هۆڵندا رێگەیان نەدا رۆناڵدۆ "شووت" لێبدات

3/27/2018 2:10:00 PM 9126 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت- راپۆرت

هەڵبژاردەی هۆڵندا سەرکەوتووبوون لە راگرتنی هەڵبژاردەی پۆرتوگال و تۆڕی گۆڵەکەیان بەخاوێنی هێشتەوە، سەرەڕای ئەوەش رێگەیان نەدا رۆناڵدۆی ئەستێرەی یەکەمی هەڵبژاردەکە هیچ لێدانێک بۆ چوارچێوەی گۆڵ ئاڕاستە بکات.

کریستیانۆ رۆناڵدۆی کاپیتانی هەڵبژاردەی پۆرتوگال، بەردەوام ترسی هەیە لەسەر تۆڕی هەڵبژاردەی رکابەرەکانی، بەجۆرێک هەموو گۆڵپارێز و بەرگریکارێک بەراورد بەهەر یاریزانێکی دیکە، حسابێکی تایبەت تری بۆ دەکەن و هەوڵی رێگریکردنی دەدەن، لە چەند ساڵی رابردوودا ئەوە بەدیکراوە، راگرتنی رۆناڵدۆ ئەرکێکی قورس بووەو بەردەوام هەوڵ و پلانەکانی تیمی بەرانبەری پووچەڵ کردووەتەوە، بەڵام شەوی رابردوو هۆڵندییەکان سەرکەوتووبوون لە جێبەجێکردنی پلانەکەیانداو وەک دەڵێن "ئاو و کارەبایان لە رۆناڵدۆ بڕیبوو".

ئاشە هەواییەکان بەئەنجامی سێ گۆڵی بێ بەرانبەر لە یارییەکی دۆستانەدا بردنەوەیان بەسەر پۆرتوگالدا بەدەستهێنا، لەدوای ئۆکتۆبەری ساڵی 1991ەوە بۆ یەکەمجارە هۆڵندا بردنەوە بەسەر پۆرتوگالدا تۆماردەکەن، لەدوای ئەنجامدانی 10 یاریی لەماوەی 27 ساڵدا، یەکەم سەرکەوتن بووە چارەنووسی ئەو هەڵبژاردەیەو گرێکوێرەکەی نێوانیانی کردەوە.

لە ساڵی 2018 هۆڵندا تاکە هەڵبژاردە بوو بەرگریکارانی سەرکەوتووبوون لە راگرتنی رۆناڵدۆ، جگەلەوەی نەیانهێشت گۆڵ تۆماربکارت، بەڵكو لەماوەی 68 خولەک یاریکردنی ئەو مووشەکەی مادێرادا، رێگرییان لێکرد هیچ تۆپێک و لێدانێک ئاڕاستەی چوارچێوەی گۆڵەکەیان بکات کە ئەمەش بۆ ئەستێرەیەکی وەک رۆناڵدۆ کە خاوەنی پێنج بالۆن دیۆرە بۆ باشترین یاریزانی جیهان، کارێکی قورسەو بووەتە جێی سەرنجی هەوادارانی.

لە یاریی رابردووی نێوان پۆرتوگال و میسر، بەرگریکارانی ئەسکەندەریە نزیکبوون لەوەی ئەو دەستکەوتە بەناوی خۆیانەوە لە 2018 بنووسنەوەو رێگریی بکەن لەوەی رۆناڵدۆ هیچ تۆپێک ئاڕاستەی گۆڵەکەی محەمەد شەناوی گۆڵپارێز بکات، بەڵام تاکو 92 خولەک ئەو هاوکێشەیە لەکاردا بووە لە خولەکەکانی 92 و 94دا دوو جار تۆڕی گۆڵی فیرعەونەکانی هەژاند و هاوکێشەکەی پێچەوانە کردەوە.

کریس لە کۆتا 12 یارییدا 23 گۆڵی تۆمارکردووە و لە 9 یارییاندا 19 گۆڵی تۆمارکردووە، لە حەوت رووبەرووبوونەوەیاندا سەرکەوتووبووە لە تۆمارکردنی دوو گۆڵدا.

هەڵبژاردەی پۆرتوگال لەدوای رووبەڕووبوونەوەکەی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە یارییەکانی مۆندیالی 2014 کە بەئەنجامی چوار گۆڵی بێوەڵام دووچاری شکست دەبن، یەکەمجارە رووبەڕووی دۆڕانێکی گەورەی لەو جۆرە دەبنەوە، لەلایەکی تریشەوە هەڵبژاردەی هۆڵندا لەدوای ساڵی 2013ەوە بۆ یەکەمجارە بردنەوەی بەئەنجامی گەورە بەدەستهێنابێت.



Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP