پێکانەکەی هازارد هەوادارانی هەڵبژاردەکەی نیگەران کردووە

6/12/2018 4:16:00 PM 1988 جار خوێندراوەتەوە


خەندان سپۆرت- 

ئیدن هازاردی ئەستێرەی بەلژیکا هەوادارانی هەڵبژاردەکەی دووچاری دڵەڕاوکێ کردووەو ترسی ئەوەیان هەیە بۆ یارییەکانی جامی جیهانی نەتوانێت یاریی بکات.

لە یارییەکی دۆستانەی نێودەوڵەتیدا شەوی رابردوو هەردوو هەڵبژاردەی بەلژیکاو کۆستاریکا رووبەڕووی یەکبوونەوە، بەڵام لە خولەکی 70ی تایمی دووەمدا ئیدن هازاردی ئەستێرەی یەکەمی ئەو هەڵبژاردەیە بەهۆی پێکانەوە یاریگای بەجێهێشت.

هازارد هەستی بە ئازارێکی کەم کردووەو لەبەر نزیکبوونەوەی یاریەکانی جامی جیهانی، راهێنەری بە ناچاری ئەو ئەستێرەیەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی چێڵسی لەندەنی هێنایە دەرەوەی یاریگاو لە شوێنیدا موسا دێمبڵی هێنایە نێو یاریگاوە.

لەدوای کۆتاییهاتنی یارییەکەش کە بەئەنجامی چوار گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک براوە بوون، رۆمیۆ لۆکاکۆی هێرشبەری بەلژیکا بۆ رۆژنامەی دەیلی ئێکسپرێس وتی "هەوادارانی هەڵبژاردەکەم دڵنیا دەکەمەوە کە هازارد پێکانەکەی مەترسیدار نییەو دەتوانێت بۆ یارییەکانی داهاتووی بەلژیکا لە مۆندیال یاریی بکات".



Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP