پاریس سانجێرمان ڕازی بوە نێیمار بگەڕێتەوە بەرشەلۆنە

7/30/2019 2:08:00 PM 27580 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

رۆژنامەی سپۆرتی كەتەلۆنی ئاشكرایكردوە كە یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی رەزامەندی نیشانداوە بۆ ئەوەی نێیمار داسیلڤا ریزەكانی یانەكەی جێبهێڵێت و بگەڕێتەوە یانەی بەرشەلۆنە، بەڵام مەرجی هەیە بۆ گەرانەوەی ئەو یاریزانە.

یانەی پاریس سانجێرمان تا ئێستا سەرجەم ئەو گرێبەستانەی رەتكردۆتەوە كە یانەی بەرشەلۆنە لە پێناو گواستنەوەی نێیمار پێشكەشی یانە پاریسییەكەی كردوە، كە زیاتر بەرشەلۆنە دەیەوێت لە رێگەی ئاڵوگۆڕپێكردنی یاریزانەوە نێیمار بگەرێنێتەوە.

سەرەتا یانەی پاریس سانجێرمان بەهای 300 ملیۆن یۆرۆی لەسەر ئەو یاریزانە دانابو بۆ ئەو یانانەی هەوڵی گواستنەوەی نێیمار دەدەن و دەیانەوێت بەرەو یانەكەیان بیگوازنەوە.

بەڵام رۆژنامەی سپۆرتی كەتەلۆنی لە هەواڵێكیدا ئاشكرایكردوە.. كە بەرپرسانی یانەی پاریس سانجێرمان ئامادەی خۆیان نیشانداوە بۆ ئەوەی بە 180 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری نێیمار ببن و یاریزانەكە بگەرێتەوە یانەی بەرشەلۆنە، كە ئەم نرخە نزیكەی 120 ملیۆن یۆرۆ كەمترە لەو بڕە پارەیەی سەرەتا نرخی ئەو یاریزانەیان پێ دیاریكردبو.

هەمان سەرچاوە ئەوەشی ئاشكرا كردوە كە ئەو یانە فەرەنسیە نرخی ئەو یاریزانەیان بۆ 180 ملیۆن یۆرۆ دابەزاندوە ، بەڵام مەرجی ئەوەیان هەیە كە یانەی بەرشەلۆنە 180 ملیۆن یۆرۆكەیان بە پارە پێبدات، نەك بە پێدانی یاریزان و بە بۆندی ئاڵوگۆڕپێكردن.



Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP