دوای 40 ساڵ خانمانی ئێران رێگەیان پێدەدرێت بچنە نێو یاریگەكان

8/25/2019 5:34:00 PM 2408 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

دوای ئەوەی یەكێتی تۆپی پێی جیهانی فشارەكانی بۆ سەر یەكێتی تۆپی پێی ئێران چڕتركردەوەو هەڕەشەی سزادانی لێكردن، كاربەدەستانی ئەو وڵاتە ڕەزامەندیان نواند بە چونە ژورەوەی خانمانی ئێران بۆ یارییەكانی هەڵبژاردەی ئێران لە چوارچێوەی پاڵاوتنی مۆندیالی 2022ی قەتەر كە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتودا یارییەكانی دەستپێبكات.

سەرچاوەكان لە فیفاوە باس لەوە دەكەن كە جانی ئیڤانتینۆی سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی جیهانی لە ماوەی رابردودا داوای كردبو كە رێگە بە خانمان بدرێت ئامادەی بینینی یارییەكانی ئێران بن، وە بەڵێنی بە یەكێتی تۆپی پێی ئێرانی دابو ئەگەر رێگەیان پێنەدەن سزای قورس بەسەر ئەو هەڵبژاردەیە بسەپێنێت.

لەمبارییەوە جەمشید تاغی زادە بەرپرسی یاسایی لە وەزارتی وەرزشی ئێران وتی.. رێگە دەدەین بە خانمان كە بچنە نێو یاریگەی ئازادی لە تارانی پایتەخت لە 10ی ئۆكتۆبەری 2019، بۆ بینینی یاریی نێوان هەڵبژاردەی ئێران و كەمبۆدیا لە یارییەكانی پاڵاوتنی مۆندیالی قەتەر.

لە ساڵی 1979ەوە و دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، خانمانی ئەو وڵاتە بۆیان نەبوە ئامادەی بینینی هیچ یارییەك بن لە نێو یاریگەكانی ئەو وڵاتە، دوای 40 ساڵ ئەمە یەكەمین جارە كە رێگە دەدرێت بە خانمان بۆ بینینی یاریكان و ئەو یاساییە هەڵدەوشێنرێتەوە كە خانمان بۆیان نەبو بچنە نێو یاریگەكان.


نیشانەکردن :

#جیهان

Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP