دێلپێرۆ هۆشیارى دەداتە یۆڤانتۆس

3/16/2019 4:38:00 PM 8805 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

ئەستێرەى تۆپی پێی ئیتاڵى و یاریزانى پێشووى یانەى یۆڤانتۆس ئەلکساندرۆ دێلپێرۆ پێی وایە کە دواین یاریی یانەى ئەجاکس ئەمستردامى هۆڵەندى ئاسەوارى سەرسامیەکى گەورەى بەسەر جیهانەوە بەجێهێشتوە.

لەلێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەى مارکاى ئیسپانى دێلپیرۆ ووتى.. ئاستى یاریزانانى یانەى ئەجاکس ئاستێکى ناوازەو سەرسوڕهێنەر بوو بەرامبەر ریاڵ مەدرید، توانیان وا لەتەواوى جیهان بکەن سەرسام بن بە ئاستى ئەو یاریزانە لاوانە سەرنجى هەموو لایەکیان بۆخۆیان ڕاکێشا.

ئەو گۆڵکارە مێژوییەى یانەى یۆڤانتۆس ووتیشى.. یانەى بیانکۆنێرى لە ئێستادا بە سەرکردایەتى رۆناڵدۆ بە دۆخێکى باشدا تێدەپەرێت و سەرکەوتنێکى گەورەیان بەسەر یانەى ئەتلەتیکۆ مەدریدا بەدەستهێنا، بەڵام دەبێت بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەجاکس بکەن و هەموو تواناى خۆیان بخەنە گەڕ لە پێناو بردنەوە لەو دوو یارییەدا، چونکە یاریزانانى ئەو یانە هۆڵەندییە لاو و مەترسیدارن.

لە تیروپشکى قۆناغى چارەکى کۆتایی خولى یانە پاڵەوانەکانى ئەوروپا یانەى یۆڤانتۆس کەوتە بەرامبەر یانەى ئەجاکس ئەمستردامى هۆڵەندى کە لە قۆناغى پێشوتردا سەرکەوتنێکى گەورەى بەسەر یانەى ریاڵ مەدرید تۆمار کردو ئەو یانە ئیسپانییەى لە پاڵەوانێتیەکە کردە دەرەوە کە ماوەى سێ ساڵى پێشوو پاڵەوانى ئەوروپا بوو.



Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP