یه‌كێتى تۆپی پێی كوردستان بڕیار و راسپارده‌ى نوێی ده‌ركرد

8/17/2019 8:41:00 PM 896 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 17/8/2019 به‌ ئاماده‌بوونى سه‌رۆك و جێگر و سه‌رجه‌م ئه‌ندامه‌كانى، یه‌كێتى تۆپی پێی كوردستان كۆبوونه‌وه‌ى ئاسایی خۆى ئه‌نجامدا و، بڕیار و راسپارده‌ى نوێی ده‌ركرد، كه‌ ئه‌مانه‌ى خواره‌وه‌ بوون:

1- په‌ڵپى یانه‌ى سۆران له‌سه‌ر یانه‌ى ئاڵا له‌ خولى پله‌یه‌كى لاوانى كوردستان ره‌تكرایه‌وه‌، ئه‌مه‌یش دواى به‌دواداچوون و لێكۆڵینه‌وه‌، ده‌ركه‌وت یاریزانى لاوانى ئاڵا (محه‌ممه‌د ئازاد) ژماره‌ (21) له‌ یانه‌ى پێشووى مافى ده‌ستبه‌رداربوونى وه‌رگرتووه‌ و هیچ یارییه‌كى ئه‌نجام نه‌داوه‌، ئه‌مه‌یش به‌ پێی رێنماییه‌كانى یه‌كێتى تۆپی پێی كوردستان رێگه‌پێدراوه‌.

2- به‌ هۆى رووداوه‌كانى یارى كۆتایی خولى نایابى فوتساڵى كچانى كوردستان، له‌ نێوان هه‌ردوو یانه‌ى سیروانى نوێ و چۆمان و ته‌واو نه‌كردنى یارییه‌كه‌، بڕیاردرا به‌:

• ته‌واوكردنى یارییه‌كه‌ به‌ زیادكردنى پێنج خوله‌ك بۆ هه‌ر گێمێك، ئه‌گه‌ر یارییه‌كه‌ به‌ یه‌كسانبوون كۆتایی هات، په‌نا ده‌برێته‌ به‌ر لێدانه‌كانى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى سزا.
• یارییه‌كه‌ له‌ رۆژى پێنجشه‌ممه‌ 22/8/2019 له‌ كاتژمێر 5:00 ـى ئێواره‌، له‌ هۆڵى كۆلێژى په‌روه‌رده‌ى وه‌رزشى زانكۆى كۆیه‌، به‌ بێ ئاماده‌بوونى هانده‌ر ئه‌نجام ده‌درێت.
• یارییه‌كه‌ به‌ هه‌مان لیستى ناوى یاریزانان و ئه‌نجامى یارى و ده‌سته‌ى ناوبژیوانان و سه‌رپه‌رشتیارى یارى، ته‌واو ده‌كرێت.

3- یارییه‌كانى قۆناغى كۆتایی پاڵه‌وانیه‌تى فێرگه‌كانى تۆپی پێی كوردستان، له‌ رۆژى دووشه‌ممه‌ 26/8/2019 له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ى شه‌هید ئه‌نجام ده‌درێت.

4- كۆبوونه‌وه‌ى هونه‌رى و راكیشانى تیروپشك بۆ پاڵه‌وانیه‌تى فێرگه‌كانى تۆپی پێی كوردستان، له‌ رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ 25/8/2019 له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ى شه‌هید ئه‌نجام ده‌درێت.

5- ده‌ستنیشانكردنى ته‌مه‌نى یاریزانان بۆ تیپه‌كانى تازه‌پێگه‌یشتووان و لاوان بۆ وه‌رزى 2019/2020 به‌مشێوه‌یه‌ى خواره‌وه‌ ده‌بێت:

• بۆ تیپه‌كانى لاوان، یاریزانانى له‌ دایكبووى (2001) به‌سه‌ره‌وه‌ ده‌توانێ یارى بكات، له‌گه‌ڵ سێ یاریزانى له‌ دایكبووى (2000) بۆ هه‌ر تیپێك.
• بۆ تیپه‌كانى تازه‌پێگه‌یشتووان، یاریزانانى له‌ دایكبووى (2003) بۆ سه‌ره‌وه‌ ده‌توانێ یارى بكات، له‌گه‌ڵ سێ یاریزانى له‌ دایكبووى (2002) بۆ هه‌ر تیپێك.

6- چالاكییه‌كانى یه‌كێتى تۆپى پێی كوردستان بۆ وه‌رزى 2019/2020 به‌مشێوه‌یه‌ى خواره‌وه‌ ده‌بێت:

• خولى نایابى كوردستان رۆژى پێنجشه‌ممه‌ 17/10/2019 ده‌ست پێده‌كات، خوله‌كه‌ به‌ شێوازى خول به‌ دوو قۆناغ به‌رێوه‌ ده‌چێت، دوو یانه‌ بۆ ریزى یانه‌ پله‌یه‌كه‌كانى كوردستان بۆ وه‌رزى 2020/2021 داده‌به‌زن.

• خولى نایابى لاوانى كوردستان رۆژى هه‌ینى 18/10/2019 ده‌ست پێده‌كات، خوله‌كه‌ به‌ یه‌ك گرووپ به‌ یه‌ك قۆناغ ئه‌نجام ده‌درێت، دوو یانه‌ بۆ ریزى یانه‌ پله‌یه‌كه‌كانى لاوانى كوردستان بۆ وه‌رزى 2020/2021 داده‌به‌زن.

• خولى پله‌یه‌كى كوردستان رۆژى چوارشه‌ممه‌ 20/11/2019 ده‌ست پێده‌كات، خوله‌كه‌ به‌ یه‌ك گرووپ به‌ یه‌ك قۆناغ ئه‌نجام ده‌درێت، چوار یانه‌ بۆ ریزى یانه‌ پله‌دووه‌كانى كوردستان بۆ وه‌رزى 2020/2021 داده‌به‌زن.

• خولى نایابى فوتساڵى کچانی كوردستان رۆژى هه‌ینى 6/12/2019 ده‌ست پێده‌كات، خوله‌كه‌ به‌ یه‌ك گرووپ و به‌ دوو قۆناغ به‌رێوه‌ ده‌چێت، دوو یانه‌ بۆ ریزى یانه‌ پله‌یه‌كه‌كانى فوتساڵى کچانی كوردستان بۆ وه‌رزى 2020/2021 داده‌به‌زێت.

7- كۆبوونه‌وه‌ى هونه‌رى و راكێشانى تیروپشك بۆ خوله‌كانى (نایاب، پله‌یه‌ك، نایابى لاوان و نایابى فوتساڵى کچان) ـى كوردستان، له‌ رۆژى شه‌ممه‌ 31/8/2019 له‌ كاتژمێر 11:00 به‌یانى له‌ هۆڵى (هۆتێل كوارتز) له‌ هه‌ولێر ئه‌نجام ده‌درێت، بۆ هه‌ر تیپێك (نایاب، پله‌یه‌ك، فوتساڵ و نایابى لاوان) ته‌نیا یه‌ك نوێنه‌ر ئاماده‌ ده‌بێت، به‌ مه‌رجێك ئه‌ندامى ده‌سته‌ى كارگێرى یانه‌ بێت.

8- له‌ یارى نێوان زانكۆى جیهان و ئارارات له‌ خولى نایابى تازه‌پێگه‌یشتووانى كوردستان، به‌ هۆى به‌كارهێنانى وته‌ى ناشیرین و ده‌رچوون له‌ گیانى وه‌رزشى، له‌ لایه‌ن یاریده‌ده‌رى پزیشكى یانه‌ى زانكۆى جیهان (فه‌لاح حه‌سه‌ن)، بڕیاردرا به‌:

• راگرتنى ناوبراو بۆ یه‌ك یارى، كه‌ نابێت له‌ نێو یاریگه‌ ئاماده‌بێت.
• غه‌رامه‌كردنى ناوبراو به‌ بڕى 250000 دوو سه‌د و په‌نجا هه‌زار دینار.

9- به‌ هۆى كه‌مته‌رخه‌مى ده‌سته‌ى ناوبژیوانانى یارى نێوان ئاڵا و سۆران له‌ خولى پله‌یه‌كى لاوانى كوردستان، كه‌ نه‌خشه‌سازى و هێلكارى یاریگه‌ وه‌ك پێویست نه‌بووه‌، بڕیاردرا به‌ راگرتنى ناوبژیوانان (محه‌ممه‌د عه‌بدولره‌زاق، سه‌فین قادر، سۆران كاوه‌ و محه‌ممه‌د فه‌یسه‌ڵ) بۆ ماوه‌ى دوو هه‌فته‌.

10- له‌ یارى نێوان سۆلاڤ و ئاشتى له‌ خولى پله‌یه‌كى لاوانى كوردستان، به‌ هۆى ره‌وشتى ناوه‌رزشى و فرێدانى پێڵاو بۆ ناوبژیوانان، له‌ لایه‌ن یاریزانى یانه‌ى سۆلاڤ (ئیدریس عاسى) بڕیاردرا به‌:

• راگرتنى ناوبراو بۆ ماوه‌ى یه‌ك ساڵ، واته‌ له‌ وه‌رزى 2019/2020 له‌ یارى كردن بێبه‌ش ده‌بێت.
• غه‌رامه‌كردنى ناوبراو به‌ بڕى 150000 سه‌د و په‌نجا هه‌زار دینار.

11- له‌ یارى نێوان ئاشتى و جیهان له‌ خولى نایابى تازه‌پێگه‌یشتووانى كوردستان، به‌ هۆى رووداوه‌كانى یارییه‌كه‌ و لێكدان و شه‌ڕ له‌ نێوان یاریزانانى هه‌ردوو یانه‌، بڕیاردرا به‌:

• راگرتنى هه‌ردوو یاریزان (عه‌لى ره‌فعه‌ت) له‌ یانه‌ى جیهان ژماره‌ (2) و (مشتاق عه‌بدوڵڵا) له‌ یانه‌ى ئاشتى ژماره‌ (8) بۆ دوو یارى و، غه‌رامه‌كردنى هه‌ریه‌كێكیان به‌ بڕى 150000 سه‌د و په‌نجا هه‌زار دینار.
• بڕیاردرا به‌ راگرتنى (ماكوان سه‌عید) ئه‌ندامى ده‌سته‌ى كارگێرى یانه‌ى ئاشتى بۆ دوو یارى، كه‌ نابێت له‌ نێو یاریگه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ى ئاماده‌بێت و، غه‌رامه‌كردنى به‌ بڕى 250000 دوو سه‌د و په‌نجا هه‌زار دینار.

12- له‌ یارى نێوان خاك و پیشه‌سازى له‌ خولى پله‌یه‌كى تازه‌پێگه‌یشتووانى كوردستان، به‌ هۆى لادان له‌ یاساكانى تۆپی پێی به‌ نه‌بوونى پارێزه‌رى قاچ (واقیه‌) له‌ لایه‌ن یاریزانانى یانه‌ى پیشه‌سازى و به‌رێوه‌نه‌چوونى یارییه‌كه‌، بڕیاردرا به‌ هه‌ژماركردنى ئه‌نجامى یارییه‌كه‌ به‌ (3-0) گۆڵ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى یانه‌ى خاك.

13- له‌ یارى نێوان بابه‌گوڕگوڕ و هێرش له‌ خولى پله‌یه‌كى تازه‌پێگه‌یشتووانى كوردستان، به‌ هۆى هێرشكردن و جنێودان به‌ ده‌سته‌ى ناوبژیوانان له‌ لایه‌ن (شوان خدر) راهێنه‌رى یانه‌ى هێرش، بڕیاردرا به‌:

• راگرتنى ناوبراو بۆ یه‌ك یارى، كه‌ نابێت له‌ نێو یاریگه‌ ئاماده‌بێت.
• غه‌رامه‌كردنى ناوبراو به‌ بڕى 250000 دوو سه‌د و په‌نجا هه‌زار دینار.

14- ئاگادارى سه‌رجه‌م یانه‌ به‌شداربووه‌كانى چالاكى یه‌كێتییه‌كه‌مان ده‌كه‌ینه‌وه‌، بۆ هه‌موو تیپه‌كان پێویسته‌ لۆگۆى یه‌كێتى تۆپی پێی كوردستان له‌سه‌ر قۆڵى راستى درێسى یاریزانان به‌ روونى هه‌بێت، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ناوبژیوانان ته‌نیا پێنج خوله‌ك ده‌وه‌ستن و یاساكانى تۆپی پێی جێبه‌جى ده‌كرێت، هه‌ر یاریزانێكیش لۆگۆى یه‌كێتییه‌كه‌مانى له‌سه‌ر درێس نه‌بێت مافى یارییكردنى نابێت.

15- به‌ هۆى كه‌مته‌رخه‌مى یانه‌ى ئاڵتون كۆپرى به‌ ئاماده‌نه‌كردنى یاریگه‌ و هێلكارى یاریگه‌، بڕیاردرا به‌ غه‌رامه‌كردنى یانه‌ى ئاڵتون كۆپرى به‌ بڕى 300000 سێسه‌د هه‌زار دینار، پێویسته‌ بۆ یارییه‌كانى داهاتوو یاریگه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى جوان گونجاو ئاماده‌ بكه‌ن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ سزاكان توندتر ده‌بن.

16- بڕیاردرا به‌ گواستنه‌وه‌ى سه‌رجه‌م یارییه‌كانى داهاتووى یانه‌ى ده‌روازه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ى یاریگه‌ى خۆیان، ئه‌مه‌یش به‌ هۆى كه‌مته‌رخه‌مى و ئاماده‌نه‌كردنى یاریگه‌ به‌ تایبه‌ت ژووى جلگۆڕینى یاریزانان و ده‌سته‌ى ناوبژیوانان و سه‌رپه‌رشتیارى یارى.


نیشانەکردن :

#ناوخۆیی

Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP