رۆناڵدۆ: ئەوەی 10 ساڵ لەمەوبەر کردوومە ئێستا ناتوانم ئەنجامی بدەم

2/7/2018 12:36:00 PM 11378 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان سپۆرت-

کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی و ئەستێرەی یەکەی یانەی ریاڵ مەدرید هاوشانی منداڵەکانی و کچە هاوڕێکەی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ گۆڤارێکی تایبەت بە مۆدێلات، چەند نهێنییەکی ژیانی دەخاتەڕوو.

لە بەشێکی چاوپێکەوتنەکەیەدا کریستیانۆ رۆناڵدۆ باس لەوە دەکات لە ئێستادا بەباشترین کاتەکانیدا لەڕووی کەسایەتی و لەڕووی وەرزشییەوە گوزەر دەکات و پلانی ئەوەشی هەیە داهاتووی منداڵەکانی بنیات بنێت.

دۆنی پۆرتوگالی بۆ گۆڤاری جی کیوی ئیتاڵی دەڵێت "من پیاوێکی چانسدارم کە هاوشان لەگەڵ خۆشەویستەکانمدا دەژیم، لەسەر ئاستی کەسایەتیشم زۆر ئاسوودەم، بەتایبەت لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا زۆرترین نازناوەکانم لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەم و یانەکەمدا کۆکردەوەو هەست بەتواناکانم دەکەم لەوپەڕی بەهێزیدا بووە".

مووشەکەکی مادێرا لەلایەکی ترەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە هەوڵدەدات لە 100% ئامادەکاری بۆ ئاست و تواناکانی بکات، بەڵام رایگەیادووە ئەوەی لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا لەتوانایدا بووەو کردوویەتی ئێستا ناتوانێت ئەوە بۆ تۆپی پێ بکات، بەڵام دەبێت قوربانی بدات و بۆ ئەوەی بگاتەوە بە ئاستێکی بەرز و باڵانس لەنێوان جەستەی و تەمەنیدا رابگرێت هەوڵ و ماندووبوونی دەوێت.

لەگەڵ دەستپێکردنەوەی وەرزی نوێی رکابەرییەکانی خولە بەهێزەکانی ئەوروپا، کریستیانۆ رۆناڵدۆ رووبەڕووی رەخنەو توانجی توند بووەتەوە، چونکە یانەکەی بەبارێکی خراپدا گوزەردەکات و لە خولی ئیسپانیا پلەی چوارەمی گرتووەو لە جامی شای ئیسپانیاش شاهانەییەکان ماڵئاواییان کردووە.



Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP