مۆرینیۆ باسى یارییەکەى بەرشەلۆنەو لێڤەرپوڵ دەکات

5/4/2019 1:24:00 PM 30292 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

جۆزێ مۆرینیۆى راهێنەرى پێشوى یانەى مانچستەر یونایتدى ئینگلیزى لە چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ کەناڵى (RT)  باس لە یاریى گەرانەوەى یانەى بەرشەلۆنەو لێڤەرپوڵ دەکات و پاڵێوراوى سەرەکى گەیشتن بە یاریی کۆتایی ئاشکرا دەکات.

مۆرینیۆ سەبارەت بە یاریی یەکەمى نێوان هەردوو یانە دەڵێت.. لێڤەرپوڵ یارییەکى باشى ئەنجامدا، کلۆپ هەڵەى کرد لە بەشداریى پێکردنى فێرمینیۆ چونکە ئەو یاریزانە بە شێوەیەکى تەواوى ئامادە نەبوو بۆ ئەنجامدانى یارییەکە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە درێژاى 20 ساڵى رابردوو یانەى لێڤەرپوڵ باشترین ئاستى خۆى بەرامبەر یانەى بەرشەلۆنە پێشکەش کرد، سێ هەلی گۆڵ تۆمارکردنیان لەدەستدا کە تۆمارکردنى تەنها گۆڵێک ئەنجامى یارییەکەى دەگۆڕی.

مۆرینیۆ ووتیشى.. مێسی لە هەر یارییەکدا دەتوانێت ئەنجامەکە بۆ یانەکەى یەکلا بکاتەوە، ئەو بەردەوام ئاستى لەبەرەوپێشچوندایە، توانیوێتى لێدانە راستەوخۆکان بەشێوەیەکى باش جێبەجێ بکات بەهۆى زۆری راهێنان کردنییەوە، بەراستى مێسی یاریزاناێکى زۆر نایابە.

مۆرینیۆ لە بارەى یاریی گەرانەوەوە ووتى.. ئەنجامى (3 - 0) زۆر قورسە لە سەر یانەى لێڤەرپوڵ و بوارى بۆ ئەوە نەهێشتۆتەوە پێشبینى بۆ یاریی گەرانەوە ئەنجام بدەیت، ئەگەر ئەنجامەکەى (2-0) بوایە ئەگەرى رودانى هەر ئەنجامێک هەبوو، بەڵام بەرشەلۆنە یەک گۆڵ تۆمار بکات دەبێت لێڤەرپوڵ پێنج گۆڵ تۆمار بکات، بۆیە پێشبینى دەکەم بەرشەلۆنە سەرکەوتن بۆ یاریی کۆتایی چامپیۆنس لیگ بەدەست بهێنێت.

بڕیارە رۆژى سێ شەممەى داهاتوو یانەى لێڤەرپوڵ لە نێو یاریگاى خۆیدا و لە یاریى گەرانەوە میواندارى یانەى بەرشەلۆنە بکات.



Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP