راپۆرت.. مێژووە زێڕینەکەی ئینێستا

4/24/2018 12:38:00 PM 8014 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت-

 

ئەندریاس ئینێستای ئیسپانی و یەکێک لە ئەستێرە دیارەکانی میژووی بەرشلۆنە، لە چەند رۆژی داهاتوودا بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات و باس لەوە دەکرێت ریزەکانی بلاوگرانا جێدەهێڵێت.

ئینێستای تەمەن 33 ساڵ لە هەگبەکەیدا زۆر کاری ناوازەو گەورە هەیەو لەمێژووی بەرشلۆنەو هەڵبژاردەی ماتادۆرەکانی ئیسپانیادا جێ پەنجەی دیارەو بەبێ ویست مێژوو لە یادی ناکات و ژیانی ئەو کوڕەی لاماسیا بە زێڕ دەنووسێتەوە.

ئینێستا لە قوتابخانە ئەزمووندارەکەی بەرشلۆنەوە پەروەردەی تۆپی پێ کراوەو ناوی لاماسیای هێندەی تر بە جیهان ناساندووە، بەجۆرێک دۆستەکانی و رکابەرەکانی ئیرەیی بەتواناکانی دەبەن و ناتوانن ستایشی ئەو رۆڵەی نەکەن کە لە یاریگادا دەیگێڕێت.

دوای کۆتاییهاتنی یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا کە ئینێستای کاپیتان جامەکەی بەرزی کردەوە، رایگەیاند کە لە چەند رۆژی داهاتوودا بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات و ریزەکانی سوور و شینەکان جێدەهێڵێت و چی دیکە هاوڕێی مێسی و ئەوانی دی نابێت لەنێو یاریگادا.

راپۆرتە هەواڵییەکانی ئیسپانیاو جیهان ئاشکرایانکردووە وێستگەی داهاتووی ئەو وێنەکێشەی کەتەلۆنییەکان خولی یانەکانی چین دەبێت و بەو مەبەستەش، یانە گەورەکانی ئەو وڵاتەی رۆژهەڵاتی ئاسیا مرخی خۆیان لەو ئەستێرەیەی هێڵی ناوەندی یاریگا خۆش کردووە.

ئینێستای تەمەن 33 ساڵ 31 نازناوی لەگەڵ بلاوگرانا بەدەستهێناوەو نزیکە لەوەی لە چەند هەفتەی دهاتوودا نازناوی خولی پلە یەکی ئیسپانیای ئەم وەرزە بەرزبکاتەوەو لەمێژوویدا نازناوی ژمارە 32 پێشکەشی مۆزەخانەکەی هەرێمی سەربەخۆخوازەکان بکات.

رۆژنامەکانی ئیسپانیا چەندین مانشێتی گەورەو سەرنجڕاکێشیان لەسەر ئەستێرە درەوشاوەکەی بەرشلۆنە نووسیوەو لەو نێوەندەدا رۆژنامەی ئاس ئەو کوڕەی لاماسیای بە رۆحی بەرشلۆنە ناوەزەد کردووە.

رۆژنامەی مارکای نزیک لە یانەی ریاڵ مەدریدیش بۆ ئینێستا نووسیویەتی "ئەو کۆتا ئیمپراتۆرە". لەلایەکی دیکەوە مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ بە دوو وشەی پڕمانا ستایشی دەکەن و نووسیویانە "ئینیستا پاڵەوانی هەتا هەتاییە".

جگەلە هەوادارانی یانەی بەرشلۆنە، کۆی ئیسپانیانیییەکان ئێنستایان خۆشدەوێت، چونکە لە مۆندیالی 2010ی باشووری ئەفەریقیاو لە یاریی کۆتاییدا بەرانبەر ئاشە هەواییەکانی هۆڵندا ئەو گەوهەرەی بلاوگرانا تۆڕی گۆڵی ئەو هەڵبژاردە پرتەقاڵییە دەهەژێنێت و ئیسپانیا دەکاتە خاوەنی یەکەم نازناوی جامی جیهانی. ئەمە جگەلەوەی دوو جار نازناوی جامی نەتەوەکانی ئەوروپای لەگەڵ ماتادۆرەکان لە ساڵەکانی 2008 و 2012 بەدەستهێناوە.

هەربۆیە لەو ساتەوە لە زۆرێک لە یاریگاکانداو لەکاتی ئاڵوگۆرکردنی بە یاریزانی دیکە، چەپڵەی وەفاو خۆشەویستی بۆ ئەو وێنە کێشەی کەتەلۆنییەکان لێدەدرێن، هەربۆیە لە وەسفیدا پیپ گواردیۆلای ئیسپانی دەڵێت، ئینێستا لەو یاریزانانەیە کە لە هەموو یاریگایەکدا رێزی لێدەنرێت و چەپڵەی بۆ لێدەدرێت.

دەربارەی ئینێستا..
لە ساڵی 1984 لە گوندێکی ئیسپانیا لەدایکبووە، لە تەمەنی هەشت ساڵیەوە رووی لە قوتابخانەی لاماسیا کردووەو لە ساڵی 2002 یەکەم یاریی بەدرێسی بەرشلۆنەوە بۆ تیمی یەکەمی ئەو یانەیە ئەنجامداوە.

ئەو ئەستێرە درەوشاوەیە لەگەڵ یانەی بەرشلۆنە هەشت نازناوی خولی پلە یەکی ئیسپانیای بەدەستهێناوەو نزیکە لە بەدەستهێنانی نازناوی نۆیەم، لە رکابەرییەکانی جامی شای ئیسپانیاشدا شەش جار ئەو جامەی بەرزکردووەتەوە.

لە جامی سوپەری ئیسپانیاشدا ئینێستا جێگە دەستی دیارەو خاوەنی حەوت نازناوەو سێ نازناوی جامی سوپەری ئەوروپاشی هەیە و سێ جار جامی جیهانی یانەکانیشی بۆ بلاوگرانا بەدەستهێناوە.

لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپاشدا مێژووەکەی بەزێڕ نووسیوەتەوەو چوار جار ئەو جامە گەورەیەی لە کیشوەرە پیرەکە بەرزکردووەتەوە.

دواجار ناوی ئینێستا لای کەتەلۆنییەکان بەگەورەیی دەمێنێتەوەو وەک ژمارەیەکی گەورە لە مێژووی تۆپی پێدا حسابی بۆ دەکرێت، بەڵام هەڵکشانی تەمەن فاکتەرێکە بۆ ئەوەی کوڕە کەتەلۆنییەکە شوێنەکەی بۆ یاریزانە لاوەکان جێبهێڵێت و بژاردەیەکی دیکە بەرجەستە بکات. 



Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP