بەرشلۆنە شۆڕشی خۆنوێکردنەوە بەرپادەکات

7/21/2018 11:47:00 AM 57738 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت -

یانەی بەرشلۆنەی کەتەلۆنی بۆ وەرزی نوێ بەنیازە شۆڕشی خۆنوێکردنەوە بەرپا بکات و بۆ ئەو مەبەستە بەنیازە چەند گرێبەستێکی گەورە ئیمزا بکات.

ئەوەی لە راگەیاندنەکانی جیهانەوە باسی لێوەدەکرێت، یانەی بەرشلۆنە بەنیازە بۆ مێرکاتۆی هاوینە گورزی خۆی لە بازاڕی گواستنەوەکاندا بوەشێنێت و چەند گرێبەستێکی گرانبەها ئیمزابکات، بە مانایەکی دیکە دەیەوێت یاریزانە گەورەکانی یانەکانی ئەوروپا پەلکێشی ریزەکانی قەڵای نیو کامپ بکات.

لە وەرزی نوێدا یانەی بەرشلۆنە دوو گرێبەستی ئیمزاکردووەو هەریەکە لە ئارسەر میلۆی لە یانەی گریمیۆی بەرازیلییەوە پەلکێشی ریزەکانی کردووەو بۆندێکی 5 ساڵی کە بڕەکەی 30 ملیۆن یۆرۆ بووە.

کەتەلۆنیەکان بەرلەوەی گرێبەستی ئارسەر میلۆ ئیمزا بکەن، کلین لیگنمێنتیای بەرگریکاری فەرەنسیان لە یانەی سێڤییاوە بەبۆندێک کە برەکەی 30 ملیۆن یۆرۆ بوو بۆ بلاوگرانا گواستەوەو هەر یەکێکیان جێگایەکی گەورەو گرنگ بۆ تیمەکەی ئیرنستۆ ڤالڤێردی راهێنەری یانەی بەرشلۆنە پڕدەکەنەوەو بۆ وەرزی نوێ دەتوانێت سوود لە تواناکانیان وەربگرن.

ئیدارەی بەرشلۆنە چاویان لە گرێبەستی سێیەمەو بۆ ئەو مەبەستە دەیانەوێت سوود لە تواناکانی ویلیانی بەرازیلی وەربگرن و لە ژێر چنگی یانەی چێڵسی لەندەنی دەریبهێنن، چونکە پێوستی زۆریان بەو یاریزانەی سەماکارانی سامبا هەیە لەبەرئەوەی لە پێکهاتەی ئەم وەرزەدا هەریەکە لە ئەندریاس ئینێستاو پاولینیۆی بەرازیلی نابیندرێن و هێڵی ناوەڕاستی ئەو یانەیە پێویستی بە یاریزانی ئاستبەرز و بەتوانا هەیە بۆ ئەوەی شوێنیان پڕبکەنەوە، ئینێستا بەهۆی هەڵکشانی تەمەنییەوە ریزەکانی بلاوگرانای لە کیشوەری ئەوروپاوە بەرەو ئاسیا بەجێهشتووەو لە یانەی فیسێل کۆبی ژاپۆنی پەرە بەژیانی وەرزشی خۆی دەدات و ئەزموونێکی نوێ تاقیدەکاتەوە.

پاولینۆش دوای یەک وەرز یاریییکردن خولی پلە یەکی ئیسپانیای بەرەو خولی چینی بەجێهێشت.

لە ئێستادا ئیدارەی کەتەلۆنییەکان فشاری زۆریان بۆ کۆتینیۆی بەرازیلی هێناوە بۆ ئەوەی بەهەر نرخێک بووە بچێتە بنکڵیشەی ویلیانی هاونیشتمانییەوەو لە چنگی شینپۆشەکانی لەندەنی دەربهێنێت و بۆ وەرزی نوێ درێسی سوورو شینەکانی یانەی سەربەخۆخوازەکانی پێ بپۆشێت.

هەموو ئەو هەوڵانەی یانەی بەرشلۆنە بۆ رکابەرییکردنی بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنس لیگە، چونکە لە وەرزی 2015ەوە یاریزانەکانی ئەو یانەیە نەیانتوانیوە ئەو نازناوە گەورەیەی سەر کیشوەری ئەوروپا بەرزبکەنەوەو مێژووەکەیان زیاتر زێڕین بکەن.

لەلایەکی دیکەوە یاریزانە دێرینەکان و هەواداران و چاودێرانی وەرزشی رەخنەی توندیان ئاڕاستەی بەرشلۆنە دەکرد کە ماوەی چوار ساڵە نەیانتوانیوە بەو هەموو ئەستێرەیەو دوای خەرجکردنی ئەو بڕە پارە زۆرە لە کڕینی یاریزاناندا، نازناوێکی دیکەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بەدەستبهێنن.

لەئێستادا ڤالڤێردی دەستی بە رێکخستنەوەی تیمەکەی کردووەو لە هەفتەی رابردووەوە ئەو راهێنەرە راهێنانە سەرەتاییەکانی لەگەڵ بەشێک لە یاریزانەکانی دەستپێکردووەتەوەو ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێ دەکات.



Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP