مانزۆکیچ بلیتی کرواتیای بۆ یاری کۆتایی بڕی

7/11/2018 11:50:00 PM 12437 جار خوێندراوەتەوە


خەندان سپۆرت- 

ماریۆ مانزۆکیچ بلیتی کرواتیای بۆ گەیشتن بە یاری کۆتایی مۆندیالی روسیا بڕی و خەونی 28 ساڵەی ئینگلیزەکانی بۆ گەیشتنەوە بە کۆتایی مۆندیال لەناوبرد. 

هەر لە سەرەتای گێمی یەکەم و بە دیاریکراوی لە خولەکی پێنج_ی یارییەکەدا ئینگلیزەکان باڵادەستی خۆیان نیشاندا و لە رێگەی  کیران تریپێر گۆڵی پێشکەوتنیان تۆمارکرد، گێمەکەش هەر بەو گۆڵە کۆتایی پێهات. 

گۆڵی بەرامبەری کرواتیا گێمی دووەم و لە خولەکی  68 ئیڤان بریچیتیچ تۆماریکرد و هیوایەکی گەورەی بۆ مۆدریچ و هاوڕێکانی گەڕاندەوە بۆ بڕینی بلیتی یاری کۆتایی. 

تا کۆتایی کاتی یاسایی یارییەکە بەو یەکسانبوونە مایەوەو داوەری یارییەکە پەنای بردە بەر خولەکی کاتی زیادکراو و هەردوو هەڵبژاردە بە سەختی هەوڵیاندەدا گۆڵ تۆماربکەن، لەم هەوڵەدا ماریۆ مانزۆکیچ سەرکەوتوو بوو کرواتیاک کردە خاوەنی گۆڵی دووەم و سەرکەوتن . 

گۆڵە زێڕینەکەی کرواتیا لە خولەکی 109 تۆمارکرا و هەر ئەم گۆڵەش کرواتیان گەیاندە یاری کۆتایی و هاری کەین و هاوڕێ ئینگلیزەکانی لە یاری کۆتایی دوورخستەوە. 

لە یاری کۆتایی کرواتیا رووبەڕووی فەرەنسا دەبێتەوە و ئینگلتەراش بەرامبەر بە بەلژیکا یاری دەکات و هەردوولا رکابەری بۆ بەدەستهێنانی پلەی سێیەمی دەکەن. 


نیشانەکردن :

#مۆندیالی_٢٠١٨

Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP