مێسی لە ئانفێڵد چی بە یاریزانەكان وتوە

11/30/2019 10:59:00 AM 11303 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

فیلمێكی دیۆكۆمێنتاری بچوك لەسەر وەرزی رابردوی یانەی بەرشەلۆنە دروستكراوە، كە باس لە چالاكییەكانی ئەو یانەیە دەكات لە یارییەكانی وەرزی رابردو لەگەڵ ئەو ڕكابەرییانەی ئەنجامیانداوە.

بەشێك لەو فیلمە بەڵگەنامەیە باس لە شكستەكەی یانەی بەرشەلۆنە دەكات بەرامبەر یانەی لێڤەرپوڵ، كە تێیدا یاریزانانی یانەی بەرشەلۆنە دەردەكەون لە چەند خولەكێك دوای شكستەكەیان بەرامبەر لێڤەرپوڵ.

وەرزی رابردو هەرچەندە یانەی بەرشەلۆنە لە نێو یاریگەی كامپ نۆ بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێ وەڵام سەكەوتنیان بەسەر یانەی لێڤەرپوڵ تۆماركرد، بەڵام لە یاریی گەڕانەوەدا یانەی لێڤەرپوڵ شكستێكی گەورەی بەسەر ئەو یانەیە هێنا و بە چوار گۆڵی بێ وەڵام یارییەكەیان لێبردنەوە، ئەمەش هەمان سیناریۆی ساڵی رابردوتری بیری ئەو تیمە خستەوە، كە یانەی رۆما لە ئۆڵۆمپیكۆ شكستی بە یانەی بەرشەلۆنە هێنا و لە پاڵەوانێتییەكە دوریخستەوە.

لە بەشێكی ئەو فیلمەدا مێسی دەردەكەوێت كە لە نێوان نیوەی یەكەمی یارییەكە و پێش دەستپێكردنەوەی نیوەی دوەم قسە بۆ یاریزانانی یانەكەی دەكات و دەڵێت "دەی هاوڕێیان ئێمە ئامادەین، دەبێت بیرتان بێتەوە ئەوەی وەرزی رابردو بەرامبەر رۆما بەسەرمان هات، هەڵەی ئێمە بو نەك كەسێكی دیكە".

مێسی دەشڵێت "ئێمە هەڵەمان كرد و نەمانتوانی هەلەكان بقۆزینەوە بۆ تۆماركردنی گۆڵ، بۆیە پێویستە زۆر بە باشی یاریی بكەین ئەگەر دەمانەوێت بگەینە یاریی كۆتایی چامپیۆنس لیگ".



Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP