ئـەنجامی یاریەکانی قۆناغی کۆتای خولی یانەپلەدووەکان

4/22/2019 5:51:00 PM 2092 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت - مەڕوان طالب

 

کـێبڕکێکانی خـولی یانەپلەدووەکانی کوردستان بەردەوامی هەیە و ئـەمڕۆ دووشـەممە لە هەفتەی سـێیەم و قۆناغی کۆتای چەندین یاری گرنگ بەڕێوەچوو .

لــەکۆمەڵەی یـەکەم ســێ یاری گـرنگ ئەنجام درا .

لـەبەردەم جـەماوەرەکەیدا چـەمچەماڵ گـۆڵبارانی یانەی کـەیوانی کرد ، نـیوەی یـەکەم لـە بەرژەوەندی چـەمچەماڵ بـە سێ گۆڵی ( حـسام یعقوبی دووگۆڵ و چـۆمان عومەر ) کـۆتای هات .
نـیوەی دووەمیش چەمچەماڵ بـەردەوام بوو لە هەژاندنی گۆڵی کەیوان چـوار گۆڵی تری تـۆمار کرد لـەڕێگەی یـاریزانان ( سامان دووگۆڵ و بەختیار و وریا )ەوە سـەرەنجام یاریەکە بـە ئەنجامێکی گەورە بە حەوت گۆڵی بێ وەڵام بەسودی چەمچەماڵ کۆتای هات و سێ خاڵی زێڕینی بەدەستهێنا .
بـەم ئـەنجامە چـەمچەماڵ خـاڵەکانی بـەرزکردەوە بۆ شەش هاتە خانەی دووەم ، کەیوانیش بە خاڵێکەوە خانەی کۆتای گرتووە .

ڕانـیە لە یاریگای خۆیدا سێیەم بردنەوەی لەسەریەکی تۆمارکرد کاتێک بە دووگۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە سیروانی شارەزووری بردەوە ، دووگۆڵەکەی ڕانیە ( سۆران ) تۆماری کرد ، تاکە گۆڵەکەی سیروان ( محمد شریف ) تۆماری کرد . 
بـەم ئەنجامە ڕانیە خاڵەکانی گەیاندە نـۆ و پێشەنگی ڕیزبەندی بەهێزترکرد ، سیروانی شارەزووریش بە هەمان سێ خاڵ دابەزیە خانەی چوارەمی . 

یانەی بازیان لەسەر یاریگای ئاشتی سـێ خاڵی گرنگی لە شۆریجە وەرگرت ، نـیوەی یەکەمی یاریەکە بە گۆڵێکی ( شاڵاو عباس ) بەسودی بازیان کۆتای هات . 
نـیوەی دووەم یانەی بازیان بەردەوام بوون لە تۆمارکردنی گۆڵ توانیان دووگۆڵی تر تۆماربکەن لەڕێگەی یاریزانان ( دیـاری و  گـەیلان ) یاریەکەش بە سێ گۆڵی بێ وەڵام بەسودی بازیان کۆتای هات .
بـەم ئەنجامە بازیان خاڵەکانی گەیاندە شەش و خانەی سێیەمی گرتووە و شۆریجەش بە خاڵێکەوە خانەی پێش کۆتای گرتووە .


لـە کـۆمەڵەی دووەمیش سێ یاری گرنگ ئەنجام درا .

یـانەی شەقڵاوە لە دەرەوەی یاریگای خۆی سێ خاڵی لە زانکۆی جیهان وەرگرت ، نیوەی یەکەمی یاریەکە بە گۆڵێکی ( احمد عزیز ) بەسودی شەقڵاوە کۆتای هات .
نیوەی دووەم جارێکی تر شەقڵاوە تۆڕی زانکۆی هەژاندەوە ئەمجارە لە ڕێگەی ( هـۆگر شەهاب )ەوە و یاریەکەش بە دووگۆڵی بێ وەڵام بەسودی شەقڵاوە کۆتای هات .
بـەم ئەنجامە شەقڵاوە بە شەش خاڵەوە هاتە خانەی دووەمی ڕیزبەندی و زانکۆش دابەزییە خانەی چوارەم .

لە یـاریگای دووەمی شەهید فرانسۆ هەریری یانەی جیهان پێشوازی کرد لە یانەی ڕەواندوز ، ڕەواندوز توانی سەرکەوتنێکی گرنگ بەدەستبهێنێت لەدەرەوەی یاریگای خۆی کاتێک بە گۆڵێکی بێ وەڵام یاریەکەی بردەوە ، تاکە گۆڵی ڕەواندوز ( نوح شەعبان ) لە نیوەی یەکەم تۆماری کرد .
بـەم ئـەنجامە ڕەواندوز خاڵەکانی گەیاندە حەوت هاتە پێشەنگی ڕیزبەندی و جیهانیش هیچ خاڵێکی نییە و خانەی کۆتای گرتووە .

لە یاریەکی بەهێز و گرنگدا یانەی خەبات میوانداری لە پیشەسازی کرد ، نیوەی یەکەم بەبێ گۆڵ کۆتای هات ، نیوەی دووەم جارێکی تر نزیک بوو لەوەی یاریەکە بەبێ گۆڵ کۆتای بێت بەڵام لە خولەکەکانی 89 و 92 دا ( خـۆگر شەهاب ) دووگۆڵی یەک لەدوای یەکی بۆ پیشەسازی تۆمارکرد و سێ خاڵی پێشکەشی یانەکەی کرد .
بـەم ئەنجامە پیشەسازی بە شەش خاڵەوە هاتە خانەی سێیەم و خەباتیش بەهەمان سێ خاڵ خانەی پێنجەمی گرتووە .


نیشانەکردن :

#ناوخۆیی

Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP