زۆرینەی پاڵێوراوانی باشترین یاریزانی جیهان ئەوروپین

7/25/2018 11:40:00 AM 11179 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت -

یەکێتی تۆپی پێی جیهان ناسراو بە فیفا، لیستی پاڵێوراوانی وەرگرتنی خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهانی بڵاوکردەوەو تێیدا 10 یاریزان رکابەری لەسەر ئەو خەڵاتە دەکەن و چاوەڕوانی بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگەکانن.

خەڵاتی زە بێست هەموو ساڵێك دەدرێتە باشترین یاریزانی جیهان و بۆ ئەو مەبەستەش براوە دەبێت دەنگی زۆرینە بەدەستبهێنێت و ئەوەش دوای ململانێیەکی زۆر و بەدەستهێنانی نازناوی گەورە دەتوانن ئەو خەڵاتە بەرزبکەنەوە، ئەوەی تێبینیمان کردووە لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا هەریەکە لە لیۆنێل مێسی گۆڵکاری یانەی بەرشلۆنەو کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی یەکەمی پێشووی یانەی ریاڵ مەدرید پادشای بەدەستهێنانی ئەو نازناوە بوون هەریەکێکیان 5 جار ئەو نازناوەی بەرزکردووەتەوە.

لەنێو لیستەکەی فیفادا 10 یاریزان دەبیندرێن و لەمڕۆوە رکابەرییەکان لەسەر بەدەستهێنانی ئەو نازناوە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و باسی لێوەدەکرێت، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت 8 یاریزانانیان هەڵگری ناسنامەی کیشوەری ئەوروپان و یاریزانێکیان ئەمریکای لاتین و یەکێکیشیان لە کیشوەری ئەفەریقیاوە رکابەری خەڵاتی زە بێست بۆ ساڵی 2018 دەکات.

لیستەکە بەم جۆرە لەلایەن فیفاوە بڵاوەکراوەتەوە: کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی، لیۆنێل میسی ئەرژەنتینی کیلیان مباپێ و ئەنتوان گریزمان و رافائیل ڤارانی فەرەنسی، ئیدن هازارد و کیڤن دی برۆینی بەلژیکی و لۆکا مۆدریچ کراوتی و هاری کەینی ئینگلیزی و لەنێویاندا محەمەد سەڵاحی میسری.

ئەوەی بووەتە جێی سەرنجی هەوادارانی وەرزشی ناوی نێیمار دا سیلڤای بەرازیلی نابیندرێت کە سەرەڕای ئەوەی گرانترین یاریزانی مێژووە.

لەو لیستەدا تەنها مێسی و سەڵاح هەلگری ناسنامەی ئەوروپا نین، مێسی لە ئەرژەنتینەوەو فیرعەونە بچووکەکەش لە میسرەوە رکابەری بەدەستهێنانی زە بێست دەکەن.

پێدانی ئەو خەڵاتە لەسەر ئاست و توانانی یاریزانەکەوە حساب دەکرێت و لەنێوانی سێی مانگی تەمموزی 2017ەوە تاکو 15ی تەمموزی 2018 هەڵسەنگاندن بۆ ئەو یاریزانە دەکرێت و بەپێی ئاستی یاریکردنی لەو ماوەیەدا دەنگی پێدەدرێت.

خەڵاتی زە بێست لە 24ی ئەیلولی ئەمساڵ لە لەندەنی پایتەختی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا لە شەوە ئاهەنگێکدا دەدرێتە براوەو پاڵەوانی ساڵ.

خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان ماوەی شەش ساڵ بەهاوبەشی لەنێوان هەردوو رێکخراوی فیفاو گۆڤاری فرانس فوتبۆڵی فەرەنسی ئامادە دەکراو دەدرایە باشترین یاریزانی ساڵ، بەڵام لەدوای 2016ەوە ئەو دوو دامەزراوەیە لێکجیابوونەوەو هەریەکێکیان بەجیا دەیبەخشێتە یاریزانەکە.

هەڵبژاردنی باشترین یاریزانی جیهان بۆ بردنەوەی خەڵاتی زە بێست بەم جۆرەیە: 25% دەنگەکان کاپیتانی هەڵبژاردەی وڵاتەکان دەیدەنە یاریزانەکان و 25%ی دیکەی دەنگەکان دەکەوێتە ئەستۆی را‌هێنەری هەڵبژاردەکان و 25% دیکەش لەرێگەی دەنگدانی رۆژنامەنووسان و میدیاکارە بەناوبانگەکانەوە دەبێت و ئەوەی دەمێنێتەوە بەگوێرەی دەنگدان دەبێت لەسەر ماڵپەری فەرمی فیفاو هەموو کەس دەتوانێت دەنگ بدات بەو یاریزانەی کە ئارەزووی دەکات ببێتە باشترینی ساڵ و خەڵاتی زە بێست بەرز بکاتەوە.



Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP