میلان دەیەوێت شۆرش بكات

10/19/2019 3:14:00 PM 1791 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

راپۆرتی رۆژنامەكانی ئیسپانیا ئاشكرایان كردوە كە بەرپرسانی یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی بیر لەوە دەكەنەوە كە پیپ گواردیۆی ئیسپانی راهێنەری یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی بۆ ریزەكانی یانەكەیان بگوازنەوە، لە پێناو دوبارە بونیاد نانەوەی میلان.

رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی ڕایگەیاندوە، كە بەرپرسانی یانەی میلان بەهۆی خراپی ئەنجامەكانی یانەكە و بەردەوام گۆڕینی راهێنەر لە یانەكە لە دۆخێكی خراپدان و دەیانەوێت لە رێگەی پیپ گواردیۆلاوە جارێكی دیكە میلان بەهێز بكەنەوەو ئەو یانەیە بگەڕێتەوە نێو گێبركێی یانە بەهێزەكانی ئەوروپا و لە ئیتاڵیاش پێگەیەكی بەهێزی هەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش كارگێڕی یانەكە تەنها گواردیۆلا بە شیاوی ئەوە دەزانن كە میلان بۆ سەكۆی نازناوەكان بگەڕێنێتەوە.

هەمان سەرچاوە ئەوەشی ئاشكراكردوە، كە تا ئێستا ئەو راهێنەرە ئیسپانییە لەگەڵ كاربەدەستانی یانەكەی نەگەیشتۆتە رێككەوتنی نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی و ئەگەری زۆرە هاوینی ئەمساڵ ریزەكانی مان سیتی جێبهێڵێت.

مۆندۆ ئەوەشی ئاشكرایكردوە، كە جگە لە گواردیۆلا، ماركۆس ئۆڤەرماسی هۆڵەندی و بەرێوبەری جێبەجێكاری وەرزشی یانەی ئەیاكس ئەمستردام، پاڵێوراوێكی بەهێزە بۆ ئەوەی ببێتە بەرێوبەری وەرزشی میلان و یانەكەش لە پێناو ڕازی بونی پیپ، ئەو راهێنەرە دەست كراوە دەكەن لە ئەنجامدانی گرێبەستی نوێ.


نیشانەکردن :

#گواردیۆلا #میلان

Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP