بۆ چاودێرى کردنى گواستنەوەى یاریزانان لەکوردستاندا راستەوخۆ یەکێتى تۆپى پێى کوردستان چاودێر بێت بەسەریەوە، وە مەرجى پێدانى پشکێکى کەمى بۆندەکانیان هەبێت تاسەرچاوەیەکى دارایی بێت بۆیان.


رەنگە وەڵامدانەوەى ئەم پرسیارانە ماوەیەکى زەمەنى بخایەنێت و لەئایندەدا کار بۆ ئەوە بکرێت، بەڵام هەرکارێکى باش تا زووتر بکرێت درەنگە.
لەئێستادا ماوەى چەند رۆژێکە بەدیارى کراوى یەکێتى تۆپى پێ کوردستان رۆژانى 17-12 تا 27-12-2016ى دیارى کردووە بۆ گواستنەوەى زستانەى یاریزانى تۆپى پێى خولى نایابی پێشمەرگەى کوردستان کەئەمەش ماوەى (10)رۆژە رەنگە کاتێکى زۆر کەم بێت بۆ یاریزان، یاریزان بەوپێیەى کە بریکارى جێ بەجێکارى نی یە رەنگە نەتوانێت کارەکانى گواستەوەى بۆ یانەیەکى دیکە،بەتایبەت لەئێستادا تەنها خولى نایابى پێشمەرگە هەیە ئەگەر یاریزانێک لەیانەکەى خۆى دەستبەردارى ببن و لەبەرامبەردا یانەیەکى دیکە نەیەوێت ئەبێت روو لەچ خول و یانەیەکى دیکە بکات؟


ئامانج یاخود سود لەبریکارى جێ بەجێکار لەکوردستاندا ئەوەیە پێش هەموو شتێک رێکارەکان بەیاسایی و بەسستم و پلان بەرێوەدەچن،رەنگە یاریزان ئاسوودەتر بێت و لەئایندەى خۆى دڵنیابێتەوە لەرووى دەروونیەوە ئارامتر بێت، دەزانین بریکارى یاریزان تەنها کارەکان بۆ یاریزان راناپەرێنیت، بەڵکو بەجۆرێک لەجۆرەکان یارمەتى دەرى دەبێت لەپێشخستنى تواناکانى و نیشاندانى ئاستى ئەو یاریزانە بەیانەکانى دیکە، کەئەمەش بازارگەرمى بۆ یاریزانەکە دروست دەکات، لەهەمووى گرنگتر چاودرێرى راستەوخۆیە لەبەدەستهێنانى مافە مادیەیەکانى یاریزان و وەرگرتنى شایستەداراییەکانى، بەپێچەوانەوە زۆرجار دەبینین و دەبیستین کە یاریزان مافى لەلایەن یانەکانەوە زەوت دەکرێت، وە رەنگە بریکارەکە بتوانیت سپۆنسەرو ریکلامە بازرگانیەکان بۆ یاریزان بەدەستبهێنێت.


نوسین لەسەر زیاتر روونکردنەوەى بابەتەکە زۆرى دەوێت،بەڵام لەکۆتاییدا هەرچى زووترە یاریزان هەوڵ بدات بریکارى جێ بەجێکار بۆکارەکانى پەیدا بکات، هەرچەندە لەئێستادا کارەکە لەئەوپەرى سەرەتاییدا بێت،بەڵام دەکرێت هەریەکە لەلایەن خۆیەوە دەست پێ بکات تا ئاستى خولەکان و یاریزان باشتر بێت.
مایەى دڵخۆشیە لەتازەترین راپۆرتى یەکێک لەکەناڵەکان بینیمان کە خولى نایابی پێشمەرگەى کوردستان لەرووى ئامادەبوونى هاندەرو بەرێوەچوونى خولەکە لەبەشێک لەوڵاتانى ئەوروپى و ئاسیایی و و ئەفریقى باشترینە، ئیدى کاتى ئەوەیە بریکارى جێ بەجێ کارو سپۆنسەرى خول و یاریزانان گرنگى زیارتى پێ بدرێت.

 


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە


Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP