سانچێز ئەو شەوە ئاشکرا دەکات مێسی تێیدا بەکوڵ گریاوە

2/13/2018 4:32:00 PM 39246 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان سپۆرت-

ئەلێکس سانچێزی چیلـلی و ئەستێرەی یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی باس لەو رۆژە دەکات کە لیۆنێل مێسی ئەرژەنتینی و گۆڵکاری یانەی بەرشلۆنە بەکوڵ تێیدا گریاوە.

سانچێز باسی یەکێک لە یارییەکانی قۆناغی نیوەی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا دەکات کە ئەوکات درێسی یانەی بەرشلۆنەی پۆشیوەو بەرانبەر یانەی چێڵسی لەندەنی شکستیان هێناوە، مێژووی ئەو یارییە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2012.

سانچێزی تەمەن 29 ساڵ لە چاوپێکەوتنێکیدا لە بەرنامەی تێری هێنری فەرەنسی لە کەناڵی سکای سپۆرت میوان بووەو دەڵێت "ئەو شەوەی یانەی بەرشلۆنە لەسەر دەستی یانەی چێڵسی لەندەنی لە قۆناغی نیوەی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا کرایە دەرەوە، دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە مێسی ئەرژەنتینی بەکوڵ فرمێسکەکانی دەڕشت و دەگریا".

لەو یارییەدا یانەی بەرشلۆنە بە ئەنجامی 2-2 بەرانبەر یانەی چێڵسی یەکسان دەبێت، بەڵام لە یاریی چووندا یانەی کەتەلۆنییەکە لەسەر یاریگای ستامفۆردبریدج بە ئەنجامی گۆڵێکی بێ بەرانبەر یارییەکەی بردبووەوە هەربۆیە ماڵئاوایی لە نازناوەکە کرد، لە ئەنجامی 2-1ی یارییەکەدا یانەی بەرشلۆنە لەپێش دەبێت، داوەر لێدانێکی سزا بۆ یانەی بەرشلۆنە هەژماردەکات، بەڵام لیۆ مێسی سەرکەوتوو نابێت لە جێبەجێکردنیدا و لە خولەکەکانی کۆتایی یارییەکدا شینپۆشەکان گۆڵی یەکسانبوونەوە تۆماردەکەنەوە.

سانچێز باس لەوە دەکات کوڕە ئەرژەنتینییەکە لەژووری جلگۆڕیندا بەکوڵ دەگری و وەک ئەوەی گەورەترین کارەساتی لە ژیانیدا بەسەرهاتبێت.

لەکۆتاییدا ئەو هێرشبەرەی پێشووی یانەی بەرشلۆنە وتی "بڕوام وایە تۆپی پێ زۆر کاری گەورە پێشکەشی یاریزانان دەکات، بەڵام خەڵکی قەبارەی ئەو نەهامەتیانەش نازانن کە یاریزانانی تۆپی پێ لەگەڵیدا دەژین و لەپشتی کامێراکانەوەیە".



Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP