ڤیدۆ.. تۆتنهام خۆی گەیاندە چوارگۆشەی زێڕین

4/18/2019 2187 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

لەچوارچێوەی یارییەكانی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا و لەقۆناغی چارەكی كۆتایی و لە یاریی گەڕانەوەدا یانەی مانچستەرسیتی لە یاریگای خۆیدا میوانداری یانەی تۆتنهامی كرد.

 

پێشترو لە یاریی چوندا تۆتنهام یارییەكەی بە گۆڵیكی بێ وەڵام لە بەرژەوەندی خۆی كۆتایی پێ هێنابوو، بۆیە لەسەر یانەی مان سیتی پێویست بوو سەركەوتن بە جیاوازی دوو گۆڵ بەدەست بهێنێت.

 

لە نیوەی یەكەمی یارییەكەو لە خولەكی (4) رەحیم ستێرلیگ گۆڵی پێشكەوتنی بۆ یانەكەی تۆمار كرد، بەڵام لە خولەكەكانی (7 و 10)ی یارییەكەدا مین سۆنگ دوو گۆڵی لەسەر یەكی بۆ تۆتنهام تۆمار كرد، پاشان لە خولەكی (11) بێرناردۆ سیلڤا گۆڵی دووەم و بەرامبەری بۆ یانەی مانچستەر سیتی تۆمار كردەوە، یاریزانانی سیتی لە فشار خستنە سەر گۆڵی یانەی میوان بەردەوام بوون تا لە خولەكی (21) رەحیم ستێرلینگ گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی مان سیتی تۆمار كرد، نیوەی یەكەمی یارییەكە بە پێشكەوتنی خاوەن یاریگا كۆتایی هات بە ئەنجامی (3-2) گۆڵ.

 

لەنیوەی دووەمی یارییەكە كوڕانی گواردیۆلا لە هێرشەكانیان بەردەوام بون و لەخولەكی (59) سێرجیۆ ئەگوێرۆ گۆڵی چوارەمی بۆ یانەكەی تۆمار كرد، دوای ئەم گۆڵەو لە خولەكی (73) فێرناندۆ لۆرێنتی گۆڵی سێیەمی بۆ تۆتنهام تۆمار كرد، لەدوا خولەكی یارییەكە رەحیم ستێرلینگ گۆڵێكی بۆ یانەكەی تۆمار كرد بەڵام بە بیانوی ئۆفساید رەتكراییەوە.

 

سەرئەنجام یانەی مانچستەر سیتی یارییەكەی بە ئەنجامی (4-3) گۆڵ بردەوە، بەڵام ئەم ئەنجامە گواردۆلای ڕزگار نەكردو یانەی تۆتنهام خۆی گەیاندە قۆناغی داهاتووی پاڵەوانێتیەكەو لەوێشدا بەرامبەر ئەیاكس ئەمستردام یاریی دەكات.



Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP