پێرلۆ بۆچونی خۆی دەربارەی چونی ڕۆناڵدۆ بۆ یۆڤانتۆس دەربڕی

7/24/2018 5:58:00 PM 30613 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت -

ئەندریا پێرلۆی ئیتاڵی و یاریزانی پێشووی یانەکانی ئەی سی میلان و یۆڤانتۆس باس لە چوونی رۆناڵدۆ بۆ خانمە پیرەکە دەکات و ئەو گرێبەستە بەکارێکی ناوازە لە قەڵەم دەدات.

لەلێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی سکای سپۆرتی ئیتاڵی پێرلۆ وتوویەتی "چوونی رۆناڵدۆ وەک پێویستییەکی گرنگ بوو بۆ یانەی یۆڤانتۆس و ئەو یاریزانە لەتوانایدایە کاری گەورە بۆ ئەو یانەیە بکات و نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپایان لەگەڵدا بەدەستبهێنێت".

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا پیرلۆی ئیتاڵی بە پەرۆشەوە وتوویەتی "من زۆر ئاسوودەم کە پاڵەوانێکی گەورەی وەک رۆناڵدۆ لە ریزەکانی یۆڤانتۆس دەبینم".

لە کۆتایی قسەکانیدا یاریزانەکەی پێشووی یانەی خانمە پیرەکە وتوویەتی "کڕینی یاریزانێکی وەک رۆناڵدۆ نزیکبوونەوەی یانەی یۆڤانتۆسە لە بەدەستهێنانی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بۆ وەرزی داهاتوو، هەر ئەو گرێبەستە بەکارێکی جوانی ئیدارەی یانەکە دەبینم".

رۆناڵدۆ وەرزی داهاتوو بەدرێسی خانمە پیرەکەوە یاریی دەکات و بەبۆندێک کە بڕەکەی 105 ملیۆن یۆرۆ بوو سانتیاگۆ بیرنابیۆی بۆ سێریا ئەی بەجێهێشت.



Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP