نهێنییەکی نێوان نێیمار و کۆمپانیای نایکی ئاشکرادەبێت

3/25/2018 10:52:00 AM 12676 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت- راپۆرت

نێیمار دا سیلڤای بەرازیلی، لەئێستادا رکابەری هەریەکە لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی دەکات، دەیەوێت نازناوی باشترین یاریزانی جیهان لە چنگ ئەو دوو زەبەلاحە دەربهێنێت کە هەریەکێکیان خاوەنی پێنج تۆپی ئاڵتوونییە.

نهێنییەکی نێوان نێیمار و کۆمپانیای نایکی ئاشکرا دەبێت کە کاری بەرهەمهێنانی کەلوپەلی وەرزشییە بەهەموو جۆرەکانیەوە، نێوان ئەو دووانە گرێبەستێکی ئاگرینەو چەند خاڵێك لەخۆی دەگرێت، لەنێویاندا ئەو پاداشتانەیە کە کوڕەکەی سامبا چاوەڕوانی دەکات وەریبگرێت.

نیمۆ رێکلام بۆ نایکی دەکات و ئەو کۆمپانیایەش لەسەر ئەوە رێککەوتووە ئەگەر ئەو هێرشبەرەی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی نازناوی بالۆن دیۆر کە دەدرێتە باشترین یاریزانی جیهان بەدەستبهێنێت، ئەوا بڕە پارەیەکی خەیاڵی لەلایەن نایکیەوە وەردەگرێت کە دەگاتە 720 هەزار پاوەندی ئیستەرلینی.

مێژووی ئەو گرێبەستە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2011، پاداشتەکانی نێیمار لەلایەن ئەو کۆمپانیا بەناوبانگەوە تەنها لە بەدەستهێنانی بالۆن دیۆردا خۆی نەبینیوەتەوە، بەڵکو نێیمار پاداشتێکی بەبڕی 36 هەزار پاوەندی ئیستەرلینی بۆ ئامادەکراوە ئەگەر ببێتە خاوەنی نازناوی جامی جیهانی.

ئەمەی دووەمیان ئەرکێکی قورسە، چونکە تائێستاش گومان لەسەر بەشداریکردنی نێیمار هەیە لە پێکهاتەکەی تیتی راهێنەری سەماکارانی سامبادا، چونکە بەهۆی پێکانێکی قورسەوە نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدراوەو رۆژەکانی دەبژێرێت بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە سەر چیمەنی یاریگاکان.

بۆندەکەی نێوان نێیمار و نایکی بەردەوامی هەیە، نێیمار گۆڵكارێکی بێوێنەیەو بەردەوام ترس لەسەر دڵی رکابەرەکانیدا دروستدەکات، تەنها بچووکترین هەلێک بەسە بۆ ئەوەی کوڕە بەرازیلییەکە تۆڕی گۆڵی بەرانبەرەکەی بەسەربکاتەوە، هەربۆیە ئەگەر ببێتە گۆڵکاری جامی جیهانی ئەوا بڕی 144 هەزار پاوەندی ئیستەرلینی وەک پاداشت وەردەگرێت.

هەندێک وای شیکار دەکەن، ئەستێرەکەی سامبا بەجۆرێک دەرکەوتووە نزیکە لەوەی خۆری مێسی و رۆناڵدۆ ئاوا بکات و هەموو نازناوە تاکە کەسییەکان لەچنگیان دەربهێنێت، کە ساڵانێکە مۆنۆپۆلیان کردووە.

قووڵبوونەوە لەسەر ئاییندەی نێیمار ئاڵۆزەو هەریە یەکێک لای خۆیەوە بەجۆرێک لێی دەڕوانن، زۆرێک لە شارەزایانی تۆپی پێ لە جیهاندا باس لەوە دەکەن نێیمار لەگەڵ یانەی بەرشلۆنە دەیتوانی باشتر دەستی بگات بە بەرزکردنەوەی تۆپی ئاڵتوونی، چونکە بەهۆی مێسیەوە دەیتوانی زۆر کاری تەواو نەکراو تەواو بکات.

لەلایەکی ترەوە بەشێکی تر لە شارەزایان رایەکی جیاوازتریان هەیەو دەڵێن ئامانجەکانی نێیمار بۆ بەدەستهێنانی تۆپی ئاڵتوونی بووە، کاتێک یانەی بەرشلۆنەی بەرەو باخچەی شازادەکان جێهێشتووە، چونکە تاکو ئەو کاتەی لەژێر چنگی مێسی نەیەتە دەرەوە ناتوانێت نازناوە گەورەکان بۆ خۆی بەکێش بکات.

پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە تاکو ماکینەی گۆڵەکانی مێسی و رۆناڵدۆ بەکاربێت، هیچ ئەستێرەیەکی تر دەتوانێت ببێتە خاوەنی تۆپی ئاڵتوونی؟ یاخود نێمار هەموو هاوکێشەکان پێچەوانە دەکاتەوەو دوای 10 ساڵ ناسنامەی بالۆن دیۆر لە پۆرتوگالییەکەو ئەرژەنتینییەکە وەردەگرێتەوە.



Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP