یارییەكانی خولی نایابی كوردستان

4/15/2019 9:36:00 AM 688 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت - مەڕوان طالب

 

کــێبڕکێکانی هەفتەی بیست و سێی خولی نایابی کوردستان سبەی سێ شەممە بەڕێوەدەچێت تیایدا چەندین یاری چارەنوسساز ئەنجام دەرێن .

پـێشمەرگەی هـەولێر لـە پـیرمام یاری لوتکە بەرامبەر ئارارات ئەنجام دەدات ، ئەم یاریە بۆ هەردوو یانەکە گرنگە بەجۆرێک جیاوازیان تەنها چوارخاڵە بۆیە تا دوا خولەک دەجەنگن هەردوو یانەکەش تەنها سەرکەوتن و سێ خاڵی یاریەکەیان دەوێت پ.هەولێر بە 41 خاڵ پێشەنگی گرتووە و ئاراراتیش بە 37 خاڵ خانەی سێیەمی ڕیزبەندی گرتووە بەجیاوازی گۆڵ لەگەڵ نەورۆز .

نــەورۆز لە یاریگای زانکۆی تایبەت بەخۆی میوانداری گازی باکوور دەکـات ، نـەورۆز تـەنها سەرکەوتن خزمەتی دەکات هەر ئەنجامێکی تر یانەکە لە کێبڕکێی نازناوەکە دووردەخاتەوە بە 37 خاڵ خانەی دووەمی گرتووە  ، لەبەرامبەردا گازی باکووریش بۆ ئەنجامێکی باش گەشتی سلێمانی کردووە یانەکە مەترسی دابەزینی لەسەرە ئامانجی سێ خاڵی یاریەکەیە تاڕادەیەکیش مانەوەی مسۆگەربکات بە 22 خاڵ خانەی دوازدەهەمی گرتووە .

پ.سلێمانی گەشتی شاری دهۆکی کردووە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ئەو یانەیە ،  هەردوو یانەکەش هەمان خاڵیان هەیە کە 33 خاڵە بۆیە پێشبینی دەکرێت یاریەکی بەهێز ئەنجام بدرێت لەنێوانیاندا بۆ ئەم یاریە دهۆک گورزێکی کوشندەی بەرکەوتووە کاتێک لە تواناکانی هەرسێ یاریزانی ( نێچیرڤان شوکری و ئەحمد زیڕۆ و سەردار عومەر ) بێبەش دەبێت  پ.سلێمانیش لە تواناکانی هێرشبەری (عەلا عەزاب) بێبەش دەبێت بەهۆی سێ کارتی زەردەوە .

دەربەندیخان لە دۆزەخی یانەکەکان باوەش بۆ هەندرێنی شاری هەولێر دەکاتەوە ، خاڵی بەهێزی دەربەندیەکان شکست نەهێنانە لە یاریگای خۆیاندا چاویان لەوەیە هەندرێن بکەنە قوربانیەکی تر بە 30 خاڵ خانەی حەوتەمی گرتووە بۆ ئەم یاریەش بێبەش دەبێت لەتواناکانی ( ئارام قادر ) بـەهۆی سێ کارتی زەردەوە ، لەبەرامبەردا هەندرێن دەیەوێت ئەو گرێ کوێرەیە بکاتەوە کە یانەکان گیریان خواردەوە بە دەست ئەم یاریگایەوە بۆیەکەمجار ئاهەنگی سەرکەوتن بگێڕێت بە 25 خاڵ خانەی دەیەمی گرتووە .

زێرەڤانی لە دهـۆک میوانداری برایەتی شاری هەولێر دەکات ، زێرەڤانی نازناوەکەی لەدەستداوە لەگەڵ ئەوەشدا چاوی لە پلەکانی پێشەوەیە بۆ سێ خاڵی یاریەکە دەجەنگێت بە 31خاڵ خانەی شەشەمی گرتووە ، لەبەرامبەردا برایەتی تەنها ئامانجی سەرکەوتنە تا مانەوەی خۆی تاڕادەیەک مسۆگەربکات بە 24 خاڵ خانەی یازدەهەمی گرتووە .

هـەولێر لەسەر یاریگای دووەمی شەهید فرانسۆ هەریری میوانداری لە زاخـۆ دەکات ، هەولێریەکان تەنها ئامانجیان سێ خاڵی یاریەکەیە تا خۆیان لەمەترسی دابەزین دووربخەنەوە بۆ ئەم یاریە تیپەکە گورزێکی کوشندەی بەرکەوتووە کاتێک لە تواناکانی چوار یاریزانی بێبەش دەبێت ئەوانیش ( هەرێم تەحسین و بیلال یوسف و ئەحمد حەسەن )بەهۆی بوونی سێ کارتی زەردەوە لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی بوونی کارتی سوور بێبەش دەبێت لە تواناکانی (ئەحمد فەرخۆ )بە 21 خاڵ خانەی پێشکۆتای (13) گرتووە ، زاخـۆش لە بارودۆخێکی تا ڕادەیەک جێگیردایە یانەکە لە ناوچەی دابەزین دوورکەوتۆتەوە لەگەڵ ئەوەشدا ئامانجی سێ خاڵی یاریەکەیە بە 26 خاڵ خانەی نۆیەمی گرتووە .

شێروانە لە کەلار لەبەردەم جەماوەرەکەیدا میوانداری ئاکرێی بریندار دەکات ، شێروانە لە دەرونێکی باشدایە لە ناوەڕاستی ڕیزبەندی خۆی جێگیر کردەوە ئامانجی سەرکەوتنە تا بەرەو پلەکانی پێشەوە هەنگاو بنێت ،لەبەرامبەردا ئاکرێ نزیک دەبێتەوە لە دابەزین تەنها سێ خاڵی یاریەکه برینی ئەو یانەیە تا ڕادەیەک ساڕێژدەکات هەر ئەنجامێکی تر یانەکە لە دابەزین نزیک دەکاتەوە بە 14 خاڵ خانەی کۆتای گرتووە بۆ ئەم یاریە بێبەش دەبێت لەتواناکانی ئەحمد عبدوللە بەهۆی بوونی سێ کارتی زەردەوە . .

سەرجەم یاریەکانیش لە کاتژمێر 3 بەڕێوەدەچن .


نیشانەکردن :

#ناوخۆیی

Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP