ڤیدیۆ.. بەرشەلۆنە گەڕاییەوە پێشەنگی یانەكانی ئیسپانیا

10/30/2019 9:54:00 AM 7786 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

لە میانەی یارییەكانی هەفتەی یانزەیەمی خولی یانەكانی ئیسپانیا یانەی بەرشەلۆنە لە نێو یاریگەی كامپ نۆ میوانداری یانەی بەلەد وەلیدی كرد و سەركەوتنێكی گەورەی بەسەر ئەو یانەیەدا تۆماركرد و مێسی-ش سێ ریكۆردی نوێی تۆماركرد.

یاریزانانی یانەی بەرشەلۆنە لەم یارییەدا بە ئاستێكی بەرز دەركەوتن و هەر لە سەرەتایی یارییەكەوە توانیان دەستپێشخەری بكەن لە تۆماركردنی گۆڵ و لە خولەكی (2) لینگلیت گۆڵی پێشكەوتنی بۆ یانەی خاوەن یاریگە تۆماركرد، پاشان ئۆلیڤاس لە خولەكی (15) گۆڵی بەرامبەری بۆ بەلەد وەلید تۆماركرد، لە خولەكی (29)ی یارییەكەشدا بە ئاسیستێكی مێسی ڤیداڵ گۆڵی دوەمی بۆ یانە كەتەلۆنییەكە تۆماركرد، پاشان لیۆنێل مێسی بە لێدانێكی راستەوخۆ لە خولەكی (34)ی یارییەكەدا گۆڵی سێیەمی بۆ بەرشەلۆنە تۆماركرد، كە ئەمەش گۆڵی ژمارە (50)ی بو كە لە ژیانی وەرزشی تۆماریكردوە، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی ئەو گۆڵانەی لە دەرەوەی هێڵی سزا تۆماریكردون گەیاندییە (100) گۆڵ.

لە نیوەی دوەمی یارییەكەدا و لە خولەكی (75) لیۆنێل مێسی توانی گۆڵی دوەمی خۆی و چوارەمی یانەكەی تۆمار بكات، بەمەش مێسی پێش رۆناڵدۆ كەوت بە تۆماركردنی زۆرترین گۆڵ و لە ئێستادا ئەو ئەستێرە ئەرجەنتینییە خاوەنی (608) گۆڵە، دوای دو خولەك لەم گۆڵەش سوارێز گۆڵی پێنجەمی بۆ یانەی بەرشەلۆنە تۆماركرد، كە ئەم گۆڵەش تایبەتمەندی خۆی هەبو بۆ ئەو هێرشبەرە ئۆرۆگواییە و ژمارەی ئەو یانە جیاوازانەی كە لە خولی ئیسپانی گۆڵی لێ تۆماركردن گەیاندییە 27 یانە.

بەم بردنەوەیەش یانەی بەرشەلۆنە بە كۆكردنەوەی 22 خاڵ پێشەنگی یانەكانی ئیسپانیای گرتوە هەرچەندە ئەو یانەیە یارییەكی كەمتری ئەنجامداوە.

 


نیشانەکردن :

#مێسی #بەرشلۆنە

Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP