سوپەر هاتریکەکەی رۆناڵدۆ ژمارەکان هەڵدەداتەوە

3/19/2018 10:02:00 AM 17513 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت- راپۆرت

شەوی رابردوو یانەی ریاڵ مەدرید کلاسیکۆی لە جیرۆنا بردەوەو رۆناڵدۆ سوپەر هاتریکی تۆمارکرد، ئەوەش زۆرێک لە ژمارەکان لە ژیانی ئەو ئەستێرەیەدا نوێ دەکاتەوە.

لە یارییەکی هەفتەی 29ی خولی پلە یەکی ئیسپانیادا یانەی ریاڵ مەدرید میوانداری یانەی جیرۆنای کەتەلۆنی کرد و بە ئەنجامی 6-3 گۆڵ یارییەکەی نێوانیانی بردەوە.

کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی شاهانەییەکان لەو یارییەدا چوار گۆڵی تۆمارکرد و بەوەش ژمارەی سوپەر هاتریکەکانی لەگەڵ مێرەنگی و پۆرتوگالدا گەیاندە 7 سوپەر هاتریک.

ژمارەی گۆڵەکانی رۆناڵدۆ لە ریزبەندی گشتی لالیگادا، بوونە 22 گۆڵ و تەنها سێ گۆڵ جیاوازیانە لەگەڵ مێسی پێشەنگ، لەهەمانکاتدا دۆن بەجیاوازی گۆڵێک لە پێش لویس سوارێزی ئۆرۆگواییەوە.

ئەو یانانەی رۆناڵدۆ سوپەر هاتریکی بەرانبەر تۆمارکردوون پێکهاتوون لە "سانتاندێر، سێڤییا، ئاڵچی، مالمۆی سویدی، سێڵتفایگۆ و ئەندۆراو دواهەمینیشیان جیرۆنایە".

ئەو ئەستێرەیەی مێرەنگییەکان تائێستا دوو جاریش بەرانبەر یانەکانی گراناداو ئیسپانیۆل پێنج گۆڵی تۆمارکردووە، لەلایەکی تریشەوە لە ژیانی وەرزشی خۆیدا 49 هاتریکی تۆمارکردووە.

بەتۆمارکردنی 22 گۆڵ لەم وەرزەی لالیگادا رۆناڵدۆ توانی ژمارەیەکی پێوانەیی تیلمۆ زارای ئەستێرەی پێشووی یانەی ئەتلەتیک بلباو بشکێنێت کە لە 9 وەرزی لەسەر یەکی لالیگادا 20 گۆڵ یان زیاتری تۆمارکردووە.

تادێت ژمارەکانی رۆناڵدۆ زێڕین تر دەبن و شەوی رابردوو توانی محەمەد سەڵاحی ئەستێرەی یانەی لیڤەرپوڵیش تێبپەڕێنێت کە خاوەنی 36 گۆڵ بوو لەسەرجەم پاڵەوانیتییەکانی ئەوروپادا، بەڵام رۆناڵدۆ جێگای پێ لێژ کرد و ژمارەی گۆڵەکانی لەم وەرزەدا گەیاندە 37 گۆڵ کە 22 گۆڵیان لە خولی پلە یەکی ئیسپانیادا تۆماریکردووە، بەڵام ئەوەی یەکەم 28 گۆڵیانی لە پرێمەرلیگدا تۆمارکردووە.

مووشەکەکەی مادێرا لە رکابەرییەکانی چامپیۆنس لیگدا هەر خۆی پادشایەو 117 گۆڵی لە مێژووی ئەو پاڵەوانێتییەدا تۆمارکردووەو لە چڵەپۆپەی گۆڵکاراندایە، لە وەرزی ئەمساڵیشدا 12 گۆڵی هەیەو پلەی پێشەوەی ریزبەندییەکەی گرتووە.



Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP