ئەستێرەیەکی پێشووی ماتادۆرەکان و بەرشلۆنە کۆچی دوایی کرد

2/28/2018 10:06:00 AM 13289 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت-

دەزگاکانی راگەیاندندن لە ئیسپانیا ئاشکرایانکرد دوێنێ سێشەممە ئەستێرەیەکی پێشووی هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە تەمەنی 69 ساڵیدا بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لە زێدی خۆی لەشاری خیخۆنی باکووری ئەو وڵاتە کۆچی دوایی کرد.

کوینی لەکاتی یارییکردنیدا یەکێکبووە لە هێرشبەرە ئاستبەرزەکانی ئیسپانیا، لەکۆی ئەنجامدانی 443 یاریی بۆ یانەی خیخۆن 231 گۆڵی تۆمارکردووە، بەدرێسی یانەی بەرشلۆنەشەوە 54 گۆڵی لە 100 یارییدا تۆمارکردووە.

 ئەو هێرشبەرە کۆچکردووە لەمێژووی یارییکردنیدا پێنج جار نازناوی گۆڵکاری ئیسپانیای بەدەستهێناوە لە ساڵەکانی 1974-1982 کە ئەو دەستکەوتەی لە مێسی و رۆناڵدۆ زیاترە، 35 یاریی بەدرێسی ماتادۆرەکانی ئیسپانیاوە ئەنجامداوە لە جامی جیهانی 1978 و 1982دا بەشداریکردووە.

لە ساڵی 1981دا بەزەبری چەک رووبەڕووی فڕاندن دەبێتەوە، هۆکارەکەش لەبەرئەوە بووە لە یارییەکدا کاتێک بەرشلۆنە بە ئەنجامی 6-0 لە یانەی ئێرکۆلیس دەباتەوە، کوینی دوو گۆڵ تۆماردەکات و سەرکردایەتی بردنەوەکە دەکات، ئەو چەند کەسە بۆ ماوەی 25 رۆژ کوینی دەستبەسەر دەکەن و بەبێ ئەوەی هیچ ئازارێکیان دابێت ئازادی دەکەن.

هەر لەو ساڵەدا کوینی یاریی کۆتایی لەگەڵ یانەی بەرشلۆنە لەدژی یانەی خیخۆن دەکات و دوو گۆڵ تۆماردەکات و نازناوەکە بەرزدەکاتەوە.



Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP