رۆما ئەستێرەیەكی مەدریدی دەگوازێتەوە

7/18/2019 6:43:00 PM 4518 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

تۆڕی كاڵچۆ مێركاتۆ لە هەواڵێكیدا ئاشكرایكردوە كە یانەی رۆمای ئیتاڵی دوای بێهیوا بونی لە گواستنەوەی گۆنزالۆ هیگواین بۆ ریزەكانی یانەكەی لە ئێستادا هەوڵی بەدەستهێنانی تواناكانی یاریزانی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدی ئیسپانی دێیگۆ كۆستا دەدات.

هەمان سەرچاوە باس لەوە دەكات كە هۆكاری شكستهێنانی گواستنەوەی هیگواین بۆ یانەی رۆما بەهۆی داواكارییە زۆرەكانی یانەی یۆڤانتۆسەوە بوەو ئامادە نەبون بە خواستن یاریزانەكە بدەنە یانەی رۆما.

پێشتر هیگواین لە مێركاتۆی هاوینەی رابردو بە شێوەی خواستن روی لە یانەی میلان كرد، پاشان ئەو یاریزانە لە گواستنەوەی زستانەو بە شێوەی خواستن روی لە یانەی چێلسی كرد، بەڵام هیگواین لە هەردو یانەكە شكستی هێناو هیچ یانەیەكیان ئامادە نەبون گرێبەستەكەی لە خواستنەوە بكەنە هەمیشەی.

دوای هاتنی ساری بۆ یانەی یۆڤانتۆس لە ئێستادا ئەو یاریزانە لە هەوڵی ئەوەدایە متمانەی راهێنەر جارێكی دیكە بەدەست بهێنێتەوەو بە هیچ شێوەیەك نایەوێت ریزەكانی یانەی یۆڤانتۆس بە جێبهێڵێت، بەڵام لە ئەگەری گواستنەوەی ئیكاری بۆ یانەی یۆڤانتۆس پێدەچێت ئەو یاریزانە بە ناچاری ریزەكانی یۆڤانتۆس جێبهێڵێت.



Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP