ژیانى مورتەزا لە مەترسیدایە

12/17/2018 4:15:00 PM 26371 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

مورتەزا ئەو منداڵە ئەفغانیە بوو کە بە کیسی لاینۆن تیشێرتى هەڵبژاردەى ئەرژەنتیى دروست کرد لە خۆشەویستى زۆرى بۆ مێسی، ئەمەش دەنگدانەوەیەکى زۆرى لە جیهاندا هەبوو، تا کار گەیشتە ئەوەى ئەم منداڵە ئەفغانیە چاوى بە مێسی کەوت لە دوحەى یاتەختى قەتەڕ لە یارییەکى دۆستانەدا.

ئێستا مورتەزا ئەحمەدى تەمەنى حەوت ساڵە، بەڵام بەهۆى ئەو ناوبانگەى پەیدایکردووە بەوەى لە نزیکەوە چاوى بە مێسی کەوت، ژیانى کەوتۆتە مەترسییەوەو کێشەى بۆ خێزانەکەشی دروست کردوە.


ماڵى مورتەزا دەکەوێتە ناوچەى جاگۆرى لە هەرێمى غەنزە، بەڵام یەکێک لە براکانى ئەم منداڵە باس لەوە دەکات بەهۆى خراپی و ئاڵۆزیەوە ئەو ناوچەیەى خۆیان بەجێهێشتوەو چوونەتە کابوڵ لە پێناو پاراستنى ژیان و ماڵیان، چونکە بە گوتەى براکەى مورتەزا دواى ئەوەى ئەو منداڵە لە نزیکەوە چاوى بە مێسی کەوتوە خەڵکى ئەو ناوچەوەیە وا تێگەیشتوون کە مێسی پارەیەکى زۆرى بە مورتەزا داوە، بۆیە بەردەوام بە دەورى ماڵەکەیاندا خەڵکێکى نەناسراو سوڕانەتەوەو چاودێرى ماڵى مورتەزایان کردووە، ئەمانیش بە ناچارى و لە ترسی ئەوەى زیانیان پێنەگات ناوچەکەى خۆیان جێهێشتووە.


لەکۆتاییدا مورتەزا لە زارى خۆیەوە داواى یارمەتى دەکات بۆ ئەوەى ئەفغانستان جێبهێڵێت، چونکە مەترسی لەسەر ژیانى هەیەو دەیەوێت داهاتویەکى باشى هەبێت لە پێناو ئەوەى ببێتە یاریزانى تۆپی پێ وەک مێسی و دەیەوێت لە خوێندنگایەکى وەرزشى تۆپی پێ بخوێنێت درێژە بە ژیانى بدات.

 

 

 

 



Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP