ڤیدیۆ.. ناپۆلی توانی لێڤەرپوڵ رابگرێت

9/18/2019 8:57:00 AM 1974 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

لە چوارچێوەی یارییەكانی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بۆ وەرزی نوێ و لە قۆناغی كۆمەڵەكان و لە گەڕی یەكەمدا یانەی ناپۆلی لە یاریگەی سان پاولۆ میوانداری یانەی لێڤەرپوڵی ئینگلیزی و پاڵەوانی وەرزی رابردوی چامپیۆنس لیگی كرد.

نیوەی یەكەمی یارییەكە بە بێ گۆڵ كۆتایی هات و یاریزانانی هەردو یانە سەركەوتو نەبون لە تۆماركردنی گۆڵ و هەژاندنی تۆڕی گۆڵی یەكتری.

بەڵام لە نیوەی دوەمی یارییەكەدا یاریزانانی یانەی ناپۆلی بە سود وەرگرتن لە یاریگە و هاندەرانی خۆیان لە دواین 10 خولەكی یارییەكەدا هێرشەكانیان چڕتر كردەوە بۆ سەر گۆڵی یانەی میوان و لە ئەنجامدا درایس مارتینێز لە خولەكی (82)ی یارییەكەدا گۆڵی پێشكەوتنی بۆ یانەكەی تۆماركرد بە لێدانی سزا، لە دوا خولەكی یارییەكەشدا یاریزانی ئیسپانی فێرناندۆ لۆرێنتی گۆڵی دوەمی بۆ یانەی ناپۆلی تۆماركرد.

سەرئەنجام یارییەكە بە دو گۆڵی بێ وەڵام لە بەرژەوەندی یانەی ناپۆلی كۆتایهات و پاڵەوانی ئەوروپاش لە یەكەمین یاریی وەرزی نوێدا دوچاری شكست بۆوە.



Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP