رۆناڵدۆ لەدایکبوونی خۆی پشتگوێخست

2/5/2018 3:04:00 PM 8078 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت-

ئەمڕۆ دووشەممە کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی و ئەستێرەی یانەی ریاڵ مەدرید تەمەنی بووە 33 ساڵ، بەڵام یادی لەدایکبوونەکەی لەشێوەی ئاهەنگی گەورەدا وەک ساڵانی رابردوو خۆی نەبینیەوە.

رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی لە هەواڵێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە ئەستێرەی یەکەمی یانەی شاهانە ئەمساڵ گرنگی بە ئاهەنگی یادی لەدایکبوونەکەی نەداو وەک پێویست یادی ئەو بۆنەیەی ژیانی نەکردەوە، تەنها هۆکاریش دابەزینی ئاستیەتی کە لەم وەرزی ئەمساڵدا وەک پێویست نییەو نەیتوانیوە رێژەیەکی زۆر لە گۆڵ تۆماربکات.

هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوە کردووە دۆنی پۆرتوگالی لە یاریی رابردووی ئەم هەفتەیەیاندا تووڕەبوون بەرۆکی پێگرتووە دوای ئەوەی بەئەنجامی 2-2 بەرانبەر یانەی لیڤانتی مێرەنگییەکان یەکسانبوونیان هەڵبژارد.

ئەمڕۆش هاوکاتە لەگەڵ یادی لەدایکبوونی نێیمار دا سیلڤای ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، بەڵام ئەستێرە بەرازیلییەکە شەوە ئاهەنگێکی لە هۆڵێکی گەورەی شاری پاریسدا ئەنجامداوەو دەیان کەس لە نزیک و هاوڕێکانی بانگهێشتکردووە بەپێچەوانەی رۆناڵدۆی پۆرتوگالییەوە.



Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP