پۆگبا مۆرینۆ توشی شۆکێکی چاوەڕواننەکراو دەکات

9/30/2018 11:02:00 AM 50760 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت -

سەرچاوە ڕۆژنامەوانیەکانی ئینگلتەرا ڕایانگەیاند، پۆل پۆگبای فەڕەنسی و ئەستێرەی یانەی مانچستەریونایتد خۆزێ مۆرینۆی ڕا‌هێنەری یانەکەی توشی شۆکێکی چاوەڕواننەکراو دەکات.

بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی "میرەر"ی ئینگلیزی، پۆگبا بە هاوڕێکانی وتووە لە یانەی ماچستەر یونایتد کە کۆڵنادات لە ڕوبەڕوبونەوەی مۆرینۆ و بڕیاریداوە پابەند نەبێت بە بڕیارەکانی و بەهیچ جۆرێک لەژێر سەرکردایەتی ئەو ڕاهێنەرە یاری نەکات.

پۆگبا لەدوای شکستە گەورەکەیان بەرامبەر یانەی وێستهام ڕەخنەی توندی لە پلانەکانی مۆرینۆی ڕاهێنەر گرت کە بە شێوازی بەرگریکردن یاری کرد لەناو یاریگای خۆیاندا لە ئۆڵدترافۆرد.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، پەیوەندی پۆگبا و مۆرینۆ لەوپەڕی خراپیدایە و دواین کاردانەوەش سەندنەوەی شارەی کاپتنی بوو لە پۆگبا لەلایەن ڕاهێنەرە پورتوگالیەکەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەیانەی مانچستەر بە ڕۆژنامەکەی وتووە، پۆگبا ئامادەیە شارەی کاپتنی ڕادەستبکاتەوە، بەڵام تا دوا دەرفەت کۆڵنادات و ململانێی توند دەکات لەگەڵ مۆرینۆ.

مانچستەر یونایتد لەم وەرزەی خولی ئینگلیزی لەژێر سەرپەرشتی مۆرینۆی پورتوگالی ٧ یاری ئەنجامداوە و سێ یاری دۆڕاندووە و یاریەکیش یەکسان بووە و دەنگۆی لادانی مۆرینۆ لە پۆستەکەی بووەتە باس و خواسی ڕۆژنامەکان.



Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP