هازارد باس لە جێهێشتنی یانەی چێڵسی دەکات

9/30/2018 12:02:00 PM 37459 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت -

ئیدین هازاردی بەلجیکی و ئەستێرەی یانەی چێڵسی دوای یاریەکەیان بەرامبەر لیڤەرپوڵ لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، "من زۆر دڵخۆشم لەگەڵ ڕاهێنەری نوێ و بڕیاری مانەوەم لە چێڵسی بڕیارێکی دروست بوو".

هازارد بە کەناڵی "بی تی سپۆرتی" وتووە، "دوای کۆتاییهاتنی مۆندیال دەمویست یانەکەم بەجێبهێڵم چونکە هەمیشە خەون بەوەوە دەبینم لە ئیسپانیا یاری بکەم، بەڵام دوای دانیشتن لەگەڵ ئیدارەی چێڵسی و ڕاهێنەر بڕیاری مانەوەمدا".

سەبارەت بە جێهێشتنی یانەی چێڵسی، ئەستێرە بەلجیکیەکە ئاشکرایکردووە، "دەکرێت ساڵی داهاتوو یان دوو ساڵی دیکە چێڵسی جێبهێڵم". ئاماژەی بەوەشکردووە، "تا دوو ساڵی دیکە گرێبەستم هەیە لەگەڵ چێڵسی، بەڵام دەکرێت گرێبەستێکی نوێ بکەم یان بڕۆم، تا ئێستا نازانم".
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا هازارد لە چێلسی کۆتایی بە ژیانی وەرزشی دەهێنێت، هازارد ڕایگەیاندووە، "هەموو شتێک دەگونجێت، هاندەرانی بلوز منیان خۆش دەوێت، منیش یانەکە و شارەکەم خۆشدەوێت".

لە وەرزی گواستنەوەی هاوینەی ئەمساڵ، دەنگۆی پەیوەندیکردنی هازارد بە یانەی ڕیاڵ مەدریدەوە بڵاوکرایەوە، بەڵام دواجار هازارد بڕیاری مانەوەی دا لە ڕیزەکانی یانەی چیڵسی.



Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP