ئەگەری دواكەوتنی گرێبەستەكەی نێیمار هەیە

8/27/2019 2:55:00 PM 9312 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ئەمرۆ دواین دانیشتنی خۆی لەگەڵ یانەی پاریس سان جێرمان ئەنجام دەدات لە پێناو گەڕانەوەی نێیمار دا سیلڤای بەرازیلی بۆ ریزەكانی یانەكەی.

راپۆرتی رۆژنامەكانی ئیسپانیا باس لەوە دەكەن، كە ئەگەری زۆرە دانیشتنەكەی ئەمرۆی بەرپرسانی ئەو دو یانەیە شكست بهێنێت، چونكە یانەی بەرشەلۆنە ناتوانێت وا بەئاسانی گواستنەوەی ئەو یاریزانە ئەنجام بدات و بەو گرێبەستەی ئامادەی كردوە ناتوانێت بەرپرسانی یانە پاریسییەكە رازی بكات.

هۆكاری قورسی گرێبەستەكەی بەرشەلۆنە و پاریس بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە یانەی پاریس سان جێرمان لە ئێستادا تواناكانی هەر یەكە لە كاڤانی و مباپێی لەدەست داوە بەهۆی پێكانەوەو یانەكەش نایەوێت بە ئاسانی نێیمار لە دەست بدەن.

رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانیش ئاشكرایكردوە، كە ئەگەری زۆرە بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە گرێبەستی ئەو یاریزانە بۆ وەرزی داهاتو دوابخەن و لە مێركاتۆی ئایندەدا بە بەهای 170 ملیۆن یۆرۆ ئەو یاریزانە بۆ ریزەكانی یانەكەیان بگەڕێنەوە.

هەمان سەرچاوە ئەوەشی ئاشكراكردوە، كە بەهۆی ئەو هێرشبەرە زۆرانەی لە ئێستادا لە یانەی بەرشەلۆنە بونی هەیە، بەرپرسانی یانەكەش زۆر جدی نین لە گواستنەوەی ئەو یاریزانە بەرازیلییە.



Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP