ئەمشەو ڕێوڕەسمی خەڵاتی باڵۆن دۆر بەڕێوەدەچێت

12/2/2019 3:00:00 PM 8525 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

بڕیارە ئەمشەو لە رێوڕەسمێكدا خەڵاتی باڵۆن دۆری ژمارە 64 دابەش بكرێت و بدرێتە ئەو یاریزانەی كە باشترینی ساڵ دیاریدەكرێت، بۆ خەڵاتەكەی ئەمساڵ و لەسەر ئاستی باشترین یاریزان، 30 پاڵێوراو بەدی دەكرێن، كە سەرئەنجام خەڵاتەكە دەدرێتە یەكێك لەو 30 یاریزانە.

پێش ئەوەی رۆژنامەكە بە شێوەیەكی فەرمی براوەی ئەو خەڵاتە دیاریبكات، هەندێك زانیاری دزەیان پێكراوەو باس لەوە دەكرێت كە لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی خەڵاتەكە بەدەست دەهێنێت، ڤێرجیل ڤان دایکی هۆڵەندی و لیۆنێل مێسی ئامادەی ئاهەنگەكە دەبن، بەڵام كریستیانۆ بە بیانوی بەشداریكردن لە ئاهەنگی دیاریكردنی باشترینەكانی ساڵی 2019 ئیتاڵیا دەچێتە شاری میلانۆ و بەشداری ئاهەنگی بالۆن دۆر ناكات.

باڵۆن دۆر یان تۆپی زێڕین، خەڵاتێکی ساڵانەی تاکەکەسییە، دەدرێت بەو یاریزانەی کە دەبێتە باشترین یاریزانی ساڵ و لەلایەن گۆڤاری فرانس فوتبۆڵی فەرەنسییەوە پێشکەشدەکرێت، لە ساڵی 1956ەوە ئەم خەڵاتە دەدرێتە باشترین یاریزان، بەڵام لە نێوان ساڵانی 2010 بۆ 2016 ئەم خەڵاتە بە هاوبەشی لەگەڵ فیفا دەبەخشرایە باشترین یاریزان، 
رێكەوتنەكەی فیفا و فرانس فوتبۆڵ بە شێوەیەك بو كە بۆ ماوەی 6 ساڵ خەڵاتەکە پێکەوە بدەنە باشترین یاریزان، فیفا خەڵاتی باشترینەکەی خۆی لابرد و تۆپە ئاڵتونیەکەی فرانس فوتبۆڵیان دەبەخشیە باشترین یاریزان، وە خەڵاتەکە بە ناوی فیفا باڵۆن دۆرەوە بو،  فیفا بۆ ئەو ڕێکەوتنە 13 ملیۆن پاوەندی دایە گۆڤارە فەرەنسیەکە، دواتر جیانی ئینفانتینۆ کە بوە سەرۆکی فیفا ئەم رێکەوتنەی درێژنەکردەوەو لە 2016 ەوە فیفا خەڵاتێکی دیكەی باشترین یاریزانی داناو شێوەی جامەكەشی گۆڕی و ناوی نا زەبێست، لە دوای ئەوەوە گۆڤارەكە خۆی بە تەنها خەڵاتەكەی دابەشكردەوە، بەڵام ساڵی رابردو گۆڕانکاری تێداكراو دو خەڵاتی دیکەش زیادکران کە یەکێكیان باڵۆن دۆری خانمان بو ئەوەی دیکەش خەڵاتی کۆپایە کە دەدرێتە باشترین یاریزانی لاو، ئەمساڵ خەڵاتێکی دیکەش پێشکەشدەکرێت ئەویش خەڵاتی یاشینە بۆ باشترین گۆڵپارێز.

 بۆ رێوڕسمەكەی ئەمشەو دیدێ درۆگبای کۆتدیڤواری پێشکەشکار دەبێت، ئەو هۆڵەی کە ئاهەنگەکەی لێدەکرێت ناوی شاتلێیە و لە شاری پاریسە، بۆ دیاریكردنی باشترینەكان 173 رۆژنامەوان دەنگیانداوە، كە شێوازی دەنگدانەكە بە نهێنیە و هەر رۆژنامەنوسێك دەبێت پێنچ یاریزان بخاتە لیستێکەوە و لە سەرەوە بۆ خوارەوە خاڵەکان دابەشدەکرێن، ناوی یەکەم شەش خاڵ، ناوی دوەم چوار خاڵ، ناوی سێیەم سێ خاڵ، چوارەم دو خاڵ و پێنجەمیش خاڵێک.

هەر کەسێکیش لەسەر سێ پێوەر باشترین یاریزان یان ئەو یاریزانەی کە شەش خاڵەکەی پێدەدرێت دیاریدەکات، یەکەمیان ئاستی تاکەکەسی و بەکۆمەڵە، دووەمیان رەوشتی یاریزانەکەیە، سێیەمیش بە شێوەیەكی گشتی مێژوی یاریكردنی ئەو یاریزانە دەگرێتەوە.



Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP