بەرشەلۆنە پلان دەگەڕێت دژی ریاڵ مەدرید

12/4/2019 5:05:00 PM 12994 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

كیلیان مباپێی یاریزانی یانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی یەكێكە لەو یاریزانانەی لە لایەن زۆرێك لە یانە گەورەكانی ئەوروپاوە چاودێری دەكرێت لە پێناو گواستنەوەی بۆ ریزەكانی یانەكەیان، لە گرنگترینیان هەردو یانەی بەرشەلۆنە و ریاڵ مەدریدی ئیسپانیە.

لە پرۆگرامی چیرینگیتۆی ئیسپانی باس لەوە دەكرێت كە یانەی بەرشەلۆنە بە پلانێكی بەهێزەوە خۆی بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە ئامادەكردوە و دەیەوێت بچێتە نێو ململانێیەكی توندەوە لەگەڵ یانەی ریاڵ مەدرید لە پێناو بەدەستهێنانی تواناكانی مباپێ.

ئیدواردۆ ئیندای رۆژنامەنوسی ئیسپانی پلانی یانەی بەرشەلۆنە ئاشكرادەكات و دەلێت "ئەو یانەیە بە نیازە 120 ملیۆن یۆرۆ و ئەنتۆنیۆ گریزمان و عوسمان دێمبڵی بداتە یانەی پاریس سان جێرمان تەنها لە پێناو بەدەستهێنانی تواناكانی مباپێ".

پێشتر یانەی پاریس سان جێرمان بو یەكێك بو لەو یانانەی كە گرنگی زۆری دەدا بە گواستنەوەی عوسمان دێمبڵی كاتێك ئەو یاریزانە لە یانەی بڕوسیا دۆرتمۆند یاریی دەكرد، بەڵام دواجار ئەو یاریزانە یانەی بەرشەلۆنەی هەڵبژارد، لە ئێستاشدا بەهۆی زۆری پێكانەكانیەوە ئیدارەی یانەی بلوگرانە دەیەوێت ئەو یاریزانە بخاتە نێو گرێبەستی بەدەستهێنانی مباپێ.

جگە لە عوسمان، گریزمانیش یەكێك بو لەو یاریزانانەی كە یانەی پاریس سان جێرمان هەوڵی گواستنەوەی دەدا، بۆیە پێدەچێت بەهۆی ئەو دو یاریزانەوە یانە بەرشەلۆنە خەونی چەند ساڵەی پێرێز لە ناوبەرێت و ئەو یاریزانە بەرە و ریزەكانی یانەكەی بگوازێتەوە.



Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP