دی یۆنگ برینی ریاڵییەكان دەكولێنێتەوە

7/11/2019 4:27:00 PM 7656 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

فرانكی دی یۆنگی یاریزانی نوێی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە نوێترین لێدوانیدا كە بە جل و بەرگی یانەی بەرشەلۆنەوە خۆی نمایشكرد، هێرش دەكاتەوە سەر یانەی ریاڵ مەدریدی و برینی هاندەرانی ئەو یانەیە دەكولێنێتەوە.

دی یۆنگی هۆڵەندی لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ماڵپەری فەرمی یانەی بەرشەلۆنە باس لە سێ خۆشترین كاتی ژیانی دەكات كە پەیوەندیان بە یانەی بەرشەلۆنەوە هەبوبێت.

ئەو یاریزانە لاوە هۆڵەندیە دەڵێت یەكێك لە كاتەخۆشەكانی ژیانم كە پەیوەندی بەم یانەیەوە هەبێت.. یاریی كۆتایی چامپیۆنس لیگی ساڵی 2011 بو، یەكێكی دیكە لەو ساتەوەختە خۆشانەم سەركەوتنی یانەی بەرشەلۆنە بو بەسەر یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی بە پێنج گۆڵی بێ وەڵام، بەراستی بەرشەلۆنە لەو كاتانەدا لەو پەری بەهێزیدا بو، هەرگیز تیمێكم نەدیوە هاوشێوەی ئەوان بێت.

دی یۆنگ لە قسەكانی بەردەوامەو باس لە سێیەمین ساتەوەختی خۆشی دەكات لەگەڵ بەشەلۆنەو دەڵێت.. لە 30ی مانگی 10ی ساڵی 2015 لە نێو یاریگای كامپ نۆ ئامادە بوم بۆ بینینی یاریی بەرشەلۆنە و ریاڵ بیتێس، ئەو كات لە نێو یاریگادا بە خۆمم دەوت زۆر زەحمەتە بتوانم رۆژێك لەم یاریگایەدا یاریی بكەم، بەڵام ئەوەتا ئێستا ئاواتەكەم هاتۆتە دی و پێویستە بە تەواوی خۆم ماندو بكەم لە پێناو ئەوەی بیسەلمێنم كە شایستەی ئەم جێگایەم.

هەروەها لە كۆتایدا ئەو یاریزانە باس لەوە دەكات كە سەرەتای خۆشویستنی بۆ یانەی بەرشەلۆنە دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 2006 كە لە یاریی كۆتایی بەرامبەر یانەی ئارسناڵ یاریی كرد و توانی نازناوەكە بەدەستبهێنێت، ئیدی لەو رۆژەوە من بومە هاندەرانی یانەی بەرشەلۆنە.



Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP