وردەکاری تیروپشکی مۆندیالی 2018ی روسیا

11/24/2017 8:02:00 PM 17811 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت –  بێوەی ئەحمەد

هه‌ینی داهاتوو تیروپشکی قۆناغی کۆمەڵەکانی مۆندیالی 2018ی روسیا رادەکێشرێت، هاندەران و هەوادارانی تۆپی پێ-ش لە ئێستاوە چاوەڕێی ئەو رۆژە دەکەن و هەریەکە و بەجۆرێک خواستی خۆی بۆ ئەو کۆمەڵەیە دیاریدەکات ، کە هەڵبژاردە خوازراوەکەی یاریی تێدا دەکات.

لەسەرانسەری دوونیاوە یارییەکانی پاڵاوتنی گەیشتن بەمۆندیال کۆتایی هاتووەو 32 هەڵبژاردەش دوای ململانێیەکی توندو درێژخایەن توانیویانە بلیتی گەیشتن بەو مۆندیالە بەدەستبهێنن.

تیروپشکی قۆناغی کۆمەڵەکانی مۆندیالی 2018 کاتژمێر (6)ی ئێوارەی رۆژی هەینی داهاتوو دەبێت و تیروپشکەکە لەکۆشکی کرملین و بەبەشداری چەندین گەورە کەسایەتی و دەزگای میدیایی بەرێوەدەچێت.

مەراسیمی راکێشانی تیروپشکەکە بۆ سەرجەم جیهان پەخش دەکرێت و چەناڵی یەکێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتیش لەسەر تۆڕی یوتیوب راستەوخۆ مەراسیمەکە دەگوێزێتەوە.

گاری لینیکەری ئەستێرەی پێشووی ئینگلیزی و خانمە رۆژنامەنوسی وەرزشی روسی (ماریا کۆماندنایا) مەراسیمەکە بەرێوەدەبەن.

لەمەراسیمی راکێشانی تیروپشکەکەشدا هەریەکە لە میرۆسلاڤ کلۆزەی ئەڵمانی و لۆران بلانی فەرەنسی و فابیۆ کاناڤارۆی ئیتاڵی و دیگۆ فۆرلانی ئۆرۆگوایی و چەندین ئەستێرەی دیکە بەشدار دەبن.

32 هەڵبژاردە بەشدارەکە بەسەر هەشت کۆمەڵەدا دابەش دەکرێن و جگە لەهەڵبژاردەکانی کیشوەری ئەوروپا، رێگا نادرێن دوو هەڵبژاردەی هیچ کیشوەرێک لەکۆمەڵەیەکدا کۆبکرێنەوە.

ئەو 32 هەڵبژاردەیەی بۆ مۆندیال سەرکەوتوون بەسەر چوار ئاستدا دابەش کراون:

ئاستی یەکەم :
روسیا، ئەڵمانیا، بەرازیل، پرتوگال، ئەرژەنتین، بەلژیکا، پۆڵەندا، فەرەنسا.

ئاستی دووەم:
ئیسپانیا، پیرۆ، سویسرا، ئینگلتەرا، کۆڵۆمبیا، مەکسیک، ئۆرۆگوای، کرواتیا.

ئاستی سێیەم:
دانیمارک، ئایسلەندا، کۆستاریکا، سوید، تونس، میسر، سەنیگال، ئیران.

ئاستی چوارەم:
سڕبیا، نەیجیریا، ئوسترالیا، ژاپۆن، مەغریب، پەنەما، کۆریای باشور، سعودیە.

یارییەکانی مۆندیالی روسیا رۆژی 14/6/2018 دەستپێدەکات و رۆژی 15/7/2018 یاریی کۆتایی پاڵەوانێتیەکە بەرێوەدەچێت.

جامی جیهانی تۆپی پێ چوار ساڵ جارێک بەرێوەدەچێت و بەخۆشترین و بەهێزترین پاڵەوانێتی لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت، هەڵبژاردەی بەرازیلیش تاکە هەڵبژاردەیە بەشداری سەرجەم مۆندیالەکانی کردبێت و خۆری ئەو هەڵبژاردەیە هەرگیز لەمۆندیالەکاندا ئاوا نەبووە.



Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP