"مێسی و 1 و 50 و 100"

3/18/2018 9:55:00 AM 8496 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت- راپۆرت

هەگبەکەی مێسی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپادا 100 گۆڵ لەخۆی دەگرێت، دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو، دوو جار تۆڕی گۆڵەکەی یانەی چێڵسی هەژاند، ژمارەکان هاتنەوە بەرباس.

هەمیشە ژمارەکانی دەستپێک و رێکبوونەوە سەرنجڕاکێشن، کاتێک یاریزانێک گۆڵی یەکان یان دەیان تۆماردەکات، دەبێتە جێی باس و ئەگەر بە هەواڵێکی کورتیش بێت راگەیاندنەکانی جیهان گرنگی پێدەدەن، بەڵام 100 گۆڵەکەی مێسی لە چامپیۆنس لیگ، بە سێ قۆناغدا تێپەڕیکردووە.

یەکەم گۆڵی مێسی لە چامپیۆنس لیگ بەرانبەر یانەی پاناسیناکۆسی یۆنانی بووە لە ساڵی 2005.

گۆڵی ژمارە 50ی مێسی بەرانبەر یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی بووەو مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2012.

کوڕەکەی تانگۆ لە خانەی دەیاندا، گۆڵی ژمارە 100ی بەرانبەر یانەی چێڵسی تۆمارکردووەو مێژووەکەی نزیکەو ئەمساڵ 2018 لە قۆناغی 16دا تۆماریکرد.

ئەوەی لەو داتایەدا بۆمان روون دەبێتەوە، ئاست و توانای لیۆنێل مێسی ئەرژەنتینیە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکانی سەر گۆڕەپانی کیشوەرە پیرەکە، بەجۆرێک ئاستێکی جێگیری هەیەو ناگۆڕدرێت.

گۆڵی ژمارە یەک تاکو گۆڵی ژمارە 50 مێژووی نێوانیان حەوت ساڵە، لەلایەکی ترەوە گۆڵی ژمارە 50 تاکو گۆڵی ژمارە 100 مێژووی نێوانیان شەش ساڵە، ئەوەش بۆمان رووندەکاتەوە ئەو کوڕە ئەرژەنتینییە تاکو دێت ئاستی بەرزتر دەبێتەوەو ئەسپی خۆی زیاتر تاو دەدات و خزمەتەکانی بۆ یانەی بەرشلۆنە زیاتر دەبن.

شێوازی تۆمارکردنی ئەو 100 گۆڵەی لیۆ لە چامپیۆنس لیگ:
چوار گۆڵی لەڕێگەی سەرەوە تۆمارکردووە.
 15 گۆڵی لەڕێگەی قاچی راستەوە تۆمارکردووە.
81 گۆڵی لەڕێگەی قاچی چەپەوە تۆمارکردووە.

ئەو داتایە تاکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە دروستە، چونکە لیۆ یاریی تر و رووبەڕووبوونەوەی تری لەبەردەمدا ماوە، تۆمارکردنی گۆڵی زیاتر چاوەڕوانی دەکات، چونکە لەم وەرزەدا یانەکەی خۆی گەیاندووەتە یارییەکانی قۆناغی هەشتی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا.

لەدوای کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی و ئەستێرەی یەکەمی یانەی ریاڵ مەدرید کە خاوەنی 117 گۆڵە لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، مێسی بە دووەم گۆڵکاری مێژوویی ئەو پاڵەوانێتییە هەژمار دەکرێت.



Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP