ڤیدیۆ.. ئینتەرمیلان سەركەوتنی تۆماركرد و هیوای بۆ گەڕاییەوە

11/28/2019 10:27:00 AM 4347 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

 لە كۆمەڵەكەی یانەی بەرشەلۆنە، ئینتەرمیلان لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بوە میوانی یانەی سلاڤیا پراگی چیکی و شكستی بەو یانەیە هێنا و سێ خاڵی گرنگی بەدەستهێنا و هیوای گەیشتن بە قۆناغی دوەمی چامپیۆنس لیگی بۆ گەڕاییەوە.

لە نیوەی یەكەمی یارییەكەدا هەردو یانە بە گۆڵێك هاوتا بون، گۆڵەکەی ئینتەر لاوتارۆ مارتینێز کردی و تۆماس سۆسیچ بە لێدانی سزا گۆڵەکەی سلاڤیای هێنا.

لە نیوەی دوەمدا ئینتەر توانی دو گۆڵ لەلایەن یاریزانان لوکاکۆ و لاوتارۆ مارتینێز تۆماربكات، بەم ئەنجامەش یانەی نێراتزۆری گەڕایەوە نێو کەشی پاڵەوانێتییەکە و پلەی دوەمی کۆمەڵەکەی وەرگرت، یاری داهاتوشی بەرامبەر بە بەرشەلۆنەیە لە نێو یاریگەی جۆسێپی میاتزا.

 

لەم یارییەدا لۆكاكۆ بە ئاستێكی بەرز دەركەوت و لەگەڵ ئەوەی خۆی گۆڵێكی تۆمار كرد، دو گۆڵیشی بۆ لاوتارۆ مارتینێز دروست كرد، هەر بەم هۆیەشەوە ئەو یاریزانە یەكێكە لە پاڵێوراوەكانی باشترین یاریزانی ئەم هەفتەیەی چامپیۆنس لیگ.


نیشانەکردن :

#ئینتەر #چامپیۆنس لیگ

Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP