ئایا تۆپى پێی ئینگلته‌را سوودى له‌ده‌وڵه‌مه‌ندى یانه‌كان وه‌رگرتووه‌؟

- 13-09-2016 - 2140 جار خوێندراوەتەوە

نازم شێخانی

 

كاتێك باسى خوله‌كانى جیهان بكه‌یت له‌ بوارى تۆپى پىَ ، راسته‌وخۆ ده‌بێت باسى خولى ئینگلیزى بكه‌یت ،چونكه‌ یه‌كێكه‌ له‌ پێنچ خوله‌ به‌هێزه‌كانى ئه‌وروپا وجیهان خاوه‌ن چه‌ندین یانه‌ى به‌هێزه‌ ، هه‌ریه‌كه‌و مێژوویه‌كى پرشنگدارى هه‌یه‌ ، به‌لاَم ئه‌وه‌ى جێگاى سه‌رنجه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانى جیهان ده‌ستان گرتوه‌ به‌سه‌ر یانه‌كان ، سالاَنه‌ چه‌ندین گرێبه‌ستى گران به‌ها ئیمزا ده‌كه‌ن ،به‌برواى من كاریگه‌رى نه‌رێنى ده‌بێت له‌سه‌ر ئاستى یاریزانه‌ ئینگلیزیه‌كان و هه‌لبژارده‌ى ئینگلته‌را له‌ داهاتوودا .

 

ئه‌گه‌ر به‌خێرایه‌كى ورد دوانزه‌ ساڵ بۆدواوه‌ بگه‌رێینه‌وه‌ ملیاردێرى رووسى رۆمان ئه‌براهیمۆڤیچ كه‌سایه‌تیه‌كى یه‌هودیه‌ و خاوه‌ن چه‌ندین كۆمپانیایه‌ له‌ جیهان ، توانى یانه‌ى چێلسى به‌برى (397)ملیۆن یۆرۆ بكرێت ،له‌م ماوه‌یه‌دا توانى چه‌ندین گرێبه‌ستى گران به‌ها ئیمزا بكات تیپێكى تۆكمه‌ى درووست كرد ركابه‌رى بكات له‌سه‌رنازناوه‌كان، ئه‌گه‌رچى توانى چه‌ندین ده‌سكه‌وتى گه‌وره‌ به‌ده‌ست بهێنێت له‌وانه‌ نازناوى خولى یانه‌ پاڵه‌وانى ئه‌وروپا و نازناوى خولى پریمه‌رلیگ ، به‌لاَم بروام وایه‌ ئه‌مه‌ ته‌نیا سوودى بۆیانه‌كه‌ هه‌بووه‌ ، هه‌لبژارده‌ى ئینگلیته‌را هیچ سودێكى لىَ نه‌بینیوه‌ ، ئایا چه‌ند یاریزانى تازه‌ پێگه‌یشتوو له‌ ریزى بلوز سه‌ركه‌توون بۆ تیپى یه‌كه‌مى هه‌لبژارده‌ى ئینگلته‌را .

له‌لایه‌كى تر ئه‌گه‌ر سه‌رنجێك له‌ مێژووى مان سیتى بده‌ین مێژوویه‌كى ئه‌وتۆى نه‌بوو ،یاخود خاوه‌ن تیپێك نه‌بوو بتوانێت ركابه‌رى بكات له‌سه‌ر نازناوه‌ گه‌وره‌كان ، به‌لاَم دواى ئه‌وه‌ى گرووپى ئه‌بو زه‌بى بۆ وه‌به‌ر هێنان ئه‌م یانه‌یه‌ى كرى ، توانى پێكهاته‌یه‌كى تۆكمه‌ درووست بكات و چه‌ندین گرێبه‌ستى گران به‌ها ئیمزا بكات ، یانه‌كه‌ بكاته‌ یه‌كێك له‌ به‌هێزترین یانه‌كانى پریمه‌ر لیگ ، به‌لاَم خه‌ریكه‌ ئه‌م یانه‌یه‌ش سوودى بۆ تۆپى پىَ ئینگلیزى نابێت و ورده‌ ورده‌ یاریزانه‌ ئینگلیزیه‌كان له‌ ده‌ست ده‌دات و رۆیشتنى جۆهارت له‌ یانه‌كه‌ و هاتنى برافۆ شایه‌تیه‌كى حاشا هه‌ڵنه‌گره‌ ،چونكه‌ به‌برواى من هارت هیچى له‌ برافۆ كه‌متر نیه‌ و له‌ یارى دێربى شارى مانچسته‌ر هه‌له‌كانى گۆلچى پێشووى به‌رشلۆنه‌مان بینى، ئێستاش پێكهاته‌ى یانه‌كه‌ ته‌نیا دوو یاریزانى ئینگلزى ده‌بیندرێت به‌شێوه‌ى سه‌ره‌كى یارى بكه‌ن ئه‌وانیش جۆن ستۆنز و ره‌حیم سترلینگ ،زۆربه‌ى ره‌گه‌زنامه‌ى یاریزانانى ئه‌م یانه‌یه‌ له‌ پێكهاته‌ى سه‌ره‌كى ئیسپانى و ئه‌رجه‌نتینى و ئه‌فه‌ریقى و ئه‌ڵمانى و به‌لجیكى و سربیه‌ .

 

ئه‌گه‌ر چاوێك به‌ئه‌نجامه‌كانى هه‌لبژارده‌ى ئینگلته‌را بخشێنینه‌وه‌ به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ رابردوو ، ئێستا بۆت ده‌رده‌كه‌وێت هه‌لبژارده‌ى ئینگلته‌را ئه‌و هه‌لبژارده‌یه‌ نه‌بوو بتوانێت ركابه‌رى بكات له‌سه‌ر نازناوه‌ گه‌وره‌كان و یۆرۆى (2016)فه‌ره‌نسا باشترین شایه‌تن ، هه‌لبژارده‌یه‌كى وه‌ك وێڵز بۆیه‌كه‌م جاره‌ به‌شدارى ده‌كات ركابه‌رى ده‌كات له‌سه‌ر پله‌كانى پێشه‌وه‌ ، پرتوگال خاوه‌ن خولێكه‌ ده‌توانێم بلێم زیاتر به‌چه‌ند پله‌یه‌ك له‌ دواى خولى پریمه‌ر لیگه‌ ده‌بێته‌ پاڵه‌وان ، كه‌واته‌ تۆپى پىَ ئینگلیزى نه‌یتوانیوه‌ سوود له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندى یانه‌كان وه‌ربگرێت .

 

باجارێكى تر بگه‌رێینه‌وه‌ بۆمێژوو له‌وه‌ته‌ى وه‌رزى (2005-2006)هیچ یاریزانێكى ئینگلیزى خه‌لاَتى باشترین یاریزانى خولى پریمه‌رلیگى به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌ ، واته‌ ماوه‌ى شه‌ش وه‌رزه‌ یاریزانانى ئینگلیزى له‌ نازناوى باشترین یاریزانى خولى ولاَته‌كه‌یان بىَ به‌شن دوا هه‌مین نازناو یاریزانى مان یونایتد واین رۆنى له‌وه‌رزى (2009-2010)به‌ده‌ستى هێنا ، به‌ڵكۆ نازناوه‌كان یاریزانانى وێڵزى و هۆڵه‌ندى و ئۆرگوایى و به‌لجیكى و جه‌زائیرى بونه‌ته‌ خاوه‌نى ئه‌م خه‌لاَته‌ ،ئه‌مه‌ش لێدانێكى كوشنده‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستى یاریزانه‌كانى ئه‌م ولاَته‌، جارێكى تر بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت ده‌وڵه‌مه‌ندى یانه‌كان زیانی به‌یاریزانانى ئینگلیزى گه‌یاندووه‌ .

 

ئه‌گه‌ر به‌راوردێكى خێرا له‌نێوان خولى ئیسپانى و خولى ئینگیلزى بكه‌یت ، له‌وانه‌ ئه‌و پرسیاره‌ت بۆدرووست بێت ، بڵێیت ئه‌وه‌تا نیه‌ له‌ ئیسپانیا یانه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان گرێبه‌ستى گران به‌ها ئیمزا ده‌كه‌ن سودیان لى َبینیوه‌ ؟ ،بۆچى بۆ ئینگلیزه‌كان زیانه‌ ؟
بێگومان قوتابخانه‌ى تۆپى پىَ یانه‌كان له‌ ئیسپانیا له‌م دوایه‌ توانیان خزمه‌تێكى گه‌وره‌ى تۆپى پىَ ماتادۆر بكه‌ن به‌تایبه‌ت هه‌ردوو قوتابخانه‌ى لاماسیاى به‌رشلۆنه‌ و كاستیایى ریال مه‌درید، ئێستا چه‌ند یاریزانێكى لاوى ئیسپانى له‌خولى ئه‌ڵمانیا و ئینگلیزى و ئیسپانى و پرتوگالى و فه‌ره‌نسى یارى ده‌كه‌ن ،به‌لاَم ئایا چه‌ند یاریزانى لاوى ئینگلیزى له‌م خوله‌ به‌هێزانه‌ ده‌بیندرێن ، بیگومان كه‌من ، له‌لایه‌كى تر ئیسپانیه‌كان به‌سوود وه‌رگرتن له‌ ئه‌زمونى یاریزانانى به‌رشلۆنه‌ و چه‌ند یاریزانێكى ترى پیشگه‌رى له‌خوله‌كانى تر توانیان نازناوى یۆرۆ و جامى جیهانى به‌ده‌ست بهێنن له‌ماوه‌ى شانزه‌ ساڵى رابردوو ، به‌لاَم ئینگلیزیه‌كان جگه‌ له‌ شكست هیچ سودێكیان له‌ ئه‌زمون و ده‌وڵه‌مه‌ندى یانه‌كان وه‌رنه‌گرتووه‌ ، بۆیه‌ به‌برواى من ده‌وڵه‌مه‌ندى یانه‌كانى ئینگلیزى زیانى بۆ تۆپى پىَ و ئه‌ولاَته‌ هه‌یه‌ ،جگه‌ له‌ ناوبانگى یانه‌كان سودێكى ئه‌تۆى نابێت بۆهه‌لبژارده‌ى ئینگلته‌را.

 

 


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە


Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP